دهۆك؛ بڕیاری هاوسەرگیری لای دایك‌و باوكە

ئەوانەی خراپ بڕیاردەدەن لەبارەی پرۆسەکە بەتەمەنن

ژیان: عەمار عەزیز

لەهەرێمی كوردستان بەهۆی نەبوونی هۆشیاری‌و دواكەوتووی كۆمەڵگە لەساڵانی رابردوودا دایك‌و باوك بەبێ پرسی رۆڵەكانیان بڕیاریان لەهاوسەرگیری كچ‌و كوڕەكانیان دەدا. هەر كوڕێك كچێكیش نارەزایی بەرامبەر بریارەكانی دایك‌و باوكی هەبووبا بەكەسێكی یاخی هەژمار دەكرا. ئەم دیاردەیە لەئێستادا بەگشتی لەشارەكان كەمیكردووە تا ئاستی بنەبڕبوون، بەڵام جیاواز لەشارەكانی هەرێم، لەسنوری پارێزگای دهۆك تا ئێستا بڕیاری دایكو باوك لەسەر منداڵەكانیان زاڵە بۆ پێكهێنانی هاوسەرگیری.

سۆلین رەشیدی تەمەن 29 ساڵ، نیشتەجیێ شاری دهۆكە پێش چوارساڵ‌ هاوسەرگیری كردوە بەژیانی وت “لەهەندێك ناوچەی پارێزگای دهۆك بڕیاری پێكهێنانی هاوسەرگیری زیاتر بەدەست دایك‌و باوكە‌و بڕیاری كۆتایی هەر لای ئەوانە، بەڵام من وای نابینم ئەوە شتێكی خراپ بێت، چونكە هەموو دایك‌و باوكێك حەزدەكەن منداڵەكانیان بەبێ كێشە بن‌و لەناو ژیانێكی زۆر خوشدا بژین”.

سۆلین چیرۆكی هاوسەرگیریكردنی خۆی بۆ ژیان دەگێڕێتەوەو دەڵێت "حەزم دەكرد شو بەو كوڕەیە بكەم كە ئێستا هاوسەری منه،‌ بەڵام بۆچوونی دایكو باوكیشم لام گرنگ بوو، تەنانەت بەردەوام بەهاوسەرەكەمم دەوت بڕیاری كۆتایی لای دایك‌و باوكی منە، نەك خۆم. تا ئەوان رەزامەندییان نیشان نەدا من هاوسەرگیریم لەگەڵ نەكرد".

سۆلین پێی وایە ئەو كوڕو كچانە بێ پرسی دایك‌و باوكیان شوو دەكەن زۆربەیان روبەرووی كێشە دەبنەوەو زۆربەی ئەوانەشی كێشەكانیان دەگاتە ئاستی جیابوونەوە ئەوانەن كە بەبێ رەزامەندبوونی دایك‌و باوكیان هاوسەرگیریان كردووە.

هارون هادی، خوێندكاری زانكۆیه‌و تەمەنی 26 ساڵە، بۆچونێكی جیاوازی هەیە‌و بۆ ژیان ووتی "سەڕەرای پێشكەوتنی جیهان لەهەموو رویەكەوە، بەڵام تا ئێستا لەناوچەكەی ئێمە بڕیاری هاوسەرگیری كە گرنگترین بڕیارە لەژیانی هەرمرۆڤێكدا بەدەست هەندێك كەسه.‌ ئەوەش شێوازێكی دیكتاتوریەو دەیانەوێت بۆچونی خۆیان بسەپێنن لسەر مندالەكانی خۆیان".

هارون تا ئێستا نەچووەتە‌ ناو ژیانی هاوسەرگیری‌و دەیەوێت ئەو بڕیاری كۆتایی بدات دەربارەی ئەو كەسەی دەبێتە هاوسەری ژیانی "وەرگرتنی رای دایك‌و باوك شتێكی گرنگە، بەڵام نەگاتە ئاستێك كە ئەوان بڕیاری كوتایی بدەن، لەساڵانی هەشتایەكان دایك‌و باوك كچی خویان بەشوو دەدا یان بۆ كوری خۆی كچێك دەهێنا بێ ئەوەی رای ئەوان وەربگرێت ئەوەش گەورەترین هەڵە بوو".

كوڕە تەمەن بیست‌و شەش ساڵییەكە ئاماژەی بەوەشدا،"پێش دوو مانگ باوكم بەمنی وت كچی فلان كەس باشە بۆتو بچینە خوازبینی، بەڵام رەتمكردەوە، چونكە كچەكەم بەدڵ نەبوو، من دەمەوێت خۆم كەسێك دەستنیشان بكەم بۆ ئەوەی لەداهاتوودا توشی هیچ كێشەیەك نەبم‌و بتوانم لەگەل ئەو كچە بژیم".

ساڵح زاهیر موحەمەد، چالاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەربارەی بڕیاردانی دایك‌و باوك لەبری كوڕ‌و كچەكانیان بۆ ژیان ووتی "ئەگەر بەووردی سەیری كومەڵگەی كوردی بكەین، بەروونی دیار دەبێت كە رۆڵی تاكی گەورەی ماڵو گوندو خێل دیاربێت‌و زۆركات خاوەن بڕیاری كۆتایین‌و بریاری ئەوان رەتكردنەوەی لەسەر نییە، ئەم دیاردەیە لەبادینان زەقتر دەبینرێت ئەوەش بۆ توندی پەیوەندیە كومەڵایەتیەكان‌و هەستی عەشائیری‌و سیستەمی باوك سالاری‌و ئاستێ تێگەیشتنی تاك دەگەرێتەوە، بریاردان لەسەر پرۆسەی هاوسەرگیری نەك بۆ كچ بگرە بۆ كوریش بەپلەی یەك دایك‌و باب بریاری لەسەر ئەدەن".

ساڵح وتیشی"هەر چەندە من وەك تاكێكی ئەم ناوچەیە لەگەل ئەوە نیم ئاستی كومەڵایەتی‌و ئابووری‌و سیاسی بكرێتە مەرجی هاوسەرگیری، بەڵام پێكهاتەی كۆمەڵایەتی لەناوچەكە وا پێویست دەكات كە رەچاوی رای دایك‌و باوك بكرێت، بەڵام بەو مەرجەی پرۆسەی هاوسەرگیری باش رەتنەكرێتەوە بەهوكاری دەمەرگیری بنەمالەو عەشیرەت،لێرەدا ئەوەی جێگای داخە بریاری رەهایە بەدەست دایك‌و باوك".

لەبارەی چارەسەركردنی ئەو دیاردەیە ئەو چالاكوانەی كۆمەڵگەی مەدەنی دەڵێت "چارەسەری ئەم دیاردەیە پێویستی بەكاتە، چونكە زورێك لەوانەی بریاری خراپ دەدەن لەسەر پرۆسەی هاوسەرگیری ئەوانەن كە بەتەمەنن،هەروەها زۆر گرنگە كچو كورە گەنجەكان رۆڵی خۆیان بگێرن‌و بەرێگای ئاقلانەو واقعیانەو دوور لەبریاری هەڵە بەرامبەرەكەیان تێبگەیێنن‌و كاربكەن بۆ زیاتر بەرزكردنەوەی ئاستی كومەڵگا، بەڵامرۆڵی مامۆستایانی ئایینی زۆر گرنگە لەجێگای خۆیەتی ئەم پرسە لەرێگای دەقە ئاینییەكان شروڤە بكەن‌و فەرمودەی سەریح‌و سەحیح هەیە كە بەزور شودان قەدەغە دەكات".