نەزمی حەزوری بۆ ژیان: بەدوای راستی پەیوەندی نێوان بەرپرسانی هەرێم‌و ئیسرائیل ناگەڕێم

نەزمی حەزوری، كونسوڵی گشتی فەڵەستین لە هەرێمی كوردستان

ژیان: هێما چۆمانی

نەزمی حەزوری، كونسوڵی گشتی فەڵەستین لە هەرێمی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی ژیان دەڵێت، بەدوای راستی پەیوەندی نێوان بەرپرسانی هەرێم‌و ئیسرائیل ناگەڕێم، بەڵام مەسعود بارزانی‌و خوالێخۆشبوو جەلال تاڵەبانی‌و خەڵكی كوردستان‌و حزبە كوردییەكان بە گشتی هەمیشە هەڵوێستی لایەنگیریان پیشانداوە بۆ خەڵكی فەڵەستین 

ژیان: ماوەیەكە قسە لەسەر ئاسایكردنەوەی پەیوەندی بەشێك لە وڵاتانی عەرەبی‌و بەتایبەت كەنداو دەكرێت لەگەڵ ئیسرائیل زانیاری جەنابت لەم بارەوە؟ 

نەزمی حەزوری: بێگومان هەوڵی زۆر هەیە لەلایەن ئیسرائیلی داگیركار بۆ ئەوەی پەیوەندیەكانی خۆی درێژە پێبدات لەگەڵ بەشێك لە وڵاتانی عەرەبی، ئەمەش بە مەبەستی ئەوەی بوونی خۆی لەو ناوچەیە بە ئاسایی پیشان بدات بە فراوانكردنی پەیوەندییەكانی، ئەو جۆرە پەیوەندیانەشی ناو دەنێت پەیوەندی دراوسێیەتی، بەڵام ئەمە هاودژە لەگەڵ ململانێی عەرەبی - ئیسرایلی  بە گشتی‌و ململانێی فەڵەسەتینی- ئیسرائیلی بەتایبەت، بەڵام هەندێ بەرزفەتكار‌و رێوشوێن هەن، جۆری پەیوەندی نێوان عەرەب‌و ئیسرائیل،  فەڵەستین‌و ئیسرایل دەستنیشان دەكات.

كوردەكانی پێماندەڵێن، رۆژێك دێت قودستان بۆ رزگار دەكەین، ئەمە زۆر سەرنجی راكێشاوم

ئەو جۆرە پەیوەندیانەی هەر وڵاتەكی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل‌و پێچەوانەكەی وابەستەن بەو بڕیارانەی كە لە لوتكەی عەرەبی دەركران سەبارەت بە پەیوەندی عەرەب‌و ئیسرائیل، كە هەمیشە لە تێكڕای لوتكە عەرەبیە یەك لە دوای یەكەكاندا بەڕونی جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە كە نابێت پەیوەندی لەگەڵ ئیسرایل دابنرێت تا ئەو كاتەی ئاشتی‌و ئاشتەوای‌و مافەكانی فەڵەستین دێتەدی، لەگەڵ بوونی دەوڵەتی فەڵەستینی سەربەخۆ، لێرەوە رایدەگەیەنین ئێمە وەكو فەڵەستین‌و رێكخراوی ئازادیخوازی فەڵەستین پابەندی ئەو بریارانەین كە لە لوتكەی بەیروتی ساڵی 2000 دەرچون‌و پێی دەوترێت دەستپێشخەریەكەی مەلیك عەبدوڵا، كە لەخاڵە سەرەتاییەكانی دەڵێت "دەبێت بۆ یەكەمجار دەوڵەتی فەڵەستین پێكبهێنرێت‌و ئیسرایلیش دان بەو دەوڵەتە بنێت، دواتر لە بەندی پێنج باس لە ئاساییبوونی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل دەكات،  هەر پەیوەندی بەستنێكیش لەگەڵ ئیسرایل بەدەر لەو بڕیارانەی لوتكەی عەرەبی ساڵی 2000 بە ئاراستەیەكی ناڕاست، دەبێت  ئیسڕائیل ئەوە بزانێت ئاشتەوای لە ناوچەكە نابێت تا ئەوكاتەی مافەكانی فەڵەستین‌و فەڵەستینیەكان نەیەتەدی ئەویش بە پێكهێنانی دەوڵەتێكی فەڵەستینی سەربەخۆ كە پایتەختەكەی قودس بێت.  

ژیان: بۆچی بەشێك لە وڵاتانی عەرەبی‌و كەنداو پابەند نابن بەو بڕیارانەی لوتكەی بەیروتی ساڵی 2000؟

نەزمی حەزوری: ئێمە هیوا دەخوازین بۆ وڵاتانی عەرەبی‌و وڵاتانی كەنداو پابەند بن بە بڕیارەكانی لوتكەی عەرەبی، هەروەها هەڵنەستن بە ئاسایكردنەوەی پەیوەندیەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل تا ئەوكاتەی ئیسرائیل دان بە بوونی فەڵەستینێكی سەربەخۆ دەنێت، كە لێرە‌و لەوێیش لەلایەن هەر وڵاتێك بەدی دەكرێت‌و پابەندی ئەوە نابن بێگومان ئەمە بە شێوازێكی فەرمی لەلایەن دەسەڵاتی فەڵەستینی رای خۆمان دەردەبرین بەرانبەر بە پەیوەندیە‌و ئاراستەی پەیوەندیەكە، ئێمە بە پەرۆشین‌و بانگەشە دەكەین هیچ جۆرە پەیوەندیەك ئاسایی نەكرێتەوە لەگەڵ داگیركار تا ئەوكاتەی مافە نەتەوەیە رێگا پێدراوەكانی خەڵكی فەڵەستین نەیەتەدی. دەبێت ئەوە بزانین داگیركردنی فەڵەستین لەلایەن ئیسرائیلییەكان تەنیا دوژمنكاری نییە بەرامبەر فەڵەستین، بەڵكو داگیركارییە بەرامبەر هەموو عەرەب‌و بەتەنیا ئێمە نەكراوینە ئامانج. 

ژیان: دەنگۆی سەردانی چەند بەرپرسێكی عێراق هەیە بۆ ئیسرایل كە ماوەیەكە بۆتە قسە‌و باس لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان‌و بەشێكی میدیاكانی ناوەوە‌و دەرەوە ئەوە تا چەند راستە؟ 

نەزمی حەزوری: ئێمە هیچ زانیاریەكمان نییە لە بارەی ئەو سەردانە، بەڵام گوێبیستی ئەوە بووین كە پەرلەمانی عێراق‌و حكومەتی عێراق لە قۆناغی ئەوە دان بەدواداچوون بكەن بۆ ڕاستی‌و دروستی ئەم بابەتە، ئەم بابەتە پەیوەستە بە عێراق‌و كارێكی فەرمییە بۆ عێراقییەكان، بەڵام حكومەتی ناوەندی‌و پەرلەمانی عێراقی هەڵوێستێكی روونیان هەیە سەبارەت بە نەبوونی هیچ پەیوەندیەك لەگەڵ ئیسرائیل، هەر ئەو لایەنانەش وەكو پەرلەمان‌و حكومەت پێویستە وردبینی بكەن لە بارەی ئەو ناوانەی كە گوایە سەردانی ئیسرائیلیان كردووە، ئێمە ناتوانین پشت ببەستین بە سەرچاوەی هەواڵی یەهودی، بەڵكو دەبێت سەرچاوەكە لە لایەنێكی فەرمی عێراق بێت.

لەبڕیارەكانی لوتكەی عەرەبی ئاماژە بەوەكراوە كە نابێت هیچ وڵاتێكی عەرەبی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرایل دابنێت تا ئەو كاتەی ئاشتی‌و ئاشتەوای‌و مافەكانی فەڵەستین دێتەدی

ژیان: ئەی سەبارەت بە هەرێم، پێتانوایە هیچ پەیوەندییەكی فەرمی هەبێت لە نێوان هەرێمی كوردستان‌و ئیسرائیل؟ 
نەزمی حەزوری: بەردەوام ئەم پرسیارەم لێ دەكرێت، بەڵام من وەك خۆم بەدوای ئەوەدا ناگەڕێم من لێرە نوێنەرایەتی وڵاتی خۆم دەكەم، ئەوەی لە هەرێمی كوردستان گوێ بیستی دەبین‌و دەیزانین سەرۆك مەسعود بارزانی‌و خوالێخۆشبوو جەلال تاڵەبانی‌و خەڵكی كوردستان‌و حزبە كوردییەكان بە گشتی هەمیشە هەڵوێستی لایەنگیریان پیشانداوە بۆ خەڵكی فەڵەستین، ئەوەی كە دەتوانین دووپاتی بكەینەوە ئەوەیە كە پەیوەندیەكی باش‌و پتەو لە نێوانی هەر یەك لە نەتەوەی كورد‌و فەڵەستین هەیە، بەردەوام پەرۆشی هەیە بۆئەوەی پارێزگاری لەو پەیوەندییە بكرێت‌و بەردەوام سەركردە كوردییەكان پەرۆشی خۆیان نیشان دەدەن لەسەر ئەوەی كە مافەكانی فەڵەستین‌و فەڵەستینیەكان بێتەدی.  

ژیان:چ شتێك لە كوردستان زیاتر سەرنجی راكێشاوی؟

نەزمی حەزوری: ئەوەی بە گشتی سەرنجی منی راكێشاوە، یەكەمیان خۆشەویستی خەڵكی كوردستان بۆ فەڵەستین ‌و زۆر بە پەرۆشن بۆ هێنانەدی مافەكانمان، زۆرجار گوێبیستی ئەوە دەبین‌و كوردەكان پێمان دەڵێن كە رۆژێك دادێت سەڵاحەددینێكی دیكە دێتەوە‌و قودستان بۆ ئازاد دەكات ئەمە جێگەی خۆشحاڵی ئێمەو نیشاندانی هاوخەمی برا كوردەكانە، لایەنێكی دیكە هەیە كە سەرنجی راكێشاێم ئەویش هەبوونی سەقامگیری‌و ئاسایش جیاواز لە زۆربەی وڵاتانی دەوروبەری، هەروەها دەمەوێ ئاماژەش بۆ ئەوە بكەم لەئێستادا (7) وڵاتی عەرەبی كونسوڵخانەی خۆیان لە هەولێردا كردۆتەوە، هەموو ئەمانە گرنگی پێگەی كوردستان لای ولاتانی عەرەبی نیشان دەدات.

ژیان: تێڕِوانینی فەڵەستینیەكان چۆنە بەرامبەر بە سەربەخۆیی كوردستان؟ 

نەزمی حەزوری: تێگەیشتنێكی هاوبەش هەیە لە نێوان دۆزی كورد‌و دۆزی فەڵەستین لە ئێستادا نازانین چ تێروانینێكمان هەبێت، لەبەرئەوەی كوردستان رازی بوو بە بەشداریكردن لە حكومەتی ناوەندی‌و بچێتە ژێر دەستی حكومەتی عێراقی‌و بەندەكانی دەستوور، هەروەها رازی بوو لەسەر بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی ئەویش بە هەڵپەساردنی راپرسیەكە.

ئێمە پێشبینیمان دەكرد ترەمپ نۆبڵی ئاشتی وەربگرێت‌و لەسەردەمی ئەودا ئاشتی بەرقەرار بێت كێشەی فەڵەستین‌و ئیسرائیل چارەسەر بكات

لە ئێستادا هەرێمی كوردستان بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێت‌و حكومەتی هەرێم چووە ناو پرۆسەی سیاسی راستەوخۆی عێراق، بینمان بەشداری هەڵبژاردنە پەرلەمانیەیكانی عێراقتان كرد‌و چوونە ناو جەنگی سەرۆكایەتی كۆمار، دەكرێت بڵێین ئەمڕۆ قسەكردن بەو ئاراستەیە كە لەگەڵ عێراقدا بن‌و دەبینین خەڵكی كورد بەرەو ئەو سیستەمە سیاسییە هەنگاو دەنێت. 

ژیان: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بە ئاشكرا لە بەرژەوەندی ئیسرائیل كاردەكەت، پێتوایە هۆكارەكەی پاڵپشتی ئێران بێت بۆ گروپە ئیسلامییەكانی فەڵەستین؟

نەزمی حەزوری: نەخێر هیچ پەیوەندییەكی نییە بە پەیوەندی ئێران لەگەڵ ڕێكخراو‌و لایەنە فەڵەستینیەكان ئەمە دۆزی سەد ساڵێكە‌و هیچ پەیوەندییەكی بەو ئاراستەیە نییە، بەڵكو ترەمپ كە دەستەڵاتی گرتە دەست پێچەوانەی ئەوەبوو كە ئێمە پێشبینیمان دەكرد، ئێمە پێمان وەبوو كە ترەمپ نۆبڵی ئاشتی وەربگرێت‌و لەسەردەمی ئەودا ئاشتی بەرقەرار بێت كێشەی فەڵەستین‌و ئیسرائیل چارەسەر بكات، هەروەها دەبوایە ترەمپ هەڵسابوا بە جێبەجێكردنی ئەو رێكەوتنامەیەی لە رێكخراوی ئازادی خوازی فەڵەستین واژووی كردبوو لەگەڵ ئیسرائیل لە كۆشكی سپی.

ژیان: پەیوەندی ئێوە چۆنە لەگەڵ ئێران؟ 

نەزمی حەزوری: ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ ئێران هەیە باڵیۆزخانەمان لە تاران هەیە، باڵیۆزخانەی ئێمە لە كاتی هاتنە سەر حكومی ئیمام خومەینیە كاتێك ئەو دەسەڵاتی گرتە دەست هەستا بە هێنانە خوارەوەی ئاڵای ئیسرائیل كە پەیوەندی باشی هەبوو لەسەردەمی شا لەگەڵ ئێران، بەڵام ئەو بە پێچەوانەوە هەستا بە داگرتنی ئاڵای ئیسرائیل‌و دانانی ئاڵای فەڵەستین، لەوكاتەوە باڵیۆزخانەكە گۆڕا لە باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە تاران, ئەمە بە قۆناغێكی راگوزەر هەژمار دەكرێت، لەوكاتەوە ئێران داكۆكیكار‌و پاڵپشتیكار بووە بۆ فەڵەستین تەنانەت 31ی 5 هەموو ساڵێك بە رۆژی قودس هەژمار دەكرێ لە لایەن خومەنینیەوە ئەو رۆژە دەستنیشانكراوەو لە هەموو جیهان یادی دەكرێت، ئەو جۆرە پەیوەندییە دیبلۆماسییە هەیە لێ نێوانمان، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ سەردانیكردنێ نەبووە. 

ژیان: ئەی سەبارەت بە سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران، پێتوایە ئەو سزایانە لە جێی خۆیەتی؟ 

نەزمی حەزوری: ئێمە بەردەوام تەئكید لەسەر ئەوە دەكەینەوە پێویستە لە كاتی هەر ململانێیەك ئازاری خاڵك نادرێت‌و پێشێڵی مافەكانیان نەكرێت لە هەر شوێنێك بێت مافی هەموو میللەتێكە خوێندن‌و خواردن‌و خۆشگوزەرانی بۆ تەرخانبكرێت، هەروەها گوزارشتكردن لە بیر‌و بۆچوون‌و ڕای خۆی بە شێوەیەك گونجاو بێت لەگەل سروشتی سیاسی ئەو شوێنە، هەر جۆرێك لە سەپاندنی ئابلۆقە لایەنی مرۆڤایەتی بكاتە ئامانج‌و پێشێڵی مافەكانی مرۆڤ بكات‌و خەڵكی برسی بكات ئێمە لەگەڵی نین.