ئەو کەسەی بە جلوبەرگی کچانەوە کوڕانی دەخەڵەتاند دەستگیرکرا

ئەو گەنجەی لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کراوە

ژیان:

پۆلیسی پارێزگای دهۆک گەنجێکی لە قەزای ئامێدی دەستگیرکرد، کە جلوبەرگی کچانی لەبەر دەکرد و کوڕانی پێ هەڵدەخەڵەتاند.

هێمن سلێمان، وتوبیژی پۆلیسی دهۆک لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیویەتی، پۆلیس توانیویەتی ئەو کەسە دەستگیر بکات کە خۆی وەک کچان لێدەکرد و لەو ڕێگەیەوە پارەی لە کوڕان سەندووە.

پۆلیسی دهۆک گرتە ڤیدیۆی ئەو گەنجەی بڵاو کردووەتەوە کە بە وتی خۆی، چاوی وەک کچان لێکردووە و هەر وەک کچانیش سەرپۆشی کردووە و لە ڕیگەی فەیسبووکەوە خۆی پیشانی کوڕان دەدا.

دەشلێت، ئەگەر کوڕەکان جەستەی خۆیان نیشانی ناوبراو دابێت هەرەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی لێیان کردووە و داوای پارەی لێکردوون.