گۆڕی پاشاكانی بابان لەسلێمانی بەرەو لەناوچوون دەچن

بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری‌و هونەری: ئاگاداری تێكچوون‌و شكانی كێلی گۆڕەكان نین
مزگەوتی گەورەی سلێمانی

ژیان: دیمەن ئیسماعیل

گۆڕی پاشاكانی بابان، خەریكە بەتەواوی لەناو دەچن‌و بەڕێوەبەری مۆزەخانەی سلێمانیش دەڵێت، نەبونی بودجەو نەگونجانی شوێنەكەیان وای كردووە نەتوانن دەستكاریی ئەو گۆڕانە بكەن.

شوێنی گۆڕی پاشاكانی بابان لەشاری سلێمانی لەگردو تەپۆڵكەكانە، كێلەكانیان شكێنراون‌و پارچەكانیان لێكراونەتەوەو پێویستی بەوە هەیە جارێكی تر گۆڕەكان نۆژەن بكرێنەوە. 

پاشاكانی بابان لە سلێمانی ژیاون‌و هەر ئەوانیش بەردی بناغەی شاری سلێمانیان داناوە پێش 240 ساڵ، لەكاتی كۆچی دواییان گوازراونەتەوە بۆ ناوچەی قەڵاچۆلان‌و دواتر لەوێ نێژراون.

دەربارە گۆڕی پاشاكانی بابان كە سەروەتێكی مێژوویی‌و كلتورین بۆ شاری سلێمانی، هاشم عەبدوڵا بەڕێوەبەری مۆزەخانەی سلێمانی، بۆ ژیان راگەیاند "گۆڕی پاشاكانی بابان لەناوچەی قەلاچۆلانن‌و لەلایەن ژمارەیەك پێشمەرگەوە دەپارێزرێن، بەپێی یاسا گۆڕی سەردەمە كۆنەكان‌و سەدەكانی رابردوو، دەبێ هەموویان پارێزراوبن‌و نابێ دەستكاری بكرێن‌و زێدەڕۆیی بكرێتە سەریان".

بابەکر دڕەیی: "ئاگاداری تێكچوون‌و شكانی كێلی گۆڕەكان نین"

ئەم بەڕێوەبەرە باس لەوە دەكات، هەر كەسێك بیەوێ بەجۆرێك دەست بۆ گۆڕ‌و شوێنەواری گۆڕی پاشاكان ببات، سزا دەدرێت‌و لەڕابردوش چەند كەسێك لەسەر ئەو جۆرە هەڵسوكەوتانە سزا دراون. ئەوانەش كە هەڵدەستن بە تێكدانی گۆڕە كۆنەكان بەتایبەتی شەخسەكان، گوایە لەژێر گۆڕەكان كەلوپەل‌و شتی بەنرخ‌و گرانبەها هەن، بە توندی سزا دەدرێن.

لەسلێمانی گۆڕی چەندان كەس شێوێنراون، لەم روەوە هاشم عەبدوڵا دووپاتی دەكاتەوە ناكرێ بۆ هەر گۆڕێك كەسێك دابنرێت بۆ پاسەوانی، بەڵكو دەبێ خەڵك خۆیان ئاستی هۆشیارییان بگاتە ئەوەی هەر كەسێك لەئاستی خۆیەوە ببێت بە پارێزەری ئەو گۆڕانە.

هاشم عەبدوڵڵا دەربارەی هۆكاری نۆژەن نەكردنەوەی گۆڕەكانی پاشاكانی بابان بۆ ژیان ووتی "گۆڕی پاشاكانی بابان لەشوێنێكی پارێزراون‌و خۆمان كەپرێكمان بۆ كردون‌و دەیانپارێزین‌و رێ نادەین كەس سەردانیان بكات. هەڵبەت بەهۆی نەبونی بودجە‌و پارەی پێویست نەتوانراوە بپارێزرێن‌و دەستكاری بكرێن‌و بە شێوازێكی سەردەمیی وەك بەشێك لە شوێنەوار، نۆژەن بكرێنەوە".

ئەو بەرپرسەی مۆزەخانە پێی وایە دەبێت لێكۆڵینەوەی ورد بكرێت لەسەر ئەو گۆڕانە، چونكە بەبۆچونی ئەو ئەمانە تەنیا گۆڕی پاشاكان نین، بەڵكو گۆڕی ژن‌و منداڵیشی لێیە. بۆیە دەبێت لێكۆڵینەوە بكرێت ئینجا بتوانین نۆژەنیان بكەنەوەو باشتر بپارێزرێن.

بەڕێوەبەری مۆزەخانەی سلێمانی باسی لەوەكرد، پلان هەبو بۆ دروستكردنی مەزارێك بۆ گۆڕەكان، بەڵام چونكە شوێنەكەیان لەلێواری چەمێكدان ساڵ بەساڵ خۆڵی ئەو شوێنە دەڕوات‌و شوێنیان لێژتر دەبێت، بۆیە تا ئێستا نەتوانراوە بەشێوازێكی مۆدێرن دەستكاری بكرێن".

بەڕێوەبەری مۆزەخانەی سلێمانی كە خۆی كاری  پشكنینی گۆڕی پاشاكانی بابانی كردوە، ئاماژەی بەوەدا "لەبەرئەوەی گۆڕەكان زۆر كۆنن‌و بۆ زیاتر لەسەدەیەك دەگەڕێنەوە، تا ئێستا نازانرێ هی كام پاشای بابانن‌و ناونیشانیان نییە‌و تەنیا دەزانرێ كە ئەوە گۆڕی پاشاكانە".

 پلان هەبوە بۆ دروستكردنی مەزارێك بۆ گۆڕەكان، بەڵام چونكە شوێنەكەیان لەلێواری چەمێكدان ساڵ بەساڵ خۆڵی ئەو شوێنە دەڕوات‌و شوێنیان لێژتر دەبێت

ئاڤان جەمال، ئەندامی لیژنەی رۆشنبیری‌و وەرزشی لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی  بەژیانی راگەیاند ئەوان دوای ئەوەی لەلایەن دەزگای رۆژنامەوانی ژیان ئاگاداركراونەتەوە لەسەر بڕی تێچوون‌و شێواوی گۆڕی پاشاكانی بابان لەڕێی لیژنەیەكی تایبەتمەندی ئەنجومەنەوە بەدواداچون‌و لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو گۆڕانە دەكەن‌و رێكاری گونجاو دەگرنەبەر.

ئاڤان جەمال، دەربارەی كارەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ گۆڕی پاشاكانی بابان لەلێدوانێكیدا بۆ ژیان راگەیاند "لەدوای ڕاپۆرتی لیژنە تایبەتمەندەكە بۆ سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەرز دەكرێتەوە، لەدانیشتنێكی ئەنجوومەن بە كۆی دەنگ بڕیار لەسەر دروستكردنی پڕۆژەو دابینكردنی بودجەیەك بۆ ئەو گۆڕانە دەدەین لەگەڵ لایەنی پێوەندیدار، بۆ ئەوەی لەوە زیاتر بەرەو خراپبوون‌و شێواوی نەچن‌و پارێزراو بن".

لای خۆیەوە بابەكر دڕەیی، بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری‌و هونەری سلێمانی، بۆ ژیان راگەیاند، لەگەڵ ژمارەیەك لەكەسایەتییەكانی بابان لەگفتوگۆدان بۆ ئەوەی شوێنی گۆڕی پاشاكانی بابان بەشێوازێكی تۆكمە دەستكاری بكرێن‌و بپارێزرێن.

لەهەمان كاتدا كەسایەتییەكانی بابان پڕۆژەیان هەیە بۆ شوێنەكەو چاوەڕێی ئەوان دەكرێ تا بزانن مەبەستیانە وەك مەزارێكی لێ بكرێت یان گۆڕەكان بگوازرێنەوە بۆ شوێنی تر، ئەگەر پێویستی بە بودجەیەكی فراوان بوو، ئەوكات داوا لە ئەنجوومەنی وەزیران دەكەن بۆ دابینكردنی بودجە بۆی.

لەم روەوە بابەكر، دەڵێت "ئاگاداری تێكچوون‌و شكانی كێلی گۆڕەكان نین".

دەكرێت ئەم گۆڕانە بكرێن بە شوێنی گەشتیاری كلتوری، چونكە بەشێكی گرنگن لەمێژوو‌و كولتووری شاری سلێمانی.