هەولێر؛ لەماوەی شەش مانگدا 85 کەس بەهۆی ڕوودای هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە

کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هاتووچۆی هەولێر

ژیان:

هاتووچۆی هەولێر رایدەگەیەنێت لەماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا 85 كەس بەهۆی رووداوەكانی هاتووچۆوە گیانیان لەدەستداوەو بەراورد بەساڵی رابردووش رێژەی سەرپێچییەكان 100% زیادیانكردوە.

بەپێی ئامارەكەی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر کە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بڵاوکرایەوە، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا (523) روداو رویانداوە كە بەهۆیەوە (85) هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە لەو ژمارەیەش (75) کەسیان  لە رەگەزی نێر و (10) کەسیان مێ بون، (535) کەسیش لە روداوەكاندا برینداربون كە (404)یان نێر و (131) کەسیان مێ بون، لە کۆی روداوەکانیش (86) روداویان بەهۆی ماتۆڕسکیلەوە بون.

دەشڵێت، لەماوەی شەش مانگی رابردوودا 149 هەزارو 97 سەرپێچی تۆماركراوە، لەكاتێكدا ساڵی رابردوودا تا ئەمكاتە 75 هەزار سەرپێچی تۆماركراوەو سەركێشی و تیژڕەوی و دەرچوون لەشەقامەكان بەردەوامە.

وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر راشیگەیاند لەكۆی رووداوەكانی هاتووچۆ 414 بەڕۆژ و 109یش بەشەو بووە 86 روداویشیاون بەهۆی ماتۆڕ سكیلەوە بووە، ئەوەشی خستەڕوو كە لەماوەی ئەمساڵدا 51 هەزارو 661 ئۆتۆمبێلی نوێی لەبەڕێوەبەرایەتیەكەیان تۆماركراوە.