وەفایەك بۆ کادیران و خوێنی شەھیدان

کوردەی هاشم جیهاز

ژیان: کوردەی هاشم جیهاز

دوای ئەو ھەموو ھەورازو نشێوەی پرسی دیاریی کردن و یەکلایی کردنەوەی کاندیدەکانی یەکێتی بۆ پۆستە وزاری و سیادییەکانی کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەخۆیەوەبینی، دەرەنجام ناوی کۆمەڵێك کادیر و ئەندامی یەکێتی دەخرێنە ناو ئەو لیستەی کە دەنێردرێتە پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان بۆ وەدەستھێنانی متمانەی زۆرینەی ئەندامانی پرلمان .

تا ئێرە ئەرکی ھەموو دڵسۆزانی یەکێتییە کە ھاوکار و پشتیوان بین بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، بەڵام ئەوەی من مەبەستمە و دەمەوێ تیشکی بخەمەسەر بابەتی ئەو ستافەیە کە لەگەڵ ھەر وەزیرێك یان سەرۆك دەستەیەك دەستبەکار دەبن و کارئاسانی بۆ جەنابی وەزیر دەکەن، بێگومان بابەتی نوسینەکەی من لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە ٢٠٠٦ ەوە تاکو ئێستا شکستی زۆربەی وەزیرە یەکێتیەکان یان ناڕەزایەتی جەماوەری یەکێتی لە وەزیرەکانیان ھۆکارەکەی ئەو چواردەورو ستافە بێ سودانە بوون کە دەوری وەزیرەکانیان دابوو.

بێگومان ئەمە بۆ جێگری سەرۆکی حکومەت و بەڕێوەبەرە گشتییەکانیش بەھەمان شێوە. بێجگە لەوەی لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو زۆربەی جارەکان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی ئەو ھەموو کادیرەی لەناوخۆی وڵات ھەیەتی دەچوو کەسێکی لە ئەوروپا بۆ دەھێناین وەك ئەوەی لێرە خەڵک تەنھا خەریکی مەڕداری بووبێت و الف و بێی سیاسەت و دەوڵەتداری نەزانێت و بێ لێکدانەوەی ئەوەی کە ھەڤاڵی اوروپیمان زۆر لەمێژە لە ژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئازارەکانی خەڵك دابڕاوە و ڕەنگە وەك پێویست لە فەزای سیاسی و ھەڵچوونە دەرونییەکانی فەرمانبەرێك تێنەگات کاتێك لەسەر حسابی تێکچوونی ھەمەلایەنەی ژیانی ئەو فەرمانبەرە جەنابی وەزیر بۆ ئەوەی پێی بڵێن دادپەروەرە ھێندەی مجاملەی پارتیەک دەکات نیو ئەوەندە ڕێز لە یەکێتی بوونی کارگوزارێك نەگرێت، بۆ ئەم بابەتە نمونەی زۆرمان لایە و بەھۆی ھەڵە مامەڵەکردنی زۆر وەزیر و مدیر عام دەیان و سەدان فەرمانبەر لە وەزارەتەکان لەداخان خۆیان بێبەریی کرد لەیەکێتی. 

ئەوەی دەبێ لێرە بوترێت پێویستە و زۆریش گرنگە وەزیر و سەرۆك دەستە و بەڕێوەبەرە گشتییەکان گرنگیی بە گەنجانی یەکێتی بدەن و ئەوانە ھەڵبژێرن کە دڵسۆزو خاوەن ڕابردووی پاکن و جێگەی متمانەن بۆ ئەوەی گروپێکی تۆکمەیان لێ دروست بکەن بۆ خزمەتی کۆمەڵانی خەڵك بەگشتی و جەماوەری یەکێتی بەتایبەتی وە لەنوسینگەی ھەر وەزیرێك لانی کەم یەك یان دوو منداڵە شەھیدی تێدابێت وەك وەفایەك بۆ قوربانییەکانیان.

ھەروەھا پێویستە پاکسازییەك بۆ ئەوانە بکرێت کە لەپەنا یەکێتی و لەسەر حسابی خەبات و ماندوو بوونی کادیرانی یەکێتی لە شوێنی ھەستیار لەناو حکومەت دوام دەکەن و خاوەنی کۆمەڵێك ماف و امتیازاتن و خێری عانەیەکیشیان نییە بۆ یەکێتی و تەنھا بارگرانین بەسەرمانەوە و تەنانەت بەجۆرێکیش فێری مجاملەکردنی پارتی بوون ئەگەر باسی یەکێتییان لەلا بکەیت پێت دەڵێن عەیبە کەی باوی حزبایەتی ماوە. فەرموون دڵسۆزانی یەکێتی با پێش سوێند خوارنی وەزیرەکانمان دەست بەم کارەبکەین و چیتر زوڵم  لەسەر کادیرەکانمان قبوڵ نەکەین وھەوڵدەین ھەر وەزیرێك چەند کادیرێکی باش و چەند منداڵە شەھیدێك لای خۆی دابنێت.




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە