پەرلەمانتاران سكاڵایان لەسەر حكومەتی هەرێم لە دادگای فدراڵی تۆمار نەكردووە


ژیان: 
یاساناسێكی هەرێمی كوردستان رەتیدەكاتەوە هیچ داوایەك لەلایەن پەرلەمانتارانەوە لە دادگای فیدڕاڵی لەسەر حكومەتی هەرێم تۆمار كرابێت، بەهۆی ئەوەی مەرجی تۆماركردنی سكاڵایان نیە.

حاكم شێخ لەتیف مستەفا، یاساناس و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رەتیدەكاتەوە هیچ پەرلەمانتاریك داوای یاسایی لەسەر حكومەتی هەرێم لە دادگای فیدڕاڵی تۆمار كردبێت و دەڵێت ئەوان وەك پەرلەمانتار ناتوانن سكاڵا تۆمار بكەن بەڵكو موچە خۆران دەتوانن. 

ئەو یاساناشە رونیدەكاتەوە: فەرمانبەران خۆیان دەتوانن ئەو سكاڵایە تۆماربكەن وەك لایەنی سەرەكیی زیان لێكەوتوو، ئەویش لە رێگای پارێزەرەوە، چونكە مەرجی یاساییان تێدایە، بەڵام پەرلەمانتار سكاڵاش تۆماربكات دادگا سكاڵاكەی رەتدەكاتەوە بەهۆی ئەوەی مەرجی سكاڵاكەریان تیا نییە. 

ئەو لە دیدارێكدا لە گەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا رونیشیدەكاتەوە: ئەوانەی باس لەوە دەكەن سكاڵایان تۆماركردووە "تەنها قسەی سەر تەلەفزیۆنە" دیاردەیەكی ناشرینە هەندێك سیاسی و پەرلەمانتاران بۆ خۆ بە پاڵەوانكردن پەنا بۆ ئەو جۆرە لێدوانانە دەبەن.