داوا دەکرێت ناردنی پارەی هەرێم ڕابگیردرێت

پەرلەمانتارێک: عەبدولمەهدی ناچار دەکەین ناردنی ئەو پارەیە بۆ هەرێم ڕابگرێت
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق

ژیان:

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندوە كە بەهۆی پابەندنەبونی هەرێم بە یاسای بودجەی 2019ی عێراق، داوا دەكەن عادل عەبدولمەهدی لە پەرلەمانی عێراق لێپرسینەوەی لەگەڵدا ئەنجامبدرێت.

عەلا ڕوبەیعی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی چاكسازی لە پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە "زیاتر لە شەش مانگ بەسەر پەسەندكردنی بودجەی گشتی ساڵی 2019دا تێپەڕیوە، تا ئێستا هەرێمی كوردستان پابەند نەبووە بە جێبەجێكردنی بڕگەكانی یاساكە".

دەشڵێت "پێویستە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بانگهێشتی پەرلەمان بكرێت بۆ ئەوەی لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت".

بە وتەی ڕوبەیعی "لە پەرلەمان واژۆ كۆكرایەوە لەپێناو گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی كە حكومەت ناچار بكات، ئەو بڕە پارەیەی بۆ هەرێمی كوردستان دەنێردرێت ڕابگرێت".