حكومەتی عێراقی یەك ملیار دینار قەرز دەداتە پڕۆژەی بچوك


ژیان: 
بانكی ناوەندی عێراق، ئاستی پێدانی قەرز بۆ پڕۆژەی بچوك و مامناوەند تا یەك ملیار دینار بەرز دەكاتەوە و لە ماوەی 5 ساڵ وەری دەگرێتەوە كە دەتواندرێت ماوەكەی بۆ 7 ساڵیش درێژ بكرێتەوە. 

بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاند "لەمەودوا ئاستی پێدانی قەرز بۆ پرۆژەی بچوك و مامناوەند تا یەك ملیار دینار بەرز دەكەینەوە".

لە راگەیەندراوێكی ئەو بانكەدا ئاشكرای دەكات  "پێدانی ئەم قەرزە سەرجەم كەرتەكان دەگرێتەوە جگە لە كەرتی نیشتەجێبون،  هاوكاری زیاتری كەرتەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵی دەكرێت".

بانكی ناوەندی وتیشی: هەموو بانكێك دەتوانێت لە یەك كاتدا داواكاری پێنج پڕۆژە بداتە بانكی ناوەندی بەو مەرجەی كە هەر پڕۆژەیەك پەڕاو و وردەكاری خۆی جیابێت، لە دوای شەش مانگ لە پارەداركردنی پڕۆژەكان بانكی ناوەندی وردبینی لە پرۆژەكاندا دەكات.

ماوەی دانەوەی قەرزەكە پێنج ساڵە و دەتوانرێت بۆ حەوت ساڵیش درێژبكرێتەوە ئەگەر ئەو بانكەی قەرزەكەی لەسەر وەرگیراوە داوا بكات.