ئاسیا سێڵ لەگەڵ كۆمپانیای نۆكیا پڕۆژەیەكی گەورە جێبەجێ دەكات


ژیان:  
ئاسیا سێڵ ئامادەكاری دەكات بۆ جێبەجێكردنی سیستەمی نەوەی پێنجەم (5G) بۆ ئەوەش دەستی كردووە بە جێبەجێ كردنی پڕۆژەیەكی گەورە لەگەڵ كۆمپانیای نۆكیای جیهانی. 

كۆمپانیای ئاسیاسێڵ كە كار لە پەیوەندیەكاندا دەكات لەسەر ئاستی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای دەكات كۆمپانیاكەیان "پرۆژەیەكی ستراتیجی گشتگیر بۆ تۆڕەكانی پەیوەندی لە بەغدای پایتەخت وچەند ناوچەیەكی تر بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیای نۆكیای جیهانیی ئەنجام دەدات".

ئەو كۆمپانیایە راشیگەیاند "لە ئێستادا ولە سەرتاسەری شاری بەغدا و چەند ناوچەیەكی تر دەستكراوە بە ئەنجامدانی پێشخستنی تۆڕەكانی ئاسیاسێڵ لە ڕووی خزمەتگوزارییەكانی پەیوەندی و ئینتەرنێت. وە لەگەڵ تەواوبوونی پرۆژەكە، بەمزوانە ولەم ساڵدا، بەشداربوانمان دەتوانن سوودمەندبن لە بەكارهێنانی تۆڕێكی پەیوەندی ئاست بەرز وئینتەرنێتی خێرا". 

كۆمپانیاكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە "وەك بەشێكیش لە پرۆژەكە، كۆمپانیای نۆكیا هەڵدەستێت بە هەڵسەنگاندن و هاوسەنگكردن پێوەری ئەدای تۆڕەكان، وتاقیكردنەوەی تایبەتمەندییە نوێیەكان كە كاریگەری گەورە و بەرچاوی دەبێت لەسەر ئەزموونی بەكارهێنانی بەشداربوان، هەروەها ئەم پرۆژەیە ڕێگە خۆش دەكات بۆ بەكارخستنی تەكنۆلۆجیای نەوەكانی داهاتوو".