سێ كادری یەكێتی بۆ بون بە ئەندامی سەرکردایەتی نامەیەک بۆ کۆسرەت رەسوڵ دەنێرن


ژیان: 
سێ كادری باڵای یەكێتی داوا دەكەن بكرێن بە ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی حزبەكەیان بۆ ئەوەش نامەیەك ئاراستەی جێگری سكرتێری گشتی دەكەن. 

بە گوێرە نوسراوێ كە واژۆی هەریەكە لە مەحمود قەرەداغی و پۆڵا سیروان تاڵەبانی و چەتۆ ساڵح سەعید_ی بەسەرەوەیە و ئاراستەی كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، كراوە و تیایدا دەڵێن "دوای كەمبونەوەی ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی لە ٥٥ ئەندامەوە بۆ ٥١ ئەندام و بە پێویستی دەزانین وەك عورفێكی ریكخراوەیی یەكێتی چەند ئەندامێك زیاد بكرێت بۆ شوێنگرتنەوەی ئەو چەند ئەندامەی كەمكراونەتەوە".

هەر لە نوسراوەكەدا ئەو كادرانەی یەكێتی ئاماژە بەوەش دەكەن بە پێی ماددەی ٢٩ی تایبەت بە ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی و برگەی یەكەم و شەشەم لە مادەی ٢٧ی تایبەت بە دەسەڵاتەكانی سكرتێری گشتی كە لە لای جەنابتانە بكرێین بە ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی، ئەوان بۆ داواكاریەكەیان پشتیان بەستووە بە ریزبەندی دەنگە بەدەستهاتووەكانیان لە كۆنگرەی سێهەمی حزبەكەیاندا.