باندێکی دراوی ساختە دەستگیرکران

ئەو دراوەساختەیەی دەستی بەسەردا گیراوە

ژیان:

له‌قه‌زای‌ سۆران، شه‌ش كه‌س به‌تۆمه‌تی‌ ساخته‌كردنی‌ دۆلاری‌ ئه‌مه‌ریكی‌ ده‌ستگیركران كه‌ ویستویانه‌ پاره‌ی‌ ساخته‌ له‌بازاڕه‌كانی‌ سۆران ساغ بكه‌نه‌وه‌.

سه‌عدون هاودیانی‌ وته‌بێژی‌ پۆلیسی‌ سۆران له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، زانیاریمان پێگەیشت کە دراوی ساختە کەوتووەتە بازاڕی سۆرانەوەو مامەڵەی پێوەدەکرێت، دەستبەجێ تیمی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان دەستیانکرد بە لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون و سەرەتا هاووڵاتییەکیان بەو تۆمەتە دەستگیرکرد.

دەشڵێت، پاشان ئەو تۆمەتبارە لە لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و دواتریش پۆلیس پێنج کەسی دیکەی به هەمان تۆمەت دەستگیرکرد و هەر شەشیان بەیەکەوەو وەکو باندێک کاریان کردووە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، به‌رله‌وه‌ی‌ دراوه‌ ساخته‌كه‌ له‌بازاڕه‌كاندا ساغ بكرێته‌وه‌، ده‌ستی‌ به‌سه‌ردا گیراوه‌ و تۆمه‌تباره‌كانیش دانیان به‌تاوانه‌كه‌یاندا ناوه‌.

ئاشکراشی کرد، تۆمه‌تباره‌كان ته‌مه‌نیان له‌نێوان (25) بۆ (30) ساڵیدایه‌ و هەر شەشیان خەڵکی قەزای سۆرانن و به‌پێی‌ مادده‌ی‌ 281 له‌یاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌ لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.