سەلمە فاتح بۆ ژیان: یەكێـتی بە سەنگ‌و قورساییەكی گەورەوە بەشداری حكومەت دەكات

سەلمە فاتح، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان

ژیان: هەڤاڵ غالب

سەلمە فاتح، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەم چاوپێكەوتنەی ژیان، دەڵێت لەیەکەم دانیشتنەوە لەگەڵ پارت ڕێککەوتنمان کردووە کە (کوردستان، بەغداد و کەرکوک) هەرسێکیان یەک پاکێج بوون. دەشڵێت ناکرێت ئێمە لەکوردستان لەگەڵ پارتی حکومەت پێکبهێنین و لە بەغدا لەگەڵ نەیارەکانی کورددا، دوو گوتاری جیاوازمان هەبێت.

ژیان: رێككەوتنەكانتان لەگەڵ پارتی بەكوێ گەیشت‌و گرژییەكانی نێوانتان كەمبۆتەوە؟

سەلمە فاتح: یەكێـتی نیشتمانی كوردستان لە یەكەم دانیشتنەوە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كە رێككەوتنی كردووە رێككەوتنی ( كوردستان، بەغداد‌و كەركوك) كە هەرسێكیان یەك پاكێج بوون، ئێمە لەسەر قسەی خۆمان سوربووین، هەردوولاش پابەندبوون بەو رێككەوتنەی كە سەرەتا كردبویان، چونكە ناكرێت ئێمە لە كوردستان لەگەڵ پارتی حكومەت پێك بهێنین‌و لە بەغداد لەگەڵ نەیارەكانی كورددا، دوو گوتاری جیاوازمان هەبێت، چونكە دوو حزبی گەورە‌و سەرەكی كوردستانن‌و پێویستە گوتارەكانمان یەك بخەن بە هەمان شێوە لە كەركوكیش، بۆیە ئەو گرژیانەی كە هەبوو نەماوە‌و لەم هەفتەیە یان كۆتایی ئەم هەفتەیە دەست بە متمانەدان بە كابینەی حكومەت دەكەین .

ژیان: ئایا كاندیدەكانی یەكێـتی یەكلابوەتەوە ؟

سەلمە فاتح: بۆ هەر پۆستێك كاندیدمان هەیە‌و بێگومان لەكاتی پێكهێنانی حكومەت هیچ بۆشاییەك بەجێ ناهێڵین هەموو ئەو پۆست‌و بەركەوتانەی كە بەر یەكێـتی دەكەوێـت كاندیدی دیاریكراوی خۆی دەبێـت .

پێش ئەوەی چاودێری نوێنەری لایەنەكانی تربین لە كابینەی نۆیەم چاودێری نوێنەرەكانی خۆمانین

ژیان: لە سەر بابەتی كەركوك رێككەوتنەكان چۆنن ؟

سەلمە فاتح: حزبە كوردستانیەكان لە كەركوك لیستی برایەتیمان هەیە لەبەر ئەوە كاتێك كاندید پێشكەش دەكرێـت راستە بەركەوتەی یەكێتییە، بەڵام دەبێـتە كاندیدی هاوبەشی هەموو لایەنە سیاسیەكان لە كەركوك‌و كاندیدی لیستی برایەتی.

ژیان: ئایا پێداگری یەكێـتی لەسەر داواكارییەكانی توانی دڵی لایەنگرانی بەدەست بهێنێـت؟

سەلمە فاتح: بەڵێ، چونكە یەكێـتی بە سەنگ‌و قورساییەكی گەورەوە بەشداری حكومەت دەكات، ئێمە ئەو لایەنە سیاسیە نین بە هەمووشت رازی بین، یەكێتی ئەوەی لەپێناوی بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان بێت جێ بەجێی دەكات بێگومان لایەنگرانیشی ئەجێندا‌و كاری یەكێتیان بینیوە كە چۆنە .

ژیان: هیچ گرژی‌و گرێ كوێرەیەكی تر ماوە لەگەڵ پارتی بكرێـتەوە؟

سەلمە فاتح: ئێمە‌و پارتی دوو حزبی جیاوازین دەكرێـت بۆچونی جیاوازمان هەبێـت لەسەر هەربابەتێك‌و لایەنێك، بەڵام دواجار بەرژەوەندی گشتی میللەت پێش بەرژەوەندییەكانی هەردوو لایەنە، بەڵام ئێمە دوو حزبی جیاین‌و دەكرێـت لەسەر زۆر بابەت بیروبۆچونمان جیاوازبێـت .

ژیان: تاچەند پێتان وایە كابینەی داهاتوو جیاواز دەبێـت لەكابینەی پێشوو؟

سەلمە فاتح: كابینەی داهاتوو كابینەیەكی جیاواز دەبێـت، بەو پێیەی قەیرانی دارایی نیە، هەروەها كۆمەڵێك كەسی جیاوازتر لە كابینەكانی پێشوو لە ناو حكومەتدا بەشدارن‌و تموحی ئەوەیان هەیە سەركەوتوبن لە پۆستەكانیاندا، بۆیە هیوادارم كابینەكە لەئاست داواكاری‌و خواستی خەڵكدابێـت.

ژیان: پێتان وایە ئەم خولەی پەرلەمان بتوانێت چاودێرێكی باشی كارەكانی حكومەت بێـت؟

سەلمە فاتح: بەڵێ بێگومان، چونكە بارودۆخی خولی رابردوو بارودۆخێكی سیاسی جیاواز بوو، هیچ تاوانێكی ئەندامانی پەرلەمانی تێدا نەبوو، بۆیە پەرلەمان ئەركی یاسادانان‌و چاودێری كردنە، بۆیە دڵنیام لەوەی خولێكی سەركەوتوو دەبێت.

هیوادارم حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان كاری خۆیان بكەن 

ژیان: ئێوە وەك فراكسیۆنی یەكێتی تاچەند چاودێری نوێنەرەكانی خۆتان دەبن لە حكومەت؟

سەلمە فاتح: پێش ئەوەی چاودێری نوێنەرەكانی تربین دڵنیابن چاودێری نوێنەرەكانی خۆمانین، هەماهەنگییەكی باش دەكەین بۆ ئەوەی بتوانین پێكەوە باشترین پرۆژە باشترین كار باشترین خزمەت پێشكەشی خەڵك بكەین، هەر هەڵەیەكیش هەبێـت پێش فراكسیۆنەكانی تر لەسەر كادرەكانی خۆمان قسە دەكەین‌و ئەگەر هەڵەش نەبێـت پشتیوانیان دەبین‌و پشتیوانی هەموو حكومەتیش دەبین بۆ ئەوەی كارەكانی بەباشی بكات بەتایبەت كادرەكانی خۆمان .

ژیان: ئایا نەبوونی ئۆپۆزسیۆنی كارا وەك رابردوو كارەكانتان ئاسان دەكات یان نەبوونی ئۆپۆزسیۆن خاڵێكی سلبیە بۆ پەرلەمان؟

سەلمە فاتح: بەڕای من ئۆپۆزسیۆن باشە لە پەرلەماندا، چەند حزبێكی ئۆپۆزسیۆنیش هەیە لەناو پەرلەماندا، بۆیە هیوادارم ئۆپۆزسیۆنەكان كاری خۆیان بكەن لەپەرلەمان.

ژیان: یەكەم كارو پرۆژەتان چی دەبێـت لەم خولەی پەرلەماندا دوای متانەدان بە حكومەت؟

سەلمە فاتح: لە خولی یاسادانانی یەكەم، ئێمە كۆمەڵێك پرۆژە پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە، بەڵام بەداخەوە لەو ماوەی رابردوو تەنها توانرا یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەموار بكرێـتەوە، چونكە بارودۆخەكە ئاوای دەخواست، ئەمڕۆ یەك شەممە دەنگ دەدەین بە یاسای ژمارە 3ی ئەنجومەنی پارێزگاكان‌و پێم وابێت هەر ئەوەندە فریاكەوتین، بەڵام بێگومان لە وەرزی نوێێ‌ یاسا داناندا هەم پرۆژەی نوێ پێشكەش دەكەین هەم جەخت لەسەر ئەو پرۆژانەی ترمان دەكەینەوە كە لەوانە پرۆژەی داهاتە نەوتیەكانە، پرۆژەی سۆشیال، پرۆژەی بەگەڕخستنەوەی كارگە لەكاركەوتووەكان‌و چەندین پرۆژەی تری گرنگ كە ئەو دروشمانەی لە هەڵبژاردنەكان دا هەمان بوو ( هەلی كارو ئارامی‌و خزمەت )پێشكەش كران لەناو پرۆژەكان جێگایان دەكەینەوە .

هەلی كارو ئارامی‌و خزمەت لەناو پرۆژەكان جێگایان دەكەینەوە 

ژیان: هەماهەنگیتان لەگەڵ فراكسیۆنەكانی تر چۆنە بەتایبەت گۆڕان‌و پارتی؟

سەلمە فاتح: لەپەرلەمان 11 پەرلەمانتار دەتوانن پرۆژە پێشكەش بكەن، ئێمە تا ئێستا بۆ پێشكەشكردنی پرۆژەكانمان تونیومانە رێژەی یاسایی تەواو بكەین، بەڵام لە ئایندەدا ئەگەر پرۆژەیەك هەبێـت لە خزمەتی خەڵكدا بێـت بێگومان پێشكەشی دەكەین‌و واژۆش بۆ پرۆژەكانی ئەوان دەكەین‌و بە پێچەوانەشەوە، بۆنمونە شەممە خوێندنەوە بۆ پرۆژەی تاپۆكردنی خانووە بێ تاپۆكان كرا ئەوە پرۆژەیەكی هاوبەشی پارتی‌و یەكێـتی بوو، چونكە لە بەرژەوەندی خەڵكدا بوو هەردوولا واژیان كردووە‌و لایەنەكانی تریش واژۆیان كردووە .

ژیان: ئایا دەست بۆ یاسای هەڵبژاردنەكان‌و رێژەی كەمە نەتەوەكان دەبەن لەم خولەی پەرلەماندا؟

سەلمە فاتح: تائێستا ئاگادارنیم كە ئەم یاسایە هەموار بكرێـتەوە، بەڵام هەموو یاسایەك كە كۆن بێـت هەمواركردنەوەی پێویستە، بەڵام تا ئەم كاتە تەنها قسەمان لەسەر یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كردووە یاسای ژمارە 3‌و ماوەی كاركردنیان درێژدەكرێـتەوە، تاوەكو هەڵبژاردنی داهاتوو كە ئەوەش پێویستی بە هەمواركردنی ماددیەك دەبێـت لە یاسای ژمارە 4، بۆیە تا ئێستا ئەوەندە ئاگادارم.

ژیان: پۆستی یەكێـتی كە سەرۆكی پەرلەمانە بۆ كێ دەبێـت؟

سەلمە فاتح: لەگەڵ پێشكەشكردنی كاندیدەكاندا، كاندیدی سەرۆكی پەرلەمانیش پێشكەش دەكرێـت‌و دەنگی پێ دەدرێت، ئێمە دوو كاندیدمان هەیە بۆ ئەو پۆستە كە ( بێگەرد خان‌و رێوازخان)ە, هەردووكیان كەسی بەتوانا‌و خاوەن بڕوانامە‌و لێهاتوون‌و توانای 10 كەس لەم كەسانەدا كۆبووەتەوە‌و خاوەنی ئەزمونی كاری پەلەمانین‌و هەركەسێكیان بن، دەبنە یەكێك لەسەرۆك پەرلەمانە سەركەوتووەكان .

ژیان: تاچەند هیواتان بە كابینەی داهاتووە كە خزمەت بكات ؟

سەلمە فاتح: هەمیشە هیوامان هەیە‌و لە هەموو كابینەیەكیشدا پێشوەخت دەوترێـت هیومان هەیە هیواداین هیواكانمان جێی خۆی بگرێت.

ژیان: چەند لە كاندیدەكانی یەكێـتی هەمان كارەكتەرەكانی پێشوون‌و دووبارە دەمێننەوە؟

سەلمە فاتح: ئەو بڕیارە بەدەست مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتیە‌و من بەشداری كۆبونەوەكانیانم نەكردووە بۆیە لای ئەوانە، رەنگە هەندێكیان سیڤیان پێشكەش كردبێـتەوە، بەڵام رەنگە ئێمە هەمان وەزارەتمان وەرنەگرتبێـتەوە تا ئەو كاندیدە بمێنێـتەوە، بەڵام بەشێوەی گشتی ئاگاداری دانانی كاندیدەكان نیم..