غازی کەرکوکی بۆ ژیان: پارتی نایەوێت دۆخی كەركوك ئاسایی بكرێتەوە

توركمان داوایەكی پارتی رەتكردۆتەوە بۆ یەك لیستی
غازی كەركوكی، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان

ژیان: تەرزە عەباســــــی

غازی كەركوكی، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەم چاوپێكەوتنەی ژیان، باس لە پەیوەندیەكانی نێوان یەكێتی‌و پارتی لە كەركوك دەكات‌و ئاماژە بەوەش دەكات پارتی نایەوێت دۆخی كەركوك ئاسایی بكرێتەوە.

ژیان: هەفتەی رابردوو هێرشكرایە سەر ماڵەكەت، زانراوە كێ بوو؟

غازی كەركوكی: بە ئاشكرا ئەوە دەڵێم كە لە سەدا سەد ئەوە كاری پاراستنی پارتی دیموكراتی كوردستانە، چوونكە بە دەیانجار هەڕەشە‌و نامەی هەڕەشە ئامێزیان لە رێگەی چەندین لاپەڕەی جۆراوجۆر لە فەیس بووك ئاڕاستەم كراوە، لە هەڕەشەكانیاندا دەڵێن، رەخنە لە هەر كەسێك دەگری قبوڵمانە تەنیا رەخنە لە بارزانی مەگرە، منیش یەكێكم لەو كەسانەی كە تەشهیر ناكەم، هەموو رەخنەی من رەخنە بووە لە بارزانی لە ئیش‌و كارەكانیدا، كەسانێك من بناسن دەزانن كە من تەنانەت رەخنە ئاراستەی سەركردەكانی یەكێتیش دەكەم، دیارە ئێمە ئەو ئازادییە لە جەنابی مام جەلالەوە فێربووین، ئەوان بە چەندین جۆر هەڕەشەیان كردوەو من گوێم لێ نەگرتن، بەڵام ئەوەی ئێمە بە وردی زانیومانە ئەوەیە كە ئەوان ماوەی دوو مانگە بە وردی سەرقاڵن‌و زانیاری لەسەر من‌و لەسەر ژیانی تایبەتی من كۆ دەكەنەوە‌و دەیانەوێت لە دژی من بەكاری بهێنن، بۆیە من بە هەموو خەڵك‌و دەزگا ئەمنییەكان دەڵێم، كە ئەمە كاری دەزگای پاراستنە، چوونكە ئەو دەزگایە زیاتر لە 100 لاپەڕەی تایبەتیان لە فەیس بووك كردۆتەوە بۆ تەشهیركردن. هەموویان بە جارێ ژوورێكی عەمەلیاتیان دروستكردووە تاوەكو بەندە بێدەنگ بكەن، زۆر شتیان لەسەر من داگرت‌و من بێدەنگ نەبووم، لەبەر ئەوەی بە بڕوای خۆم من كارێكی خراپ ناكەم، یەكێكیان هەیە كە من بەدەنگی خۆی كە دەنگەكەی لای من ماوە وەك بەڵگە، دەلێت كاكە ئێمە پاراستنین‌و هەرچیەك دەكەی بیكە بەڵام بارزانی هێڵی سوورە. پێموایە ئەم كارە بۆ كوشتنی من بووە.

ژیان: بەڕێزت دەڵێی كە ماوەیەكی زۆرە هەڕەشەت لێدەكەن، ئایا تۆ سەركردایەتی یەكێتیت ئاگادار كردەوە لەو هەڕەشانەی بەردەوام لێت دەكرێت؟

غازی كەركوكی: بەڵێ بەشێك لە برادەرانم لە یەكێتی ئاگادارن، چونكە هەندێك برادەری خۆمان كە ئاگاداری رەوشەكەن بە منیان گوت كە ئاگاداربم لەبەرئەوەی خەریكن لەسەر من زانیاری كۆدەكەنەوە.

هەرچی بەسەر كوركوك بێت پارتی لێی بەرپرسەو دەیەوێت خەڵك لە شارەكە نەمێنێت‌و چۆلی بكەن

ژیان: لە ئێستادا رەوشی كەركوك چۆنە بە شێوەیەكی گشتی؟

غازی كەركوكی: بەداخەوە هەرچیەك بەسەر كەركوك بێت من دەیخەمە ئەستۆی پارتی دیموكراتی كوردستان، پارتی نایەڵێت رەوشی كەركوك باش بێت، راستە ئێمە وەك یەكێتی لە كەركوك ماینەوە، بەڵام دەسەڵاتێكمان نیە نە لەڕووی ئیداریەوە نە لە رووی سیاسییەوە، بەڵام من وەك خۆم لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە بۆ یەك رۆژیش كەركوكم جێ نە‌هێشتووە‌و داوام لە خەڵك كردووە بگەڕێنەوە، بەڵام پارتی دەیەوێت خەڵك لە شارەكە نەمێنێت‌و چۆلی بكەن، زۆر زانیاری هەیە لەسەر ئەوەی كە پارتی جگە لەوەی كە خۆی نایەڵێت رەوشی كەركوك ئاسایی بێت، ناشهێڵێت نە توركمان نە عەرەب بێنە پێشەوە، بەڵام لە رێگەی توركیا‌و خەمیس خەنجەرەوە چەندین رێككەوتنی نهێنیان ئەنجامداوە، پارتی بڕوای بە كەركوك نەماوە، تاوەكو هەڵبژاردن نەكرێت، پارتی نایەڵێت دۆخی ئێستای كەركوكی ئاسایی بكرێتەوە، پارتی لەگەڵ توركمانەكاندا هەوڵ دەدات بەیەك لیست بەشدار بێت، كۆتا كۆبوونەوە كە ئەنجامیان دابوو بەشێك لە توركمانەكان ئەوەیان پێ باش نیە لەگەڵ پارتی بە یەك لیست دابەزن.

ژیان: لەگەڵ ئەو كێشانەی بەڕێزت باسی دەكەی پەیوەندی یەكێتی‌و پارتی لە شاری كەركوك چۆنە؟

غازی كەركوكی: لە كەركوك لەگەڵ پارتی هیچ پەیوەندییەكی باشمان نیە‌و زۆر خراپە، ئەوەتا كادرەكانی یەكێتی دەكوژن، جگە لەوەی كادرەكانی یەكێتی دەكوژن هەر منیش نیم لەڕاستیدا، گەر سەری راگەیەندنەكانیشیان بكەین دەبینن هەمیشە هێرش دەكەنە سەر ئەوانەی كە كاریگەرییان هەیە لە كەركوك‌و قسەیان پێدەڵێن، كەس نەماوە لە كەركوك لەلایەن پارتیەوە سووكایەتی پێ نەكرێت، ئێمە لە كەركوك هیچ شتێك نزیكمان ناكاتەوە لە لە پارتی.

ژیان: پێتان وایە دۆخی كەركوك بەرەو كوێ دەچێت‌و چارەنووسی چی دەبێت؟

غازی كەركوكی: من پێموایە گەر دۆخی كەركوك بەم شێوەیە بەردەوام بێت سەركردایەتی یەكێتی دەبێت بێتە سەر خەت، گەر وا بڕوات وادەكەن كورد دەستەمۆ بێت‌و وەك سەردەمی بەعس بۆی نەبێت هیچ كارێك بكات، ئێستا كەركوك لە رووی ئەمنییەوە ناڵێم باشە، بەڵام خراپیش نیە، ئەو هێزانەی لێرەن بە یاسا لەگەڵتدا دەجووڵێنەوە، ناكرێت بڵێین زۆریش باشن، بەڵام هەرچی بێت بە یاسا مامەڵەت لەگەڵ دەكەن.

ژیان: هاوڵاتیانی كەركوك لەم رەوشە بێزار بوون‌و داوای یەكڕیزی نێو ماڵی كورد دەكەن لەو پارێزگایە؟

غازی كەركوكی: سەد لە سەد یەكریزی كورد پێویستە لەم پارێزگایە، بەڵام بەهیچ شێوەیەك پارتی ئەو یەكڕیزییە ناكات، لەبەر ئەوەی كە پارتی لێرە جەماوەری نیە، ئەو لە دەشتی هەولێر 10 كورسی دێنێت لە كەركوك چۆن دەتوانێت كورسی بهێنێت.

ژیان: پێتان وایە ئەو وەفدەی ئێوە كە لەگەڵ بارزانی رێككەوتوون تا چەند پێداگرن لەسەر ئاسایكردنەوەی دۆخی كەركوك؟

غازی كەركوكی: ئەوان مجامەلەی وەفدەكەی یەكێتیان كردووە، من بۆخۆم وەكو كادرێك زۆریشمان بڕوامان وایە، ئەوان نایەنە پێشەوە، بەڵام بۆ ئەوەی حكومەتەكەیان دابمەزرێنن هەندێك شت دەكەن، ئێمە پێمان وایە ئەو وەفدەی لەگەڵ ئەواندا دانیشتووە تاریكاییەكی تێدایە هەر كە وەفدەكان قسەیان كرد لە دوای كۆبوونەوەكانیاندا چەند قسەیەكیان كرد‌و بەهیچ شێوەیەك ئاسایكردنەوەی رەوشی كەركوك لە كۆبوونەوەكانیاند نەبووە.

 پارتی جگە لەوەی كە خۆی نایەڵێت رەوشی كەركوك ئاسایی بێت، ناشهێڵێت نە توركمان نە عەرەب هاوكاری چارەسەری دۆخی كەركوك بن

ژیان: ئەگەر پارتی نەیەتە ژێر بار، هەڵوێستی یەكێتی چی دەبێت لەو شارە؟

غازی كەركوكی: دەتوانین بڵێین كە پارتی پشتیوانییەكی باشی هەیە لە ناوچەكە بەشێوەیەكی گشتی، پارتی لە ئێستادا لەگەڵ ئێران‌و توركیا كێشەیی نیە، پارتی بە بڕیارێك دەتوانێ سوپای ئێرانی بێنێتەوە‌و بە بڕیارێكیش سوپای توركیا بهێنێت لەلایەكی دیكەوە، ئەمە یەكێكە لە مەسەلە نیشتمانییەكان كە ئەوان هیچ باكێكیان بەو مەسەلانە نەماوە، پێشم وایە پارتی بە هیچ جۆرێك نایەوێت دۆخی كەركوك ئاسایی بكرێتەوە.

ژیان: بابەتی بڕیاری دادگا تایبەت بە راكان جبوری بە كوێ گەیشت؟

غازی كەركوكی: بڕیارەكە دەرچووە، ئەم بڕیارە لەسەر خراپ كاركردنیەتی لەو ماویە، كورد‌و توركمانەكانەكانیش لەبارەی رەفتار‌و بڕیارەكانی راكان هاتوونەتە بێزارن لێی، راكان تەعریب ناكات‌و زیاتر بۆ عەشیرەتەكەی خۆی هەوڵیداوە بەتایبەت هەموو پڕۆژە‌و كاروبارەكانی داوەتە دەست نزیكەكانی خۆی، ئەمەشی نایاساییە.