باندێکی ساختەکردنی پارە لە سلێمانی دەستگیرکران

بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی_ لۆگۆ

ژیان:
پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند ئه‌ندامانی باندێكی ساخته‌كردنی پاره‌یان دەستگیرکردووە، كه‌ دۆلار و یۆرۆ و لیره‌ی توركی ته‌زویریان پێگیراوه‌.

نه‌قیب سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانی پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا ئاشكرایكرد، دوای تۆماركردنی سكاڵا له‌لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه‌ له‌سه‌ر پاره‌ی ساخته‌، به‌شی پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوان راسپێردرا بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ و دۆزینه‌وه‌ی تاوانباران.

وتیشی، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا رۆژی 7-7-2019 یه‌كێك له‌ تۆمه‌تباران له‌ناو ماڵه‌كه‌ی خۆیدا ده‌ستگیركرا، كه‌ له‌دایكبووی ساڵی 1991 ه‌و خه‌ڵكی سلێمانییه‌ و توانرا ده‌ست به‌سه‌ر نزیكه‌ی 10 هه‌زار دۆلاری ساخته‌، 71 وه‌ره‌قه‌ی 200 یورۆیی ساخته‌، 77 وه‌ره‌قه‌ی 100 یۆرۆیی ساخته‌ و یه‌ك وه‌ره‌قه‌ی 500 یوریۆی ته‌زویردا بگیرێت، سه‌ره‌ڕای ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی ساخته‌ و پارچه‌یه‌ك حه‌شیش و كریستاڵی هۆشبه‌ر.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ده‌ستبه‌سه‌ر ئۆتۆمبێلێكی جۆری ڕه‌نج ڕۆڤه‌ریشدا گیراوه‌ كه‌ به‌كارهێنراوه‌ بۆ ساغكردنه‌وه‌ی ئه‌و پاره‌ ساختانه‌ و دوای لێكۆڵینه‌وه‌ش تۆمه‌تباره‌كه‌ دانیبه‌وه‌داناوه‌ كه‌هاوكارێكی هه‌بووه‌ له‌ناوبازاڕدا بۆ ساغكردنه‌وه‌ و بۆ گۆڕینه‌وه‌ی پاره‌ ساخته‌كان، ئه‌ویش ده‌ستگیركراوه‌ و بڕێك پاره‌ی توركی ساخته‌ی پێبووه‌، هه‌ردوو تۆمه‌تباره‌كه‌ش كوردن و خه‌ڵكی سلێمانین.

نه‌قیب سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د رونیشیكرده‌وه‌، ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجاره‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر بڕه‌ پاره‌یه‌كی زۆری ساخته‌دا بگیرێت.