نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لەبارەی گرژییەکانی کەنداو

گرژییەکانی کەنداو جێگەی مەترسیە

ژیان:

وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایدەگەیەنێت، ئەو گرژیانەی ئێستا لە کەنداو هەیە، بەردەوامیی هەبێت کارەساتی گەورەی لێدەکەوێتەوە و دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانێکی گەورە لە ناوچەکە.

فەرحان حەق وتەبێژى سکرتێرى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەیەکدا ڕایگەیاند، سەرهەڵدانی پێکدادان و توندبوونەوەی گرژییەکان لەکەنداو کۆتاییەکی باشی بەدواوە نابێت، چونکە کۆتاییەکەی کارەساتبارە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، پێشتریش ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێرى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین جار داواى لە لایەنەکانی کەنداو کردووە خۆیان بەدوور بگرن لە زیاترکردنی گرژی لە ناوچەکەدا.

هیواشى خواست سەرجەم وڵاتان ھەنگاوی پێویست بنێن لەپێناو رێگری لەشەڕ و پێکدادان.

ئەم هۆشدارییەى نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتێکدایە، ڕۆژی پێنجشەممە وەزارەتی بەرگری بەریتانیا رایگەیاندبوو، کەشتیەکی جەنگی وڵاتەکەی ھۆشداریداوەتە سێ بەلەمی ئێرانی کە ھەوڵیانداوە کەشتییەکی نەوتھەڵگری بەریتانیا لە گەروی ھورمز رابگرن، لەبەرامبەریشدا ئێران هەموو ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند ئێمە هەوڵی ئەوە نادەین کەشتیەکانی بەریتانیا ڕابگرین.