سزای تەمەلی بۆ ژیان: پیلان هەیە لەرێگەی شەڕو سەركوتكردنەوە بوونی كورد بسڕنەوە

سزای تەمەلی، هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)

ژیان:  زانا حەمە غەریب

سزای تەمەلی، هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لەم چاوپێكەوتنەی ژیان باس لە پرسەكانی هەڵبژاردنی ئایندەی توركیا‌و ئایندەی پرۆسەی ئاشتی لەتوركیاو دەستگیركردنی ئەندامانی هەدەپەو پرسی چارەنووسی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە دەكات لەگەڵ رەوشی كورد لەكوردستانی باكوورو هەڵوێستی ووڵاتانی رۆژئاواو ئەمریكا لەبەرامبەر سیاسەتەكانی توركیا بەرامبەربە كوردستانی باكوورو رۆژئاوای كوردستان.

ژیان: لەو بارودۆخەی ئێستا لە توركیا گوزەر دەكات پرسی كورد بەرەو كوێ‌؟

سزای تەمەلی: ئەو بارودۆخەی لەچەند ساڵی رابردوو بەهۆی سیاسەتە خراپ‌و تاكڕەوییەكانی ئاكپارتی لەتوركیا هاتۆتە ئاراوەو بەردەوامیشی هەیە، بێگومان چارەنووسی كوردو توركیش دەخاتە بەردەم مەترسی‌و تەنانەت كاریگەری نەرێنی دروستكردووە بۆ پرسی دیموكراسی‌و ئازادی لە توركیاو بابەتی حوكمڕانی لەتوركیاوە لەسیستەمێكی دیموكراسیەوە بەرەو سیستەمێكی دیكتاتۆری دەڕوات. 

ئەو بارودۆخەی لەچەند ساڵی رابردوو بەهۆی سیاسەتە خراپ‌و تاكڕەوییەكانی ئاكپارتی لەتوركیا هاتۆتە ئاراوەو بەردەوامی هەیە، حوكمڕانی لەسیستەمێكی دیموكراسیەوە بەرەو سیستەمێكی دیكتاتۆری گۆڕی 

ژیان: كەواتە ئەكرێت بڵێین سیاسەتی ئەردۆغان‌و ئاكپارتی بەئاراستەی لەناوبردنی پرسی كوردە لە توركیا؟

سزای تەمەلی: ئەگەرچی لەتوركیا هەوڵی بەردەوام‌و بەرنامەڕێژی هەیە بۆ ئەوەی داگیركاری‌و سەركوتكردن لەبەرامبەر گەلی كورد رەوایەتی پێبدرێت، پیلان هەیە بەوەی لەرێگەی شەڕو سەركوتكردنەوە بوونی كورد بسڕنەوە، بەڵام دەبێت ستەمكاران لەوە تێبگەن كەپرسی كورد پرسێكی هاوبەش‌و هەمەلایەنەیەو پێویستی بەچارەسەر هەیە نەوەك سڕینەوەو لەناوبردن، چونكە ئیتر پرسی كورد بەتەنیا پرسێكی ناوخۆیی نیە، بەڵكو پرسێكی جیهانیەو لەتوركیاشدا چارەسەری پرسی كورد بەمانای چارەسەری دیموكراسی دێت‌و پێویستە لەسەر ئاكەپە واز لە سیاسەتی پاكتاوكردنی كوردو سەركوتكردنی بهێنێت، چونكە ئاكەپە نیەتی شەڕە لەدژی گەلی كورد. لەگەڵ هەموو شتێك شەڕدەكات لەپێناوی مانەوەی خۆی‌و بەهێزكردنی دەسەڵاتەكانی، بەڵام ئێمە وەك هەمیشە پشتیوانی لە ئاشتی‌و ئازادی دەكەین‌و درێژە بە رێبازەكەمان دەدەین‌و لەرێگەی تێكۆشانەكانمانەوە ئاكەپە تێك دەشكێنین‌و ئەو هەوڵانەی بەرامبەر بەگەل گیراونەتەبەر شكستیان پێدەهێنین.

ژیان: پێشێلكاری‌و سەركوتكردنی دەوڵەتی توركیا لەبەرامبەر كورد بەگشتی تاچەند كاریگەری خراپی هەبووە، بەبڕوای ئێوە چارەسەری پرسی كورد بەچی دەگات؟

سزای تەمەلی: ئەگەرچی چوار ساڵی رابردوو بۆ گەلی كورد لەتوركیا ساڵانێكی تاقەت پڕوكێن بوو بەڵام كاریگەری نەرێنی نەبوو، بەنمونە بەهەزاران ئەندام‌و لایەنگرانی هەدەپە كەوتنە كونجی زیندانەكان‌و بە سەدان چالاكوان‌و سیاسەتوانانی كوردو پەرلەمانتارانی كوردو هاوسەرۆكانی هەدەپە دەستگیركران، دەستیان گرت بەسەر شارەوانی ناوچە كورییەكان‌و قەیومیان بۆ ٩٦شارەوانی ئێمە دانا، ئەم سەركوتكاری‌و پەلاماردانە بەمەبەستی ترساندن‌و پاشگەزبونەوەی ئێمە گیرانەبەر، بەڵام بەپێچەوانەوە هەموو ئەو ستەمكارییانەی ئەنجامدران نەك نەیانتوانی كورد پاشگەز بكەنەوە لە داوا رەواكانی، بەڵكو ئێمەو هەڤاڵەكانمان‌و گەلیشیان زیاتر هاندا، بەوەی بەردەوام بین لەسەر داواكارییەكان‌و بەدیهێنانی مافە رەواكانی گەل‌و ورەی ئێمەیان زیاتر بەرز كردەوە بۆتێكۆشان لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەكانمان. دەبێت هەموو ئەوانەی لەدژی گەلی كورد‌و ئێمە هەوڵەكانیان چڕ دەكەنەوە باش لەوە تێبگەن ئێمە كۆڵنادەین‌و بەردەوام دەبین، تاوەكو كێشەی كورد چارەسەر دەكرێت هیچ كێشەیەكی تر لە توركیا چارەسەر نابێت‌و تاكە كلیلی چارەسەركردنی پرسی كوردیش لە توركیا ئیمرالییە.

تاوەكو كێشەی كورد چارەسەر نەكرێت هیچ كێشەیەكی تر لە توركیا چارەسەر نابێت‌و تاكە كلیلی چارەسەركردنی پرسی كوردیش لە توركیا ئیمرالییە

ژیان: باستان لە ئیمراڵی كرد، پرسی گۆشەگیری‌و چارەنووسی ئۆجەلان بەكوێ‌ گەیشتووە؟

سزای تەمەلی: بەداخەوە توركیا لە یاسا دووركەوتووەتەوەو بابەتی گۆشەگیری بۆتە سەرچاوەیەكی سەرەكی پێشێلكردنی یاسا‌و بەوهۆیەوە تەواوی كۆمەڵگەی توركیا لەژێر گۆشەگیریدایەو چارەنووسی بەرێز ئۆجەلان لەدەستی دەوڵەتی توركیایەو ئەو دەتوانێت چارەنووسی یەكلایی‌و دیاری بكات، بەداخەوە بابەتی گۆشەگیری بەرێزیان بەردەوامەو ئەو دیدارانەی لەماوەی رابردوو ئەنجامدرا بەمانای ئەوە نایەت كەئیتر گۆشەگیری كۆتایی پێهات بێت، بەڵكو پێویستە لەلایەن دەوڵەتەوە گۆشەگیری بشكێندرێت‌و بەتەواوەتی لەسەر بەرێز ئۆجەلان، ئەگەر توركیا لە سیاسەتی گۆشەگیریی خۆی رزگار بكات ئەوا بەدڵنیایی رێگای ئاشتی‌و دیموكراسی لەتوركیادا دەكرێتەوەو توندوتیژی‌و شەڕ كۆتاییان پێدێت. پێویستە هەركەسێك لە بەرامبەر گۆشەگیریی ناڕەزایەتی دەرببڕێت‌و لە بەرامبەر دیكتاتۆری هەڵوێست‌و فشارەكان لەئاستی ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتیشدا چڕتر بكرێنەوە تاوەكو گۆشەگیری بشكێندرێت، تەنانەت لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە رێگە بدرێت بەرێز ئۆجەلان بەشداری لەكاری سیاسی بكاتەوە، چونكە ئۆجەلان هێزی سەرەكی‌و دیاریكەری سیاسەتی توركیایەو سیاسەتی ئەمڕۆی توركیا پێویستی بە سیاسەتی ئۆجەلانە.

ژیان: بەبڕوای ئێوە لەدووبارە هەڵبژاردنەكانی ئیستەنبوڵ جارێكی تر ئاكپارتی دەتوانێت ئەو شارە بەدەست بهێنێتەوە؟

سزای تەمەلی: بەبڕوای من ئەو هەوڵانەی ئاكپارتی بێ‌ ئەنجامن‌و گەل هەرگیز رێگە بەوەنادات جارێكی تر ئاكپارتی ئیستەنبول بەدەست بهێنێتەوە، ئێمەش لە دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنەكەدا جارێكی تر هێزی خۆمان بەكاردەهێنینەوەو پیشانی شكستخواردوەكانی دەدەین كەدەبێت ئەنجامی شكستەكانیان قبوڵ بكەن، هیوادارم گەلانی توركیا دەنگ بدەنەوە بە دیموكراسی‌و بە ئاشتی، چونكە پێویستە لەدوای٢٣ی حوزەیرانەوە لە توركیا دیموكراسیەت بەهێزتربێت، ئەمەش بەهۆی شكستپێهێنانی ئەوانە دێتەئاراوە كە بارودۆخی توركیایان گەیاندە ئەم رۆژە، بەهۆی ئەوانەوە دیموكراسی‌و دادپەروەری‌و ئاشتی لەتوركیا زەبرێكی زۆری بەركەوتووەو لەكەداربووە. بەدڵنیایی كۆتایهێنان بەو دۆخەش كاری ئێمەیەو هەموو هەوڵەكانمان دەخەینەگەڕ بۆ كۆتایهێنان بەنادادی‌و ئەو شەڕو ستەمكاریی‌و چەوساندنەوەی لە توركیادا پیادەدەكرێت‌و هەموو هەوڵەكانمان دەدەین بۆ چەسپاندن‌و هێنانەدی دیموكراسی‌و ئاشتی.

رێگە بدرێت ئۆجەلان بەشداری لەكاری سیاسی بكاتەوە، چونكە سیاسەتی ئەمڕۆی توركیا پێویستی بە سیاسەتی ئۆجالانە.

ژیان: لەدووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی ئیستانبول كورد دەنگ بەكێ‌ دەدات‌و هەدەپە پشتیوانی لە كامە كاندید دەكات؟

سزای تەمەلی: بەدڵنیایی ئێمە پشتیوانی تەواو لە كاندیدی جەهەپە وەك لایەنێكی ئۆپۆزسیۆن دەكەین لە بەرامبەر كاندیدی ئاكپارتی‌و مەهەپە كەهۆكاری شكستی ئاشتی‌و دیموكراسین لە توركیادا، ئێمە بەدەنگەكانمان جارێكی تر هێزی خۆمان پیشانی ئەوانە دەدەینەوە كە بەربەستن لە بەردەم دیموكراسی‌و لەهەوڵی چەسپاندنی دەسەڵاتی دیكتاتۆریدان، داواكارم لە دەنگدەرانی كوردو ئازادیخوازان بەدەنگەكانیان جارێكی تر شكست بە هەوڵەكانی ئاكپارتی‌و مەهەپە بهێنن لەپێناوی سەركەوتنی دیموكراسیەت.

پرۆفایل
 سەزای تەمەلی ساڵی 1963 لە ئیستەنبول لە دایكبووە، لە بنەماڵەیەكی ئەكادیمیدا گەورە بووە‌و باوكی مامۆستای زانكۆی ئیستەنبول بووە،  سەزای لە بەشی دارایی زانكۆی ئابووریی ئیستەنبولدا خوێندنی تەواوكردووە. دكتۆرای بە دەستهێناوەو بووەتە مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی ئیستەنبول‌و پسپۆڕی بواری دارایی. ئەندامی دەستەی زانستیی زانكۆی ئیستەنبوڵە، لەگەڵ كاری ئەكادیمی‌و مامۆستایی لە زانكۆ كاری لەگەڵ رێكخراوە مەدەنی‌و چەپەكاندا كردووە، یەكێكە لە دامەزرێنەرانی پارتی دیموكراتیی گەلان (هەدەپە)یە. لە هەڵبژاردنی 7ی حوزەیرانی 2015دا لەلایەن هەدەپەوە كراوە بە پاڵێوراوی بازنەی دووی هەڵبژاردن لە ئیستەنبول‌و سەركەوتنی بە دەستهێناوە‌و لەسەر لیستی هەدەپە چووە پەرلەمانی توركیا، بەهۆی شارەزایی‌و پسپۆڕییەكەیەوە وەك بەرپرسی سیاسەتی ئابووریی هەدەپە كاریكردووە. هاوكاتیش راوێژكاری ئابووری‌و دارایی ئەو حزبە بووە.  لە 11-02-2018 لەگەڵ پەروین بوڵدان وەك هاوسەرۆكی هەدەپە هەڵبژێردرا.