سەرۆک کۆماری عێراق پیرۆزبایی لە ڕێواس فایەق دەکات

بەرهەم ساڵح، ڕێواز فایەق

ژیان:

سەرۆک کۆماری عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە سەرۆکی نوێی پەرلەمانی کوردستان كرد، بەبۆنەی وەرگرتنی متمانەی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست.

لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق پیرۆزبایی گەرمی خۆی ئاڕاستەی ڕێواس فایەق سەرۆكی نوێی پەرلەمانی كوردستان كردو ھیوای خواست سەركەوتو بێت لە زیاتر گەشەپێدانی دیموكراسی و چەسپاندنی بنەماكانی عەدالەتی كۆمەڵایەتی لە دەركردن و هەمواركردنەوەی یاساكان.

لەبەشێكی دیكەی پەیوەندیە تەلەفۆنیەكەدا، بەرهەم ساڵح پشتیوانی و پاڵپشتی خۆی بۆ سەرۆكی نوێی پەرلەمانی كوردستان دەربڕی و تەئكیدیكردەوە كە هاوكاری دەبێت لە هەماهەنگی نێوان پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانی عێراق، بە ئامانجی كاركردن لەسەر ئەو یاسایانەی پەیوەندیدارن لە نێوان هەرێم و بەغداد.

لای خۆشیەوە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، سوپاسی سەرۆك كۆماری عێراقی كرد بۆ پەیامی پیرۆزبایی و پشتیوانیكردنی و جەختی كردوە كە بەهەمو توانای هەوڵ دەدات كار لەسەر ئەو پرۆژە یاسایانە بكرێت كە بنەماكانی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان پێشدەخەن و خزمەت بە خەڵكی كوردستان دەكەن.