ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ ژنێکی دووگیان بەدەستی براکەی کوژرا

کوشتنی ژنان لەلایەن کەسانی نزیکی خۆیان لە ڕۆژهەڵات زیادی کردووە

ژیان:

لە یەکێک لە گوندەکانی نزیک لە دیواندەرەی سەر بە پارێزگای سنە، ژنێکی دووگیان بەهۆی کێشەی خێزانییەوە لەلایەن براکەیەوە کوژرا.

دوێنێ پێنجشەممە 11-7-2019، ژنێکی گەنجی خەڵکی گوندی "تازاوا"ی دۆڵەڕەش سەر بە دیواندەرە بە ناوی "زارا ڕەسووڵی" بە دەستی براکەی بە ناوی "عەبدول ڕەسووڵی" خنکێندرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاوی ڕاگەیاند، عەبدوڵ ڕەسووڵی کە برای ژنەکەیە کێشەی لەگەڵ هاوژینی زارا هەبووە کە ئامۆزاشیانە بە ناوی "حەبیبوڵڵا ڕەسووڵی" و گوشاری خستووەتە سەر زارا کە لە هاوژینەکەی جیابێتەوە و ناوبراویش ئامادەی ئەوە نەبووە لە هاوسەرەکەی جیا بێتەوە.

ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، زارا دووگیان بووە و دایکی منداڵێکی تەمەن 12 ساڵیشە دوای ئەوەی بە قسەی براکەی نەکردووە، لەلایەن ناوبراوەوە خنکێندراوە.

هاوژینی زارا شوان بووە و لەکاتی کوژرانی ژنەکەی لە ماڵ نەبووە و دەوترێت بکوژ خۆی ڕادەستی بنکەی پۆلیس کردووە.