ئەو باندە دەستگیرکران کە هەڕەشەی کوشتنیان لە هاوڵاتیەک کردبوو

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی

ژیان:

پۆلیسی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، مه‌فره‌زه‌كانی‌ به‌شی‌ پۆلیسی‌ پێنجوێنی‌ سه‌ر به‌به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ باندێكی‌ چوار كه‌سیان ده‌ستگیركرد كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ كوشتنیان له‌هاوڵاتییه‌ك كردبو له‌به‌رامبه‌ر پێدانی‌ بڕێك پاره‌.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکیاندا ئاشکرای دەکەن، پاش تۆماركردنی‌ سكاڵای‌ یاسایی له‌لایه‌ن هاوڵاتی‌ (ح، م، غ) له‌سه‌ر كه‌سێك كه‌ له‌رێگه‌ی‌ موبایله‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ كوشتن‌و ته‌قه‌لێكردنی‌ لێكردووه‌ له‌ماڵ‌و دوكانه‌كه‌ی‌ كه‌ ئه‌گه‌ر بڕی‌ 10 هه‌زار دۆلاری‌ پێنه‌دا، دوای‌ وه‌رگرتنی‌ وته‌ی‌ سكاڵاكارو بڕیاری‌ به‌ڕێز دادوه‌ر، مه‌فره‌زه‌كانی‌ به‌شی‌ پۆلیسی‌ پێنجوێن به‌سه‌رپه‌رشتی‌ راسته‌وخۆی‌ به‌رێز به‌رێوه‌به‌ری‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانیان ده‌ستپێكردو زانیاری‌ وردیان له‌سه‌ر تۆمه‌تبار كۆكرده‌وه‌.

دەشڵێت، سه‌رئه‌نجام رۆژی 2019/7/10، له‌لایه‌ن مه‌فره‌زه‌كانی‌ به‌شی‌ پۆلیسی‌ پێنجوێن‌ به‌هاوكاری‌ به‌شی‌ پۆلیسی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوانی‌ سلێمانی توانرا خاوه‌نی‌ موبایله‌كه‌ بدۆزرێته‌وه‌ كه‌ تۆمه‌تبارێكه‌ به‌ناوی‌ (س، ح، س) له‌شاری‌ سلێمانی‌ ده‌ستگیركرا.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، له‌دانپێدانانه‌كانیدا تۆمه‌تبار رایگه‌یاندووه‌ كه‌ سێ كه‌سی‌ دیكه‌ی‌ له‌گه‌ڵدایه‌و هاوكارییان كردووه‌ له‌هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌سكاڵاكار.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دواتر له‌لایه‌ن مه‌فره‌زه‌كانی‌ به‌شی‌ پۆلیسی‌ پێنجوێن‌و به‌شی‌ پۆلیسی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوانی‌ سلێمانی‌ توانرا تۆمه‌تبار (ی، ع، ق) له‌شاری‌ سلێمانی‌ ده‌ستگیر بكرێت.

دەشڵێت، هاوكات هه‌ردو تۆمه‌تبار (ج، ع، ق - د، ن، أ) له‌قه‌زای‌ پێنجوێن‌و له‌لایه‌ن مه‌فره‌زه‌كانی‌ به‌شی‌ پۆلیسی‌ پێنجوێنه‌وه‌ ده‌ستگیركران و له‌ئێستادا هه‌ر چوار تۆمه‌تباره‌كه‌ به‌بریاری‌ به‌رێز دادوه‌ر راگیراون‌و له‌لایه‌ن به‌شی‌ پۆلیسی‌ پێنجوێنه‌وه‌ په‌ڕاوی‌ لێكۆڵینه‌وه‌یان بۆ رێكخراوه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیاندا به‌رده‌وامه‌.