نێچیرڤان بارزانی نەوت رادەستی بەغداد دەكات

پێش دەست بەكاربوونی مەسرور بارزانی دۆسیەی نەوت یەكلادەكاتەوە
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان

ژیان: بیلال حاجی

لەچەند رۆژی رابردوودا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدادی پایتەختی كردو رایگەیاند "بەغداد پایتەختە فیدراڵیەكەمانە". ئەم وتانەی نێچیرڤان بارزانی وەك ئاماژەیەك بۆ بێ بەها نیشاندانی ریفراندۆمی هەرێم لەلایەن چاودێرانەوە لێكدرایەوە. 

بەپێی زانیارییەكان ئامانجی سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغداد یەكلایكردنەوەی دۆسیەی نەوتی هەرێم بووە بەر لەدەست بەكار بوونی مەسرور بارزانی وەك سەرۆكی نوێی حكومەتی هەرێم.

فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە بەشێوەیەكی سەربەخۆ، سەرچاوەی كێشە یەك لەدوای یەكەكانی نێوان هەولێر‌و بەغداد بووە لەحەوت ساڵی رابردوودا، بەڵام لەو سەردانەیدا نێچیرڤان بارزانی بەلێدوانێكی ئاگری لەخەرمانی چەند ساڵی فرۆشتنی نەوت بەردا. نێچیرڤان بارزانی لەبەغدادوە ووتی "هیچ كێشەیەكمان نییە نەوت رادەستی بەغداد بكەین". ئەم لێدوانەی نێچیرڤان بارزانی تەواو پێچەوانەبوو لەگەڵ تەواوی ئەو لێدوانانەی پێشتر كە سەبارەت بەنەوت دابوونی.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەدوایی سەردانەكەی بۆ بەغداد راستەوخۆ سەردانی توركیای كردوو لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە كۆبوویەوە، پاشان لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی ووتی "هیچ كێشەكمان لەسەر ئەوە نییە رۆژانە 250 هەزار بەرمیل بدەینە بەغداد، بەڵام دەبێت چارەسەرێك بۆ ئەو قەرزانە بدۆزرێتەوە كە كەوتونەتە سەر هەرێم‌و پاشانیش بووەتە هۆی بڕینی بودجەی هەرێم لەساڵی 2014".

بەپێی زانیارییەكانی ژیان مەسرور بارزانی، سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم پلانی ئەوەی هەیە لەرێگەی رادەستكردنی نەوتی هەرێم بەبەغداد تەواوی كێشە داراییەكانی هەرێم چارەسەر بكات. ئامانجێكی دیكەی پلانەكەی مەسرور بارزانی لەتەسلیمكردنی دۆسیەی نەوت بەبەغداد، دەرهێنانی دۆسیەی نەوتە لەژێر دەستی ئاشتی هەورامی‌و نێچیرڤان بارزانی لەلایەك‌و لەلایەكی دیكە چارەسەركردنی سەرجەم كێشە ئابورییەكانی حكومەتەكەیەتی. 

نێچیرڤان بارزانی: لەبەرامبەر رادەستكردنی نەوتی هەرێم بەحكومەتی عێراق، دەبێت حكومەتی عێراق ئەو سكاڵایە بكشێنێتەوە كە لەسەر توركیا تۆماریكردوە

مەسرور بارزانی پێی وایە بەبێ چارەسەركردنی كێشە داراییەكانی هەرێم ئەو ناتوانێت دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت‌و خۆی لای خەڵك خۆشەویست بكات.

لەلایەكی دیكە نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت سیحری مەسرور بارزانی لەتەسلیمكردنی دۆسیەی نەوت بەتاڵ بكاتەوەو دەیەوێت خۆی لەگەڵ بەغداد رێكبكەوێت بۆ ئەوەی سەرەداوەكان لەدەستی خۆیدا بمێننەوە. لەلایەكی دیكە نێچیرڤان بارزانی ئامانجی ئەوەیە بەهۆی رێككەوتنی لەگەڵ بەرپرسانی بەغداد دەربارەی دۆسیەی نەوت، هەوڵ بدات ئەو داوایەی بەغداد هەیەتی لەسەر وڵاتی توركیا بكشێنێتەوە.

نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت بەرادەستكردنی داهاتی نەوتی هەرێم بەبەغداد، سكاڵاكەی عێراق دژی توركیا رابگرێت.

رۆژنامەی سەباحی توركی لەسەرچاوەیەكی نزیك لەنێچیرڤانەوە ئەوەی بڵاوكردەوە، نێچیرڤان بارزانی لەدواین سەردانی بۆ بەغدادو كۆبوونەوەی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئامادەیی هەرێمی نیشانداوە بۆ رادەستكردنی داهاتی نەوتی هەرێم بەبەغداد.

رۆژنامەكە ئەوەشی بڵاوكردووەتەوە، نێچیرڤان بارزانی لەبەرامبەر رادەستكردنی داهاتی نەوتی هەرێم بەحكومەتی عێراقی دەبێت حكومەتی عێراق ئەو سكاڵایە بكشێنێتەوە كە لەسەر توركیا تۆماریكردوە.

لەساڵی 2015 حكومەتی عێراق سكاڵای لەسەر توركیا تۆماركرد، بەهۆی ئەوەی بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغداد رێگەی بەهەرێمی كوردستانداوە نەوت بەشێوەیەكی راستەوخۆ بفرۆشێت.

گەورەترین ئاستەنگ‌و گرفت لەبەردەم كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كێشە داراییەكانن. بەتایبەت كە حكومەتی هەرێم جگە لەكەڵەكە بوونی رێژەیەكی زۆری قەرزی كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت لەهەمان كات بڕێكی زۆری قەرزی فەرمانبەرانی كەوتووەتەسەر كەبەهۆی پاشەكەوتی موچەوە كەوتووەتە لای حكومەتی هەرێم. 

مەسرور بارزانی دەیەوێت هەوڵ بدات یا ئەو قەرزە بداتەوە بەفەرمانبەرانی هەرێم، یاخود لەرۆژی دەست بەكار بوونییەوە موچەی فەرمانبەران لەسەر خۆی حیساب بكات. 
ئەمەش بۆ ئەوەیە بەخەڵك بڵێت، من نیم كە قەرزی ئێوەم لایە، بەڵكو كابینەی هەشتەم ئەو پارەیەی ئێوەی نەداوەو هەر ئەوانیش دەبێت چارەسەرێكی گونجاو بۆ ئەو دۆسیەیە بدۆزنەوە.

نێچیرڤان بارزانیش بێ ئاگا نییە لەپلانەكانی مەسرور بارزانی ئامۆزای، بۆیە دەیەوێت پلانەكان پێچەوانە بكاتەوەو كارەكان سودەكەیان بچێتەوە بۆ سەبەتەی خۆی. بۆیە بەهەموو شێوەیەك دەیەوێت لەگەڵ بەغداد رێكبكەوێت بۆ ئەوەی شێوازی رێككەوتنەكە لەژێر كۆنترۆڵی خۆیدا بێت‌و ئامۆزاكەی لەداهاتوو نەتوانێت كارێك بكات بەپێچەوانەی بەرژەوەندییەكانی ئەو بێت، هەروەها پێش دەست بەكار بوونی مەسرور بارزانی، وەك سەرۆكی حكومەتی هەرێم(كابینەی نۆیەم) كێشەی نەوت لەگەڵ بەغداد چارەسەر بكات.

بەپێی ئەو جموجۆڵانەی ئێستای نێچیرڤان بارزانی‌و پلانەكانی مەسرور بارزانی بێت پێناچێت كابینەی نۆیەم كارەكانی هێندە ئاسان بێت‌و رەنگە رووبەڕووبونەوەی زۆری نێوان ئەو دوو ئامۆزایە بەخۆیەوە ببینێت، مەسرور بارزانی بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆی سڵ لەهەڵدانەوەی هیچ مەلەفێكی پێش خۆی ناكات بۆ ئەوەی لایەنی كەم پاكانەی خۆی بكات لەو دۆسیانە. 

هەر مەلەفێكیش هەبێت كە كەم‌و كوڕی تێدابێت راستەوخۆ بەرپرسیارێتییەكەی دەكەوێتە ئەستۆی نێچیرڤان بارزانی، بۆیە ئاسانیش نییە نێچیرڤان بارزانی قبوڵی ئەوە بكات جۆرە مەلەفێك هەڵبدرێتەوە كە بەزیان بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەو بشكێتەوە.