سلێمانی؛ هاوڵاتیەک بە تۆمەتی سوتاندنی ئۆتۆمبێل دەستگیرکرا

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی _ لۆگۆ

ژیان:

پۆلیسی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، مەفرەزەکانیان توانیویانە تۆمەتبارێک دەستگیربکەن کە ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیەکی سوتاندبوو، دەشڵێت تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.

لە ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی کە وێنەیەکی نێردراوە بۆ (تۆڕی هەواڵی ژیان) ئاماژە بۆ ئەوە کراوە "مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ھەواری شار تۆمەتبارێکیان دەستگیر کرد کە ئوتومبیلی ھاوڵاتییەکی سوتاندبو".

دەشڵێت "پاش ئەوەی رۆژی ٢٠١٩/٦/١٠ ھاوڵاتییەک سکاڵای تۆمارکرد بەھۆی سوتاندنی ئوتومبیلەکەی، ھێزەکانی پۆلیس زانیاری پێویستیان کۆکردەوەو لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکرد".

پۆلیسی سلێمانی لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت، دوێنێ لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ھەواری شارەوە توانرا تۆماتبارەکە دەستگیربکرێت و لەبەردەم دادوەردا دانی بەتاوەنەکەدا ناوەو ھۆکاری سوتاندنی ئوتومبیلەکەی گەڕاندۆتەوە بۆ کێشەیەکی کۆن لەگەڵ خاوەنی ئوتومبیلەکە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، لەئێستادا تۆمەتباری ناوبراو بەپێی ماددەی ٣٤٢ لەیاسای سزادان و بەبریاری بەرێز دادوەر راگیراوەو لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامە.