هەرێم پارەی لە بەغدادوە پێگەشت و سبەی موچەی 3 وەزارەت دابەش دەكرێت


ژیان: 
سبەی موچەی وەزارەتەكانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و سامانە سروشتییەكان و ئەوقاف و كاروباری ئایینی دابەشدەكرێت ئەوەش دوای گەیشتنی پارەی موچە لەلایەن حكومەتی عێراقیەوە.

 سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند:  سبەی دووشەممە موچەی هەریەك لە  وەزارەتەكانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و سامانە سروشتییەكان و ئەوقاف و كاروباری ئاینی دابەشدەكرێت.

ئەو موچەیەی ئێستا دابەش دەكرێت موچەی مانگی ئازاری ئەمساڵە، پێشتریش هەریەكە لە وەزیری دارایی عێراق و ژمارەیەك پەرلەمانتار رایان گەیاندبوو كە موچەی تەواوی هەرێمیان رەوانە كردووە. 

سەرچاوەكەی ژیان لە وەزارەتی دارایی ئەوەی ئاشكرا كرد كە بڕی 522ملیار دینار خراوەتە سەر هەژماری بانكی هەرێمی كوردستان، پێشبینیشی كرد بۆ لەمەودوا دابەشكردنی موچەی وەزارەتەكان خێرایی بەخۆیەوە ببینێت.