ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ ژنێکی بەتەمەن و مێرمنداڵێک خۆیان کوشت

ئاماری خۆکووژیەکان لە رۆژهەڵات لە بەرزبوونەوەیە

ژیان:

لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ژنێکی خەڵکی پیرانشار لە ڕێگای خۆسووتاندن و مێرمنداڵێکی خەڵکی سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێگای خۆهەڵواسین کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.

ڕۆژی دووشممە 17-6-2019، ژنێکی تەمەن 46 ساڵی خەڵکی پیرانشار بە ناوی "ڕووناک گوڵایی" کە پێشتر ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو، گیانی لە دەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەیەوە بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاگەیاند، ڕووناک ژنی دووهەمی کەسێک بە ناوی "محەمەد خڕنۆک" بووە و بە هۆی کێشە و دەمەقاڵە لە گەڵ ناوبراوو دوو هەفتە لەمەوپێش ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە و لەوکاتەوە هەتا دوێنێ لە ناوەندە تەندروستیەکانی شاری ورمێ لە ژێر چاودێریی پزیشكی بووە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو، کچێکی مێرمنداڵی خەڵکی سەقز کە تەمەنی 13 ساڵ بووە بە ناوی "دڵنیا تاهیری" بە هۆی هەڵسووکەوتی نەشاوی زڕدایکی خۆی هەڵواسیوە و گیانی لە دەست داوە.