نوسینگەی عادل عەبدولمەهدی: مەسرور بارزانی پەرۆش بووە بۆ سەردانكردنی بەغداد


ژیان: 
نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند كە سەرۆكی حكومەتی هەرێم پەرۆش بووە بۆ ئەوەی یەكەم سەردانی لەدوای دەستبەكار بونی وەك سەرۆكی حكومەت بۆ بەغداد ئەنجام بدات. 

نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، رایگەیاند: عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە میانی پێشوازیكردنی لە وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختیكردەوە لەو كەشە هەماهەنگی و لێكگەیشتنەی لەگەڵ حكومەتی هەرێم و حكومەتە خۆجێییەكاندا دروست بووە.

نوسینگەی سەرۆك وەزیران لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبونەوەكە ئاشكرای دەكات، ئەو كەشەی هەیە گرنگە بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكان لەسەر بنەمای دەستور و "یەكێتیی گەل و خاك"ی عێراق.

لە دیدارەكەدا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاندووە كە پەرۆش بووە بۆ ئەوەی لە دوای دەستبەكاربوونی وەك سەرۆك وەزیران، بەغدا بكاتە یەكەم وێستگەی سەردانەكانی.

بارزانی بە سەرۆك وەزیرانی وتووە خوازیاری كاری هاوبەش و هەماهەنگین لەگەڵ حكومەتی فیدراڵیی بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان بە پێی دەستوور.

ئەوە لە كاتێكدایە كە لە دوای ریفرادۆمەكەی ساڵی 2017وە حكومەتی هەرێم بە قۆناغێكی خراپی پەیوەندیەكانیدا رۆشت لەگەڵ حكومەتی ناوەندی، لەماوەی رابردوودا هەوڵێكی زۆر هەبوو بۆ ئاسایی كردنەوەی پەیوەدیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی.