ئیسرائیل هەڕەشەیەکی نوێ لە ئێران دەکات

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل

ژیان:

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت، فڕۆکەی جەنگیی F-35s کە لەدەستی ئیسرائیلدایە دەتوانێت بگاتە ئێران و سووریا و هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە بنکەیەکەی سەربازیی تایبەت بە سوپای وڵاتەکەی ڕایگەیاند "ئێران لەم ماوەیەدا هەڕەشەی ئەوە لە ئیسرائیل دەکات کە لەناوی دەبات. دەبێت بیرتان بهێنمەوە کە ئەم فڕۆکانە دەتوانن بگەنە ئێران و سووریا و هەموو شوێنێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

وتیشی، ئێران ئامانجی بەردەوامی ئەوەیە چەکی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت، بەڵام ئەگەر ئیسرائیل بەتەنیاش بێت رێگە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

ئەوەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ، محمەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران ناتانیاهۆی تۆمەتبارکرد بەوەی ترەمپی هەڵخەڵەتاندووە و وتی، ناتانیاهو سووربوو لەبارەی دانانی سنووری رێژەی سفر بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لە رێککەوتنی پاریس لە 2005 لە نێوان ئێران و E3دا. رێککەوتنەکەیان هەڵوەشاندەوە. لە ئەنجامدا ئێران رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی 100 هێندە زیاد کرد لە 2012دا. ئێستا بەهەمان خەیاڵەوە دۆناڵد ترەمپ-ی هەڵخەڵەتاندووە بۆ لابردنی رێککەوتنی ئەتۆمی.