وه‌زیرى خوێندنى باڵا له‌ دواین چركه‌كانى وەزیریدا چی کرد؟


ژیان: سەرتیپ وەیسی کەریم

له‌ماوه‌ى چوار ڕۆژى ڕابردوودا، یوسف گۆران، وه‌زیرى خوێندنى باڵاو توێژینه‌وه‌ى زانستى  ژماره‌یه‌ك بریارى به‌ ده‌ر له‌ یاسا و رێنمایى واژووكردووه‌، رێژه‌یه‌كى زۆر پاره‌ى له‌ سندوقى وه‌زاره‌ت به‌ ناوى پاداشت به‌ ده‌ر له‌ رێنماییه‌كان  بۆ ژماره‌یه‌ك فه‌رمانبه‌ر خه‌رجكردووه‌، هه‌موو ئه‌و كاره‌ نایاسایه‌نه‌ش كراوه‌ته‌ به‌ڵگه‌و پێشكه‌شى وه‌زیرى نوێ ده‌كرێت.

كارێكى گه‌وره‌یان كرد هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌ماوه‌ى چه‌ند مانگى ڕابردوو هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ وه‌زیرى خوێندنى باڵا كرد، پاشان وه‌ك ڕاپۆرت پێشكه‌شى جێگرى سكرتێرى گشتى و مه‌كته‌بى سیاسیان كرد، ئه‌وانیش به‌ هه‌ندیان وره‌گرت.

وه‌زیرى خوێندنى باڵا له‌ دواین چركه‌كانى چه‌ندین ئاسانكارى و بڕیارى بۆ سه‌رۆك زانكۆكانى هه‌رێمى كوردستان و ژماره‌یه‌ك زانكۆى باوه‌ڕپێنه‌كراو ده‌ركرد، له‌ پێناو مانه‌وه‌ى، به‌ڵام هیچیان دادى نه‌داو سه‌رجه‌مى ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تى و مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتیى له‌گه‌ڵ لادانى بوون به‌ پارتى دیموكراتى كوردستانیشه‌وه‌.

یوسف گۆران ڕۆیشت و  له‌گه‌ڵ تیمى قوباد ده‌مێنێته‌وه‌، ژووره‌كه‌ى خۆى به‌ ته‌واوى چۆلكردووه‌و چوارشه‌ممه‌ى داهاتووش پۆسته‌كه‌ى ئاڵوگۆڕده‌كات، به‌ڵام دڵنیابن ئه‌و كارانه‌ى له‌ ژێر به‌رگى چاكسازى و كه‌سى ته‌كنۆقرات كردوویه‌تى له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیك له‌ دادگاكان ڕووبه‌رووى ده‌بێته‌وه‌.




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە