نێچیرڤان بارزانی: ناتوانین هەموو دەرچووانی زانکۆ دابمەزرێنین

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

ژیان:

سەرۆکی هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، بەهۆى باشبوونى دۆخى داراییەوە هەلی کارى زیاتر بۆ گەنجان دەڕەخسێت، دەشڵێت، کەرتى گشتى ناتوانێت هەموو دەرچووانى زانکۆ دابمەزرێنێت.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە پێشانگەی کاری روانگە فورەسی کردەوە کە تێیدا هەزاران هەلی کار بۆ ئەوانەی خوازیاری کارن دەدۆزێتەوە، ڕایگەیاند ئەگەر شەڕى داعش و قەیرانەکان نەبووایە، ئەوا بێگومان دۆخی ئابوری کوردستان باشتردەبوو.

وتیشی، رەخساندنی هەموو دەرفەتێکی کار تەنها بۆ یەک کەسیش بێت، کارێکی گرنگە. ئومێد و ژیان سەرەتا و ئەزموونێکی تازە بۆ کەسێک و خانەوادەیەک دەستەبەر دەکات و وابەستەیی بە نیشتمان و خۆشەویستی بۆ خاک بەهێزتر دەکات.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، قۆناغ و ڕۆژگارى زۆر سەخت و ئاڵۆزیان بە ڕێکردووە و ئێستا بە ئومێدەوە لە ئایندە دەڕوانن کە دەرفەتى ژیانێکى باشتر و دەرفەتى کارى زیاتر بۆ گەنجان دابیندەکات.

نێچیرڤان بارزانى باسی لەوەشکرد، ئەزمونى وڵاتانى پێشکەوتوو دەریخستووە تەنیا ئەرکی حکومەت نییە دەرفەتى کار بۆ گەنجان بڕەخسێنێت و بە پێویستى زانى کەرتى گشتى و تایبەت و کۆمەڵگەى مەدەنى پێکەوە هەماهەنگ بن تاوەکو بەهەموویانەوە هەلی کار بۆ گەنجان بڕەخسێنن.