موقتەدا سەدر داوای بڕینی كارەبای بەرپرسەكان دەكات

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر

ژیان: 
رێبەری رەوتی سەدر داوا دەكات كارەبا لە ناوچەی سەوز لە بەغداد ببڕدرێت بۆ ئەوەی بەرپرسەكان لە نەهامەتی خەڵكی تێبگەن و دەشڵێت باشكردنی كارەبا لە مانگی 10 گاڵتە كردنە بە خەڵكی. 

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، رایگەیاند: باشتركردنی كارەبا لە مانگی 10دا وەك ئەو قسەیە وابوو كە دەیانوت عێراق كارەبای زیادەی خۆی هەناردەی دەرەوەی وڵات دەكات.

ناوبراو لە تویتێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر دەشڵێت: ئەو قسەیە گاڵتە كردنە بە گەلی عێراق و وادەزانن بەو قسانە دەنگی گەل لە گەرمای هاویندا كپ دەكەن.

رێبەری رەوتی سەدر لە تویتەكەیدا 10 خاڵی بۆ باشكردنی رەوشی كارەبای عێراق كردووە و كە تیایاندا داوا دەكات كارەبا لە ناوچەی سەوز ببڕدرێت بۆ ئەوە بەرپرسەكان هەست بە نەهامەتی خەڵكی بكەن.