شەنگە حەسەن: لەداهاتوودا وەك براندێكی كوردی جلوبەرگی ئامادەمان دەبێت

شەنگە و ئەو کەسانەی کاری بۆ کردوون

ژیان: هۆزان عیرفان

شەنگە حەسەن، یەكێكە لە كچە دیزاینەرەكانی شاری سلێمانی، لەساڵی 1988 لە شاری سلێمانی لە دایك بووە، دەرچووی پەیمانگای تەكنیكی كشتوكاڵی سلێمانیە، لە ئێستاشدا خاوەنی پرۆژەیەكی دورین‌و دیزاینی جلوبەرگە بەناوی مرواری، خەونی بۆ پیشەكەی هەیە بیكات بەبراندێكی كوردی.

شەنگە حەسەن، لە شاری سلێمانی كاری دیزاین دەكات‌و خاوەنی ماركەی مراواری یە، ئێستاش یەكێكە لە دیارترین ئەو خاتوونانەی لەم بوارەدا ناوبانگی پەیدا كردووە‌و یەكێك بوو لە دیزاینەرە بەشداربوەكان لە هەفتە نمایشی كوردستان كە لە ئەمساڵدا بۆ یەكەمجار بەڕێوەچوو.

سەبارەت بە دەستپێكی بە كاری دیزاین ووتی "بیرۆكەی دیزانین كردنی جلوبەرگ بۆ پێنج ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە كە وەك فریلانس كارم كرد‌و دواجار ساڵی 2016 مرواریم دامەزراند".

شەنگە باسی لەوەشكرد، دەمەوێت دیزاینەكانم وەك ماركەیەكی كوردی لە كوردستان‌و دەرەوەی كوردستانیش بناسێندرێت‌و بڵاو بێتەوە، ئەوەش خەونێكی گەورەی ژیانم بووە كە بە بەردەوامی هەوڵی بۆ دەدەم.

ئاماژەی بەوەشكرد، كاركردنی لەو بوارەدا تەنیا حەزو خولیایە، پێشی وایە دیزاینەر پێویستی بە لێهاتووی‌و توانای داهێنەرانەیە، كارەكانیشم تەنیا بیرۆكەی خۆمن‌و هیچ ئەكادیمیایەكم نیە بەداخەوە، چونكە لە كوردستان هیچ بوارێكی خوێندنی دیزاین بوونی نیە كە زۆر گرنگیشە.

سەبارەت بەو پرسیارەش كە ئایا لە كوردستاندا ئەم بابەتەی ئێوە(دیزاینەر) تا چەند گرنگە؟ شەنگە ووتی، بێگومان هەر شتێك كە دروست دەبێت‌و دەخولقێت گرنگە جا بۆ كوردستان بێ یان دەرەوە‌و بەتایبەتیش لە كوردستاندا كەئیدی پێویستە لەسەرجەم بوارەكاندا بەرهەم‌و هێزی ناوخۆمان هەبێت.

سەبارەت بە دۆزینەوەی مرۆڤی مۆدیل بۆ رەگەزی كچ ئاماژەی بەوەكرد، ئێمە لەبەر ئەوەی بە تەنیا بۆ خانمان كار دەكەین بۆیە تەنیا پێویستمان بە مۆدێلی كچە ئەوەش زۆر قورسە لە دوو روەوە، یەكەم كە هێشتا قبوڵكردنی ئەو كارە بۆ كچان بەتەواوی قورسە لەلایەن كۆمەڵگاوە، دووەمیش كچێك كە شێوە‌و بەژن‌و بالای ستانداردی بۆ ئەو كارە هەبێت زۆر كەمن.

باسی لەوەشكرد، ئەوەی ئێستا دەبینرێت لە كوردستاندا 1%ی دیزاینەرەو ئەوەی دیكەی كاری دەستی دەكەن.

ورە بەرزی‌و خۆبەدەستەوە نەدان یەكێكی ترن لە تایبەتمەندییە گرنگەكان كە دەبێت لە دیزانینەردا ببینرین‌و لەكاتی كاردان، ئەمەش تاچەندە رەنگدانەوەی لەسەر تۆهەیە؟ شەنگە باسی لەوەكرد، ورە بەرزی‌و كۆڵنەدان بۆ هەر كارێكی ژیان پایەیەكی بنچینە‌و گرنگە بۆ من‌و سەرچاوەی سەركەوتنمە.

شەنگە باسی لە كاری داهاتووی كردو ووتی "ستافەكەمان لە چوار كەس پێكهاتوون، لەئێستاشدا تەنیا دیزاینەكانیان بۆ كچانە، بەڵام لەداهاتوودا وەك براندێكی كوردی جلوبەرگی ئامادەمان دەبێت كە زۆر نزیكە".

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئایا كاری دیزاین بۆتە سەرچاوەی بژێوی ژیانی، شەنگە ئاماژەی بەوەكرد، كاری دیزاین لە ئێستادا بۆ هیچ كەسێك نابێتە سەرچاوەی بژێوی نەك تەنها بۆ من، رەنگیشە لە داهاتوودا نرخی زیاتری بزانرێت‌و ئەو ئاراستەیەش بگۆڕێت.

شەنگە ئاماژەی بەو ئاستەنگیانە كرد كە روبەڕووی بۆتەوە رونیكردەوە، هەموو كارێك ئاستەنگی تێدایە بەتایبەت ئەگەر كچ بێت‌و بە تایبەتی تریش لە كوردستان بێت.

شەنگە لە رێگەی ژیان باسی لە خەونەكانی كرد ووتی "خەونم بۆ پیشەكەم ئەوەیە براندێكی كوردی لە بازاڕەكانی كوردستان‌و جیهاندا بوونی هەبێت".

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئایا پێت وایە لە پاش هاوسەرگیری دەتوانیت لە كارەكانی بەردەوام بێت؟ شەنگە ووتی "نازانم ئەگەر رۆژێك بیرۆكەی هاوسەرگیریم بۆ دروست ببێت گۆڕانكاری بۆ ژیانم چۆن دەبێت، بەڵام من وەك كارەكەم بە دڵنیایی تا هەر كاتێك خۆم بمەوێت هیچ شتێك ناموەستێنێت".

ئەوەشی خستەڕوو، كاری ترم هەیە جگە لەكاری دیزاین كەلەداهاتوودا خۆتان دەیبینن‌و لە ئێستادا باسی ناكەم.