محەمەد وەتمان بۆ ژیان: كاتی بەستنی كۆنگرەیە‌و پێویستە یەكێتی گۆڕانكاری بەسەردا بێت

محەمەد وەتمان، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان

ژیان: تەرزە عەباسی

محەمەد وەتمان، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی ژیان، باس لە دوایین هەوڵەكانی یەكێتی دەكات بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك‌و گرنگیی‌و ئامادەكارییەكانی بەستنی كۆنگرەی یەكێتی.

ژیان: یەكێتی دوایین هەوڵەكانی چی بووە لەگەڵ پارتی سەبارەت بە دانانی پارێزگاری كەركوك؟

محەمەد وەتمان: لەماوەی رۆژانی رابردوودا كۆبوونەوەیەك لەنێوان یەكێتی‌و پارتی كراوە بۆ یەكلایی كردنەوەی پرسی پارێزگاریی كەركوك، بەڵام بۆچوونی یەكێتی روون‌و ئاشكرایە هەروەك كاك عیماد ئەحمەد دەڵێت، ئێمە بەبێ كەركوك ناچینە حكومەتی هەرێمی كوردستان.

پارتی دەیەوێ 80% كابینەی نوێی حكومەت بۆخۆی بێت

ژیان: پێكهێنانی كابینەی نۆیەم زۆر دواكەوت، پارتی چی دەوێت؟ یەكێتی دەیەوێت چی بەدەست بهێنێت؟

محەمەد وەتمان: پارتی حزبێكە‌و یەكێتیش حزبێكی دیكەیە، هەردووكیان دەیانەوێ ئامانجی خۆیان جێبەجێ بكەن، پارتی دەیەوێ لە 80% دەستكەوتەكانی كابینەی نوێی حكومەت بۆخۆی بێت، یەكێتیش تموحی خۆی هەیە، یەكێتیش خاوەنی شەهیدە‌و چەندین قوربانی داوە، خاوەنی رابردو‌و شۆڕشی نوێیە، خاوەنی هێزێكی زۆر‌و زەوەندە‌و ئەركی لەسەرشانە‌و بەرنامەی روون‌و ئاشكرای هەیە بۆ بەئازادكردنی كوردستان‌و ناوچە كێشەلەسەرەكان، حكومەتی هەرێم حكومەتێكی جێگیر‌و یەكبیر‌و یەكدەنگ‌و یەكهێز نەبێت، رەنگە نەتوانین ناوچە كێشەلەسەرەكان چارەسەر بكەین، بە بڕوای من هەم یەكێتی‌و هەم پارتیش لەسەر ناوچە كێشەلەسەرەكان تاوان‌و خەتایان هەیە، چونكە ئەگەر پارتی‌و یەكێتی هاودەنگ نەبن ناتوانین لەو ناوچانە ماددەی 140 جێبەجێ بكەین، ماددەی 140 چەند لەلایەن عێراقەوە پشتگوێخراوە، لەلایەن لایەنە كوردیەكان‌و حكومەتی هەرێمیشەوە دوو ئەوەندە پشتگوێخراوە، لە بیرمان چووەتەوە، باسی ئەو ماددەیە ناكەین، تەنها باسی كێشەكانی ناوخۆمان دەكەین، باسی وەزارەت‌و نەوت‌و بودجە دەكەین، وەفدەكانمان كە دەچنە بەغدا كەمتر باسی ناوچە كێشەلەسەرەكان دەكەن، بەڵام بەردەوام باس لە دەستكەوتی حزبیی دەكرێت، ئەمەش كارێكی هەڵەیە‌و پێویستە لایەنە سیاسییەكان وەكو كورد بیربكەنەوە لەبەرامبەر عێراقدا، ئەو كێشانەی كەهەمانە‌و سەدان ساڵە كێشە بووە، ئەگەر هەمووشیان جێبەجێ نەكرێت هەندێكیان جێبەجێ بكرێت، ئەگەر لەو سەردەمەیدا یەكێتی‌و پارتی‌و لایەنە سیاسییەكان هاودەنگ نەبن بەگۆڕانیشەوە، ناوچە كێشەلەسەرەكان لەدەست دەچێت، جەنابی مام جەلال سەرۆك كۆمار بوو نەمانتوانی هیچ بكەین بۆ ناوچە كێشەلەسەرەكان، جا ئێستا ئەو هێزەشمان نەماوە ئێستا لە بەغدا، ئەو كاتیش حكومەتی عێراقیی لاوازبوو، ئێستا حكومەتی عێراقیی بەهێز بووە‌و سوپای هەیە‌و یاسای هەیەو پەرلەمانی هەیە. كەمتر گوێ لە داوایەكانی میللەتی كورد دەگرێت، میللەتی كوردیش بەو پەرشوبڵاویەی كە ئێستا هەیە‌و هەركەسەو خەمی حزبەكەی خۆی هەیە بە ئاسانی ناتوانێت بگاتە ئەوەی دەیەوێت.

ژیان: پارتی، یەكێتی تۆمەتبار دەكات بەوەی ناتوانێت بڕیار بدات بۆیە بەردەوام كێشەی بۆ دروست دەبێت لە پرسە چارەنوسسازەكان؟

محەمەد وەتمان: نەخێر من باوەڕ ناكەم كە بەوجۆرە بێت كە باسی لێوە دەكرێت، ئەو كەسانەی وا دەڵێن دەیانەوێت بەرامبەرەكانیان بەشتێك بشكێنن‌و تەنازولیان بۆ بكات، یەكێتی هێشتا لەگەڵ پارتی رێك نەكەوتووە، ئێمە لە یەك رۆژدا كاندیدەكانی خۆمان پێشكەش دەكەین یان پێشكەشی ناكەین، ئەگەر رێككەوتین‌و ناوی كاندیدەكانمان پێشكەش نەكرد، ئەو كاتە پارتی دەتوانێت لە راگەیاندنی خۆیەوە باس لەوە بكات ئێمە كێشەمان نیە لەگەڵ فڵان كاندید‌و وەزارەتەكانیان، بەڵام یەكێتی خۆی ناتوانێت بڕیار بدات، هەركات لەگەڵ پارتی رێككەوتین ئەو كات لە یەك رۆژدا ئێمە كاندیدەكانی خۆمان تەسلیم دەكەین.

ژیان: بەڵام تا ئێستا یەكێتی كاندیدەكانی خۆی یەكلا نەكردووەتەوە؟

محەمەد وەتمان: نەخێر تا ئێستا یەكلا نەبووەتەوە، چونكە ئێمە پێداگرین لەسەر كەركوك‌و دەڵێین بەبێ كەركوك ناچینە حكومەت.

لەگەڵ پارتی رێكبكەوین لە یەك رۆژ ناوی كاندیدەكان پێشكەش دەكەین

ژیان: پێشبینی دەكەیت كە یەكێتی بەشداری حكومەت نەكات؟

محەمەد وەتمان: بەڵێ پێشبینی دەكەم كە یەكێتی بەبێ كەركوك ئامادە نیە بەشداری لەم كابینەیەی حكومەت بكات، لەوەتەی شۆڕش هەیە كێشە لەسەر كەركوك هەیە، یەكێك دەلێت دڵی كوردستانە‌و یەكێك دەڵێت قودسی كوردستانە، ئەی دڵ‌و قودسەكە لەكوێن ئەگەر لەبیرمان نەچووبێتەوە.

ژیان: ئەگەر بێینە سەر ناوخۆی یەكێتی  ئێستا دۆخی یەكێتی چۆنە؟

محەمەد وەتمان: بەبڕوای من دۆخی ئێستای یەكێتی خراپ نیە، لەم پێنج شەش مانگەی كۆتایدا، هاودەنگی هەیە، مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی بەگشتی گوێ لە قسەی یەكتر دەگرن‌و كاك كۆسرەت، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتییە لەو قۆناغەدا، ئەو خاوەن بڕیارە لەناو یەكێتیی نیشتمان كوردستان.

ژیان: یەكێتی دەڵێت چەند باڵ بین یەك دەنوكین ئێستاش ئەو یەك دەنوكیە ماوە؟

محەمەد وەتمان: بەڵێ، بڕوا ناكەم باڵی دیاریكراوی ئاشكراش لەناو یەكێتیدا هەبێت، ئەوە زۆر جار باس دەكرێت، بەڵام ئەو باڵانە وەختی خۆی پێش راپەڕین هەبووە، كۆمەڵە‌و شۆڕشگێڕان‌و خەتی گشتی سێ باڵ بووین لەناو یەكێتی، ئەو كاتە دەوترا سێ باڵ‌و یەك دەنووك، ئێستا دروشم، نوسین‌و راگەیاندن هەمووی هی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە.

ژیان: هەمیشە باس لەوە دەكرێت كێشەی ناوخۆیی لەناو یەكێتیدا بەردەوام لەپەرەسەندندایە، ئەو كێشە ناوخۆییانە چییە یەكێتی پێوەی دەناڵێنێت؟

محەمەد وەتمان: ئەوەی لەئێستادا لەناو یەكێتیدا دەگوزەرێ كێشەیەكی ئەوتۆ نیە، ئەوەشی هەیە لەناو هەموو حزب‌و لایەنە سیاسییەكانی دیكەدا هەیە، رەنگە لەناو یەكێتیدا جار جار بیروڕای جیاواز هەبێت، بەڵام ئەم بیروڕا جیاوازانە بۆ ئەوە نیە كە دژایەتی یەكتری پێ بكەن.

هیچ بیانوێك نییە بۆ ئەنجامنەدانی كۆنگرە

ژیان: بەردەوام باس لە بەستنی كۆنگرە دەكرێت بۆچی كۆنگرە ناكرێت؟
محەمەد وەتمان
: كۆنگرە حەقی خۆیەتی كە بكرێت، چونكە دواكەوتنی كۆنگرە پەیوەستە بە دوو دۆخەوە، یەكێكیان كە هەلومەرجی كوردستان لەبار نەبێت‌و ئەو حزبە نەتوانێت خۆی كۆبكاتەوە‌و نەتوانێت هەفتەیەك لە شوێنێكی ئەمن‌و ئەمان كارەكانی خۆی رێكبخات، بەڕای من ئێستا هەلومەرجی كوردستان زۆر لەبارە بۆ بەستنی كۆنگرە‌و هیچ كێشەیەك لەسەر هەلومەرجی كوردستان بۆ كۆنگرە نیە. هەروەها لایەنیكی دیكەی كۆنگرە هەلومەرجی ناوخۆییە، دەمێكە لیژنە داندراوە، لیژنەكان بەبەردەوامی لەهەوڵدان كارەكانیان بەباشی رایی بكەن، بەڵام بە بڕوای من ئەم لیژنانەی كە داندراون زیاتر لە برادەرانی مەكتەبی سیاسی‌و ئەوانەن كە كاری رۆژانەیان هەیە‌و ناپرژێنە سەر ئەوەی فریای لیژنەی كۆنگرە بكەون، رێوشوێن‌و میكانیزمی كۆنگرە جێبەجی بكەن. من داوا دەكەم كە ئەو لیژنانە بگۆڕن بۆ كەسانێك كە كاری رۆژانەیان نەبێت، لە مەكتەبی سیاسی‌و لە مەڵبەند‌و لەحكومەت نەبن بۆئەوەی بپرژێنە سەر ئەركەكانی كۆنگرە‌و میكانیزمی كۆنگرە، كێ بەشداری كۆنگرە دەكات، كۆنگرە چەند ئەندامی هەیە‌و دەنگدەری چەندە‌و لەكوێ‌و چۆن دەبەسترێ پێویستە كار لەسەر هەموو ئەوانە بكرێت، یەكێتی دەبێت حەتمەن كۆنگرە ببەستێت‌و ئومێد دەكەم كۆنگرەیەكی سەركەوتووش بێت.

ژیان: كێن ئەوانەی دژ بە ئەنجامدانی كۆنگرەن؟

محەمەد وەتمان: تا ئێستا كەس خۆی ئاشكرا نەكردووە كە دژی كۆنگرەیە، دەتوانین ئەمە بكەین بە دوو بەشەوە، ئەوانەی بێ ئیش‌و بێكارن‌و گەنجن دەیانەوێت بچنە پێش‌و خۆیان هەڵبژێرن لە مەڵبەندەكان، ئەوانە بە توندی خوازیاری بەستنی كۆنگرەن، بەشێكیشیان ئەوانەی لە دەسەڵاتدان وەزع‌و ئیمكانیەتی باشی هەیە رەنگە بەتەما نەبێت جارێكی دیكە خۆی هەڵبژێرێتەوە، ئەوانەن كەمێك سستی دەنوێنن بەرامبەر بە بەستنی كۆنگرە.

ژیان: بۆچی رێگری لە بەستنی كۆنگرە دەكرێت لەناوخۆی یەكێتی؟

محەمەد وەتمان: تا ئێستا كەس خۆی ئاشكرا نەكردووە‌و بڵێ من رێگریی دەكەم، تا ئێستا لە كەسم نەبیستووە نە لە مەكتەبی سیاسی‌و نە لەسەركردایەتی‌و نە لە مەڵبەندەكان كەس زاتی ئەوەی نیە كە بڵێ نامەوێ كۆنگرە ببەسترێ یان لەگەڵ بەستنی كۆنگرە نیم.

ژیان:كۆنگرە چی دەگۆڕێت؟
محەمەد وەتمان:
بەستنی كۆنگرە حەتمەن هەندێ شت دەگۆڕێت، لەم برایانەی كە ئێستا هەندێكیان چونە تەمەنەوە رەنگە خۆیان هەڵنەبژێرنەوە یان رەنگە هەندێكیان دەنگ بەدەست نەهێننەوە، خوێنێكی تازە‌و بیرێكی تازە دەچێتە ناو سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی‌و حەتمەن گەرموگوڕتر دەبێت‌و باشتر دەبێت، سەردەم گۆڕاوە‌و دەشبێت یەكێتی ئاڵوگۆڕ بەسەریدا بێت‌و لە كۆنگرەش ئاڵوگۆڕ هەبێت.

كەس زاتی ئەوەی نیە بڵێ نامەوێ كۆنگرە ببەسترێت

ژیان: ئایا كۆنگرە یەكێتی دەخاتەوە ئەو یەكێتیەی پێشوو؟
محەمەد وەتمان:
ئێستا ئێمە ناتوانین قسە لە دواڕۆژ بكەین، رەنگە باشتر بێت، رەنگە خراپتریش بێت، ئەوە شتێكی نادیارە، مرۆڤ كە هەوڵ دەدات هەمیشە بەتەمای ئەوەیە كە بەرەو چاكە بڕوات، بەڵام شەرتیش نیە هەموو جارێك سەركەوتن بەدەست بهێنیت.

ژیان: كۆنگرە دەبێتە هۆی هاتنە پێشەوەی خوێنی تازە؟

محەمەد وەتمان: حەتمەن هەمیشەش وابووە، خۆ ئێستاش ئەگەر ژمارەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ناو یەكێتی هەژمار بكەی گەنج‌و كەسی تازەی پترە لە كەسی بەتەمەن لەناو ئەو برایانەی ئێستاش هەن حەتمەن خەڵكی تازەش دەچێتە ناوەوە.