نەخۆشی جیوب؛ نیشانەو هۆكارەكانی

بۆ خۆپاراستن لە هەوكردنی جیوبەكان پێویستە خۆمان لە سەرما‌و توش بوون بە هەڵامەت بپارێزین

ژیان: شەیما حوسێن

نەخۆشی جیوب یەكێكە لەو نەخۆشیانەی كە لە ئێستادا زۆربەی كەسەكان پێوەی دەناڵێنن، بەو هەكردنە دەوترێت كە لەچاڵە هەوایەكانی ناو ئیسكەكانی دەم‌و چا‌و روودەدەن.

عادل عەبدوڵابەرزنجی، پسپۆڕی نەخۆشیەكانی قورگ‌و گوێ‌و لوت‌و جوانكاری بۆ ژیان دەڵێت "جیوب بەو هەكردنە دەوترێت كە لەچاڵە هەوایەكانی ناو ئیسكەكانی دەم‌و چا‌و روودەدەن، چڵك هەڵگرتنی دەرچە هەواییەكان ( كە ناهێڵن لینجیەكان بگەنە ناو لوتەوە)، بە تایبەتی لە وەرزی سەرما‌و كاتی هەڵامەتدا وادەكات ببێتە هۆی گیرانی تەواوەتی یان بەشی زۆری دەرچەكان‌و بەمەش دەردراوەكان (لینجیەكان) فرێدەدرێنە ناو لوت، بەمەش فشارێكی زۆر دەخەنە سەر چاڵە هەواییەكان، كەئەمەش ناڕەحەتی دروست دەكات بۆ كەسی توشبوو".

ئاماژەی بەوەشكرد، جیوبەكان وەك هەموو ئەندامەكانی تری لەش بریتین لە كۆمەڵێك خانەی هەوای كە لە ناو ئێسكەكانی سەر‌و ئێسكەكانی دەم‌و چا‌و ژێر كاسەی سەردا هەیە، دەتوانین بیكەین بە چوار بەشەوە دوانیان پێیان دەوترێت مەگزلەری لە لای راست‌و چەپی لوت لە ئێسكی رومەت دایە، چەند خانەیەكی هەوای ترمان هەیە كە لە نێوان هەردوو چاو دایە سەقفەكەیان ژێر كاسەی سەرە، لە پشت ئەمانیشەوە دوخانەی ترمان هەیە پێیان دەوترێت پینتۆید، لە كۆتایی لوت‌و سەر برۆكان بۆشاییەك هەیە پێی دەوترێت فرۆنتەڵ، ناو پۆشی جیوبەكان بریتی یە لە بەردەوام بونی ناوپۆشی لوت واتە ناوپۆشی جیوبەكان‌و ناوپۆشی لوت لە رێگەی چەند دەرگایەكەوە كە جیوبەكان دەكاتەوە بۆ ناو بۆشایی لوت ئەمانیش فرمانیان تەڕكردنی لوتە كە رَۆژانە لینجاوێك دەردەدات بۆ ناو لوت.
بەرزنجی رونیشكردەوە، چەند بیردۆزەك هەیە كە دەڵێت فرمانەكانی جیوب بریتین لەسەر سوك كردن، هەوەها سەر لە زەبری دەرەكی دەپارێزێت، بڵاوترین ئەو نەخۆشیانەی كە توشی جیوبەكان دەبێت بریتین لە هەوكردن، زەبری دەرەكی وەك شكانی ئێسكەكانی لوت‌و هەروەها ناڕێكی كۆڵەكەی لوت، هەروەها نەخۆشیە شێرپەنجەییەكان كە توشی جیوبەكان دەبن، یان زۆرجار بە هۆی نزیكی جیوبەكان لە ددانەكانەوە بە تایبەتی ئەو جیوبانەی لە ئێسكی رومەتدا هەیە بە هۆی هەوكردنی ددانەوە ئەمەش كاریگەری دەكاتە سەر جیوبەكان. 

سەر ئیشەی جیوب بەوە جیادەكرێتەوە كاتیك سەر دائەنەوێنرێت ئازاری سەر ئێشەكە زیاد دەكات

سەبارەت بە هەوكردن جیوب، دكتۆر عادل ووتی "بەربڵاوترین نەخۆشیە كە توشی جیوبەكان دەبێت، سەرەكیترین هۆكار بۆ تووش بونی جیوبەكان بە هەوكردن بریتییە لە سەرما بون‌و هەڵامەت، هەوكردنی جیوبەكان سێ جۆرە هەوكردنی كتوپڕی ئەگەر كەسێك توشی هەوكردنی جیوب بوو بە هۆی هەڵامەتەوە ماوەكەی لە هەفتەیەك زیاتر نەبوو ئەوە زۆر جار پێویست بەوەرگرتنی چارەسەر ناكات ئەگەر هەوكردنی جیوبەكە رێژەیەكی كەم بێت، یان هەندیكجار چەند دەرمانێكی سادە وەردەگرێت بۆ ئازار یان بۆ تا یاخود قەترەیەك بۆ لوت بۆ ئەوەی بكرێتەوە. بەڵام ئەگەر هەوكردنی جیوبەكە لە هەفتەیەك تێپەڕی كردو نیشانەكانی جیوبی تێدا دەركەوت، كەسێك هەڵامەتی گرتووەو لە هەفتەیەك تێپەڕی كرد‌و نە خۆشەكە هەستی كرد رۆژ لە دوای رۆژ پیسی لوتی زیاد دەكات، ئەم پیسیە زۆربەی كات دێتەوە ناو قورگ لە پشتی لوتیەوە، ئەم پیسیە زیاد دەكات نەخۆش هەست دەكات لوت گیرانی زیاد دەكات‌و سەر ئێشەی بۆ دروست دەبێت‌و ئازار دروست دەبێت لە نێوچەوان‌و پشتی سەر، ئەگەر هەوكردنەكە زۆر بێت ئەو ئازارە رەنگە هەموو سەری بگرێتەوە، لەماوەی سێ هەفتە بۆ سێ مانگ ئەگەر هەوكردنی جیوب چارەسەر بكرێت ئەوە نەخۆشەكە لەوانەیە تەواو چاك ببێت، بەڵام ئەگەر چارەسەر نەكرێت ئەو جیوبە دەبێتە درێژ خایەن".

چەندین جۆر سەر ئێشە هەیە، بەڵام سەرئێشەی جیوب جیاوازترە، بەرزنجی رونكردنەوەی زیاتریداو ووتی، سەر ئیشەی جیوب بەوە جیادەكرێتەوە كاتیك سەر دائەنەوێنرێت ئازاری سەر ئێشەكە زیاد دەكات ئەمە یەكێكە لە نیشانەكانی سەر ئێشەی جیوب، چونكە زۆربەی ئەو نەخۆشانەی كە هەوكردنی جیوبەكانیان هەیە كاتێك سەر دائەنەوێنن ئازاری سەر ئێشەكەیان زیاد دەكات یان بەیانیان كە لە خەو هەڵدەستن هەست بەئازار‌و قورسیەك دەكات لەسەری دا چونكە ئیفرازاتەكە لە جیوبەكەدا كۆبۆتەوە.، لە سەر ئیشەی جیوب دا شوێنی ئازارەكە گرنگە واتە هەر جۆرێك لە جیوبەكان توشی هەوكردن ببێت ئازارەكە لەو شوێنەدا دروست دەبێت. بۆ نمونە ئەگەر جیوبی لای رومەتەكان توشی هەوكردن ببێت ئەوا ئازارەكە لەو بەشەدا دروست دەبێت، بەڵام ئەگەر هەموو جۆرەكان پێكەوە توشی هەوكردن ببێت ئەوا سەر قورسیەكی زۆر‌و ئازار لە ناو چەوان‌و دەم‌و چاو هەتا تەوقی سەردا دروست دەبێت.

سەبارەت بەبەكار هێنانی دەرمان بۆ نەهێشتنی جیوب، دكتۆر عادل ئاماژەی بەوەكرد، هەندێك دەرمانی دژە هەوكردن هەیە كاریگەری باشیان هەیە لە چارەسەركردنی جیوبەكان، ئەگەر هەوكردنەكە بە هۆی توش بوون بە هەڵامەتەوە بوو مەرج نییە یەكسەر دەرمان وەربگرێت، بەڵام ئەگەر هەوكردنی بەكتریای هات بەسەرداو هەڵامەتەكە لە هەفتەیەك زیاتر بخایەنێت لەم حاڵەتەدا نەخۆش پێویستی بە وەرگرتنی دەرمان هەیە بۆ چارەسەر كردن، هەروەها ئەو كەسانەش كە حەساسیەیان هەیە لەكاتی هەوكردنی جیوبەكان پێویستە دەرمان وەربگرن بۆ چارەسەركردن، وەرگرتنی دەرمان رۆڵێكی باشی هەیە لە چارەسەركردنی جیوبەكان ئەگەر نەخۆشەكە لە سێ هەفتەی یەكەمدا دژە هەوكردنێكی باش وەربگرێت وەك قەترەی لوت‌و هەندێك دەرمانی تر ئەوە سودی لی َدەبینێت وەك چارەسەر، بەڵام هەندێك نەخۆش درەنگ هاتووە بۆ چارەسەر یان جۆرە دەرمانێكی بەكارهێناوە باش نەبووە یان ئەو دەرمانانە بەكۆرسێكی تەواو وەرناگرێت بە پێی رێنمایی پزیشك، بۆ نمونە زۆرجار نەخۆشەكە سێ دەنك لە دەرمانی ئەمۆكسیل بەكاردەهێنێت هەست بە باشبونێكی كاتی دەكات واز لە دەرمانەكە دەهێنێت، ئەمەش وادەكات بەكتریاكان بەرگریەك بەرامبەر ئەو دەرمانە دروست بكەن‌و نەخۆش سود لەو دەرمانانە وەرنەگرێت پاش ماوەیەك ئەم هەوكردنە دروست دەبێتەوە‌و دەبێتە هەوكردنێكی درێژ خایەن،زۆر جاریش نەخۆش كۆرسێكی تەواو لەو دەرمانانە وەردەگرێت، بەڵام هەر لەئیفرازات‌و هەوكردنی جیوبەكان رزگاری نابێت، چونكە ناو پۆشی لوت ئیتر بەرەو گۆڕنكاری دەڕوات‌و ناو پۆشی جیوبەكان وردە وردە گەورە دەبێت‌و دەئاوسێت. 

ناكرێت قەترەی باشتركردنی جیوب لە چوار رۆژ زیاتر بەكار بهێنرێت

نەخۆشییەكان بە گشتی لە نێوان تەمەنەكان جیاوازی هەیە بە تایبەت لەنێوان تەمەنی منداڵ‌و گەورە، بەرزنجیش دەڵێت، توش بوون بە هەوكردنی جیوبەكان لە منداڵدا كەمترە، چونكە منداڵ كە لە دایك دەبێت جیوبەكانی ئێسكی رومەت دروست بووە، بەڵام قەبارەیان بچوكە، بەڵام جیوبی ناوچەوان‌و ئەو جیوبەی كە لەپشتەوەیە هەندێك منداڵ ئەو خانە هەواییەی لە دوای تەمەنی سێ ساڵیەوە بۆ دروست دەبێت، لە بەرئەوە ناڵێین منداڵ توش نابێت توش دەبێت، بەڵام بە رێژەیەكی كەمتر بە بەراورد لەگەڵ گەورەدا، لە گەورەدا هەندێك هۆكاری تر دروست دەبێت وەك حەساسیەت كە ئەمەش دووەم هۆكارە لەدوای هەڵامەت بۆ توش بونی جیوبەكان بە هەوكردن.

زۆرێك لەوكەسانەی تووشی نەخۆشی جیوب دەبن، پەمپ بەكار دەهێنن، بەلام شێوەی بەكار هێنانەكە جیاوازە، لەو رووەوە بەرزنجی دەڵێت "هەوكردنی جیوبەكان پێویستە لەزوترین كاتداچارەسەر بكرێت، چەند جۆرێك پەمپ هەیە بەكاردەهێنرێت بۆ گیرانی لوت‌و هەوكردنی جیوبەكان وەك زایلۆ میتازۆلین یان پەمپی ئۆتریڤین، ئەمانە لە زۆربەی دەرمان خانەكاندا دەست دەكەوێت لەم جۆرە پەمپانە نوسراوە لەماوەی (4 رۆژ بۆ هەفتەیەك ) نابێت زیاتر بەكار بهێنرێت، ئەگەر نەخۆش بۆماوەیەكی زۆر ئەم قەترانە بەكاربهێنێت باش نییە، چونكە بۆ ئەوە دروست كراوە لەكاتی توش بوون بە هەڵامەت بەكار بهێنرێت بۆ ئەوەی ناوپۆشی لوت بچوك بكاتەوە‌و بكرێتەوە، هەروەها بۆ هەناسەدان‌و هاتنە خوارەوەی ئەو ئیفرازاتە، بەڵام ئەگەر نەخۆش بۆ ماوەیەكی زۆر بەكاریبهێنێت كارەكەی پێچەوانە دەبێتەوە وای لێدێت لە جیاتی ئەوەی بیكاتەوە زیاتر ناو پۆشی لوت هەڵدە ئاوسێنێت، بۆیە پێویستە بۆماوەیەكی دیاری كراو‌و بە پێی رێنمایی پزیشك ئەو جۆرە قەترانە بەكار بهێنرێت، ئەگەر نەخۆشێك زوو زوو توشی هەوكردنی جیوبەكان ببێت‌و پێویست بكات هەموو كاتەكان دەرمان بەكاربهێنێت ئەوا پێویستە نەخۆشەكە نەشتەرگەری بۆبكرێت یان لە كاتێكدا نەخۆش كۆڵكەی لوتی ناڕیك بێت یان گۆشتی زیادەی پشتی لوتی هەبێت لەم حاڵەتانەدا دوای سەیركردنی جیوبەكان لە لایەن پزیشكەوە نەشتەرگەری بۆنەخۆشەكە دەكرێت.

ئەگەر نەخۆشێك زوو زوو توشی هەوكردنی جیوبەكان ببێت، پێویستە نەشتەرگەری بۆبكرێت 

پێشتر نەشتەرگەری بۆ جیوب كۆڵەكەی لوت بەشێوازێكی تر دەكرا، بەڵام بە پێی ووتەی عادل عەبدوڵابەرزنجی، پسپۆڕی نەخۆشیەكانی قورگ‌و گوێ‌و لوت‌و جوانكاری ئێستا نەشتەرگەریەكە جیاوازە، بەجۆرێك نەشتەرگەری جیوب لە ئیستادا جیاوازە لەونەشتەرگەریە تەقلیدیەی ساڵانی پێشتر دەكرا، كە بریتی بوو لە كردنەوەی جیوبەكان لە رووی دەرەوە یان كونێك دەكرایە بەشی خوارەوەی جیوبەكە، بەڵام لە ئێستادا نەشتەرگەری جیوب بەشێوەی هەناو بینی (نازور) بۆ نەخۆش دەكرێت، ئامانج لەم نەشتەرگەری یە بریتی یە لەكردنەوەی زیاتری دەمی جیوبەكان كە تەسك دەبێتەوە‌و یان بەتەواوی دەگیرێت ئیتر ئیلتیهابەكە لە ناوەوە دەمێنێتەوە، وەهەروەها ناو جیوبەكە بە جوانی دەبینرێت‌و یەك بەیەكی ئەو جیوبانەی كێشەیان هەیە پاك دەكرێتەوە، ئەم نەشتەرگەرییە بە سڕكردنی گشتی دەكرێت، زۆرجار ئەم نەشتەرگەری یە ماوەی 2-3 كاتژمێر دەخایەنێت، ئەم نەشتەرگەری هەناو بینی یە چارەسەری نەخۆشیەكانی تری جیوبی پێ دەكرێت وەك نەخۆشیە شێرپەنجەیەكان ، هەروەها ئەگەر تەنی نامۆ لەناو جیوبەكان هەبێت دەتوانرێت بەم نەشتەرگەریە چارەسەر بكرێت، بۆ خۆپاراستن لە هەوكردنی جیوبەكان پێویستە خۆمان لە سەرما‌و توش بوون بە هەڵامەت بپارێزین، هەروەها ئەوكەسانەی كە حەساسیەت یان هەیە پێویستە دەرمان وەربگرن بۆ چارەسەر بۆ ئەوەی توشی هەوكردنی جیوبەكان نەبن.