گەنجێک لە دهۆک لەبری فرمێسک، خوێن بە چاوی دێتە خوارەوە

دهۆک

ژیان:

گەنجێک لە قەزای بەردەڕەشی سەر بە پارێزگای دهۆک، تووشی نەخۆشیەکی دەگمەن بووە و لە بری فرمێسک خوێن لە چاوەکانی دێتە خوارێ، خێزانی ئەو گەنجەش داوای یارمەتی لە حکومەت دەکەن.

محمود بەهجەت، گەنجێکى تەمەن 23 ساڵە و پیشەى کاسبکارە و دانیشتووى گەڕەکى شیوەڕەى قەزاى بەردەڕەشى سەربە پارێزگاى دهۆکە، ماوەى دوو مانگ دەبێت تووشى نەخۆشییەکى نامۆ بووە و رۆژ دواى رۆژ نەخۆشییەکەى لە پەرەسندندایە.

مەحمود لەبارەی نەخۆشیەکەیەوە بە ئاژانسی ئانادۆڵۆی وتوە "ماوەى دوو مانگ دەبێت تووشى نەخۆشییەک هاتووم کە خوێن لە چاو و گوێ و سەرم دێت بەبێ ئەوەى هیچ بریندار بوون و بەرکەوتنێک، نەک هەر خۆم و خانەوادەکەم تەنانەت پزیشکەکانى پارێزگاى دهۆک، و پارێزگاى نەینەواش سەریانسوڕماوە لە نەخۆشییەکەم".

راشیگه‌یاند، "سەرەتا خوێن لە دەم دەهات، زۆر هەوڵماندا دکتۆرەکان هیچ چارەسەرێکیان نەدۆزییەوە، دواتر نەخۆشییەکەم پەرەى سەند و خوێن لە چاو، گوێ و سەریشم هات، لەو کاتەى خوێن لە چاوم دێت پێستى رووخسارم دەجوڵێت، تا ئێستا 50 پشکنینى پزیشکیم ئەنجامداوە، هیچ ئەنجامێک دەرنەکەوتووە و تا ئێستا ناو و جۆرى نەخۆشیەکەشم نازاندرێت".

هاوكات ئازاد بەهجەت براى ئەو گەنجە نەخۆشەیە رایگه‌یاند، بە شەو و رۆژ من، دایکم و باوکم و براکانى دیکەم وەکو پاسەوان و ئێشکگرێک لە چاودێرى تەندروستى براکەمانین، بۆ ئەوەى نەخۆشییە قورسەکەى تووشى هیچ کێشەى دیکەى نەخوازراومان نەکات، بۆیە داواکارم لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان، چارەسەرێک بۆ نەخۆشییەکەى ئەم گەنجە بدۆزنەوە.