ناوبژیوانی یاریەكەی ئەرجەنتین و بەرازیل چی لەسەر یاریەكە دەڵێت


ژیان: 
نابژیوانی یاریەكەی بەرازیل و ئەرجەنتین وەڵامی قسەكانی میسی دەداتەوە و دەڵێت ڤار ناتوانێت كۆتایی بە هەڵەی ناوبژیوانان بهێنێت و بڕواشی وانەبووە میسی دوای یاریەكە بەو شێوەیە قسەی لەسەر بكات. 

رۆدی زامبرانۆ، ناوبژیوانی ئیكوادۆری،  رایگەیاند"نەك ڤار، هیچ تەكنەلۆجیایەكی دیكەش ناتوانێت هەڵەی ناوبژیوانان كۆتایی پێبهێنن". ئەو هەروەها گوتی "مەحاڵە ڤار بتوانێت روونەدانی هەڵە لەلایەن ناوبژیوانانەوە مسۆگەر بكات، ئەوە مەحاڵە".

ناوبراو لە وەڵامی ئەو رەخنانەی میسی كاپتنی ئەرجەنتین لەسەر بەڕێوەبردنی یاری هەڵبژاردەكەی و بەرازیل رووبەڕی زامبرانۆی كرد دەڵێت "ئەو لەنێو یاریگەدا وەك هەر یاریزانێكی دیكەیە، هیچ كێشەیەكی گەورە لەنێوانماندا رووینەدا، هەندێجار لێم نزیك دەبووەوە و بەشێوازێكی جوان قسەی لەگەڵ دەكردم، منیش هەروا، بۆیە هەرگیز لەو بڕوایەدا نەبووم كە دوای یارییەكە بەو شێوەیە قسە دەكات، بەڵام هەر چۆنێك بێت ئەوە بڕیاری خۆیەتی".

ناوبژیوانە ئیكوادۆریەكە لە دیدارێكییدا لەگەڵ رادیۆی Super K-800 دەشڵێت "ئێمەی ناوبژیوانان ئەوە دەزانین كە ڤار هەڵەی ناوبژیوانانی بە رێژەیەكی زۆر كەمكردووەتەوە، بەڵام هەرگیز كۆتایی بە هەڵەكان ناهێنێت".

ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە كە لەگەڵ سەرپەرشتیارانی ڤار بەۆی ائمادەبونی سەرۆكی بەرازیلەوە پەیوەندی پچڕابێت و وتی "هەرگیز پەیوەندیم لەگەڵ ڤار نەپچڕابوو، زۆر درۆی دیكەش كراون، وەك ئەوەی وتیان ناوبژیوانەكە بەهۆی هەستیاریی یارییەكەوە توشی دوودڵی و دڵەڕاوكێ بووبوو".

ئەو بە ششێوەیەكی توندیش وەڵامی رەخنەی لایەنگرانی ئەرجەنتین دەداتەوە و دەڵێت "من دڵنیابووم كە لەدوای یارییەكی وا گەورە، تیپی دۆڕاو بەدوای تۆمەتبارێكدا دەگەڕێت و لاوازترین لایەنیش بێگومان ناوبژیوانە".