ئێران: ئەمریکا نەیهێشت سوود ببینین لە ڕێککەوتنە ناوەکیەکە

ئێرانیەکان گلەییان لە ترەمپ هەیە

ژیان:

جێگری سەرۆکی ئێران ڕایگەیاند، ئەمریکا ڕێگەی نەدا بە گەلی ئێران کە سوودمەند بن لە ڕێککەوتنە ناوەکیەکە.

ئیسحاق جەهانگیری، جێگری سەرۆکی ئێران بە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، " ئەمەریکا لەو ماوەیەی کە لە ڕێکەوتنەکەدا بوو هەروەها دوای ئەوەشی کە لێی کشایەوە ڕێگەی نەدا بە گەلی ئێران سوود لە دەستکەوتەکانی ڕێکەوتنە ناوەکیەکە وەربگرێت."

ساڵی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە ڕێکەوتنە ناوەکیەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کشایەوە و سزاکانی سەپاندەوە بەسەر ئەو وڵاتەدا.

بەبڕوای ترەمپ ڕێکەوتنە ناوەکییەکە کەموکوڕی تێدایە چونکە باسی لە بەرنامە موشەکییە باڵیستیکییەکەی ئێران نەکردووە و هەروەها باسی لە چالاکییەکانی ئێرانیشی نەکردووە لە ناوچەکەدا.

ئەوەش لەکاتێکدایە، گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران رووی لەزیادبوون کردووە دوای ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران مانگی ڕابردوو فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکییان خستە خوارەوە.