لیژنەیەك بۆ قەرەبوكردنەوە لە كەركوك پێكدێت


ژیان: 
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوای لە كوتلەكان كردووە نوێنەری خۆیان دیاری بكەن بۆ پیكهێنانی لیژنەی تایبەت بە مادەی 140ی دەستوری عێراق. 

رێبوار تەها، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی، رایگەیاند، وەكو فراكسیۆنی یەكێتی داوای كارا كردن و دروستكردنی ئەو لیژنەیەمان كردووە كە تایبەتە بە ماددەی 140ی دەستوری عێراق، لیژنەكە كاتییە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان رێگەی پێدراوە. 

ناوبراو وتیشی: سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش داوایكردووە لە كوتلەكان تا نوێنەری خۆیان بۆ لیژنەكە دیاری بكەن و تائێستاش بەفەرمی ناوی ئەندامەكان پێشكەش نەكراون بەڵام پێكهێنانی لیژنەكە كارێكی یاساییەو دەبێت دروستبكرێت.

ریبوار تەها كە خۆی پەرلەمانتاری شاری كەركوكە وتیشی "بڕێك پارە لە بودجەی گشتی عێراق دیاریكراوە بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەوكەسانەی شمولی ماددەی 140ی دەستوری عێراق دەكەن، بەتایبەت ئەو كوردانەی لە سەردەمی رژێمی پێشووتر تەرحیل كراون"پەرلەمان چاودێری خەرجكردنی پارەكەش دەكات.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەرنامەیەكی رادیۆی رادیۆ نەوا وتیشی "ئێمە لە دۆخی ئەمنی و سەربازی ئێستای كەركوك رازی نین و ئەو هێزانەی لەوێن لە یەك پێكهاتە و مەزهەبن و غەریبن بۆ خەڵكی پارێزگاكە و شارەزایی تەواویان لە ناوچەكە و دۆسیەی ئەمنی نییە"هۆشداریشیدا لەوەی كە ئەو دۆخەی ئێستای كەركوك بەم شێوەیە بەردەوام نابیچت و پێویستە حكومەتی فیدڕاڵی ئاگاداری دۆخەكە بێت.