سۆران؛ نزیکەی 70 کەس بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ بوونەتە قوربانی

ڕووداوێکی هاتوچۆ

ژیان:

وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران ڕایدەگەیەنێت، لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەیاندا 69کەس بوونەتە قوربانی بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆوە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ دووشەممە ڕاید دلاوەر لەتیف، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران ڕایگەیاند، لە هەر چوار شارۆچكەی سۆران، ڕەواندز، چۆمان و مێرگەسۆر لە شەش مانگی ڕابردوودا ٦٩ كەس لە ئەنجامی ڕووداوەكانی هاتوچۆ بوونەتە قوربانی.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد "ئەگەرچی ڕووداوەكان لەئەمساڵدا كەمی كردووە، بەڵام لە ئەنجامی 54 ڕووداوی هاتوچۆدا بەداخەوە 69 كەس بوونەتە قوربانی كە لە نێویاندا 6 كەس گیانیان لەدەستداوە و 63 كەسی دیکەش برینداربوون".

ئاشکراشیکرد، زۆرینەی ڕووداوەكانی هاتوچۆ لە سۆران لە سەر ڕێگای هامڵتۆن ڕوویانداوە و زۆربەی ڕووداوەکانیش بەهۆی خراپی ڕێگا و بانەكان و پابەندنەبوونی شوفێربووە بە ڕێنماییەكان بووە.