قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ بۆ ژیان: ساڵێكە پارە نەخراوەتە حیسابی پترۆدۆلاری چەمچەماڵ


ژیان: هەڤاڵ غالب

قەزای چەمچەماڵ كە لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیەوە بە پایتەختی شەهیدان‌و ئەنفالكراوان ناسراوە‌و زۆرترین رێژەی كەس‌و كاری شەهید‌و ئەنفال دانیشتوی ئەو قەزایەن، هاوكات دەوڵەمەندە بە غازی سروشتی‌و سەرچاوەی بەرهەمهێنانی كارەبای هەرێمی كوردستانیشە، بەڵام بەتەواوی پشتگوێخراوە.

رەمەك رەمەزان، قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ لەم چاوپێكەوتنەی ژیان، داواكاری دانیشتوانەكەی‌و هاوكات پرۆژە خزمەتگوزارییەكان دەخاتەروو دەشڵێت، لە 20 ساڵی كاری وەزیفەمدا كە لە زۆر ناوچەی كوردستان خزمەتم كردووە لەم سنورە مەغدورتر‌و بێ خزمەتگوزاریترم نەبینیوە، پێویستە حكومەتی هەرێم زیاتر خزمەتی كەس‌و كاری شەهیدان‌و ئەنفالكراوان بكات.

ژیان: قەزای چەمچەماڵ بۆچی پێێ‌ دەوترێت سەرزەمینی ئەنفال‌و ژمارەی دانیشتوانەكەی چەندە؟

رەمك رەمەزان: قەزای چەمچەماڵ لە رابردوودا سەر بە ئیدارەی گەرمیان بوو لەسەر داواكاری دانیشتوانەكەی‌و بەهۆی دووری لە گەرمیانەوە خرایە سەر پارێزگای سلێمانی، ئەم قەزایە شەش ناحیەی سەرەكی‌و سێ ناحیەی لاوەكی لەسەرە‌و ژمارەی دانیشتوانی سنورەكەی نزیكەی 275 هەزاركەسە و سنورێكی فراوانی هەیە. زیاتر لە 7 هەزار خانەوادەی شەهید‌و ئەنفال لە سنورەكەیدایە بۆیە لە 2015 لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیەوە بە پایتەختی شەهیدان‌و ئەنفالكراوان ناسێنرا.

لە 20 ساڵی كاركردندا لەم سنورە مەغدورتر‌و بێ خزمەتگوزاریترم نەبینیوە

ژیان: ئەم شارە بە غازی سروشتی دەوڵەمەندە، سامانی سروشتی ئەم شارە بووەتە هۆی بوژانەوەی سنورەكە؟

رەمك رەمەزان: دوای ئەوەی لەسەر داواكاری هاوڵاتیان‌و بە هەوڵی راستەخۆی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە 2017 سندوقێك لە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دانرا بەناوی پترۆدۆلاری غازی سنوری چەمچەماڵ، توانرا لەماوەی ساڵ‌و نیوێك بە گوژمەی 7 ملیۆن دۆلار پرۆژە لەو پارەیە جێبەجێبكرێـت، پرۆژەكان خۆیان لە ئاو، كارەبا‌و رێگاوبان بینیەوە، نزیكەی پێنج ملیۆن دۆلار لە رێگای گوندەكانی بناری گل‌و ناوشوان خەرج كراوە، جگە لەوەی كارەبا گەیەنرایە 27 گوند لە سنوری ناحیەكانی قادركەرەم‌و تەكیەی جەباری‌و سەنگاو، هەروەها یەكەی پاڵاوتنی ئاو لەسەر بۆری ئاوی كۆمپانیای ماس دانرا بۆ ئەوەی رێژەی بێ ئاوی لە سنوری چەمچەماڵ كەم بكرێـتەوە .

ژیان: چۆن مامەڵە لەگەڵ پارەكە دەكرێت، ئایا پارەی پترۆدۆلار بەردەوام دەچێـتە ئەژماری بانكی چەمچەماڵەوە؟

رەمك رەمەزان: حەزدەكەم ئەوە لای هەموو خوێنەران‌و دانیشتوانی سنورەكە روون بێـت، كە ئێمە تەنها پێشنیاری پرۆژە بۆ ئەنجومەنی وەزیران دەكەین‌و ئەوان رەزامەندی لەسەر خەرج كردنی پارەكە دەكەن‌و وەزارەتی سامانە سروشتیەكان خەرجی دەكات‌و هیچ پارەیەك لای ئێمە نیە‌و تەنها لیژنەیەكمان هەیە بۆ بەدواداچون‌و ئاگاداربوون لەو ئەژمارە بانكیە‌و بری پارەكە‌و بڕینی چەكی پارەكە بۆ پرۆژەكە، بەڵام ئەوە ماوەی نزیكەی یەك ساڵە یەك دۆلار نەخراوەتە سەر سندوقی پترۆدۆلاری چەمچەماڵ‌و بەهۆیەوە پرۆژەكانی ئەو پارەیە راگیراوە‌و هەندێك پرۆژە كە فەرمانی تەواو كردنیان هەبووە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئێستا تەواوكراون، هیچ پارەیەك نیە پێیان بدرێت‌و چەندین جار داوای روونكردنەوەمان لە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان كردووە‌و هیچ هۆكارێك نیە بۆ راگرتنی ئەو بودجەیە، لەم ماوەیەدا دەیان پرۆژەمان جێبەجێدەكرد، بۆ ئەو مەبەستە ئاگاداری ئەنجومەنی وەزیران‌و جێگری سەرۆكی حكومەتیش كراوەتەوە .

ژیان: جگە لە پرۆژەكانی پترۆدۆلار پرۆژەكانی تر دەست بەكاربونەتەوە لەو سنورە؟

رەمك رەمەزان: بەڵی ئەو پرۆژانەی زیاتر لە 50%یان تەواو بووە پێش قەیرانی دارایی‌و لەسەر بودجەی دینارە نەك دۆلار دەست بەكاربونەتەوە، لەوانەش قیرتاوكردنی گەرەكەكانی ناحیەی شۆرش كە بەبەهای زیاتر لە چوار ملیار دینار، بەڵام كێشەی سەرەكیمان چوار پرۆژەی گەورەیە لەناو شار كە قیری گەرەكی مامۆستایان (48)كان، ئاو ئاوەرۆی گەرەكی ئاسودەی ئەنفالكراوانە، قوتابخانەی هەژدە پۆلی لە ناحیەی تەكیە، رێگای گوندەكانی خوێلێن ومەملەحە كە لەسەر بودجەی پترۆ دۆلارە‌و راگیراون‌و زۆر زەرورە دەست بەكاربێتەوە، بۆیە داوامان لە فەرنگەی پلاندانان لە ئەنجومەنی وەزیران كردووە‌و لە هەوڵی چارەسەرداین.

قەزایەكی وەك چەمچەماڵ كە رووبەرەكەی هێندەی پارێزگایەكی گەورەیە‌و دانیشتوانەكەی 275 هەزار كەسە، بەڵام پێشینەی قائیمقامیەت یەك ملیۆن‌و 300 هەزار دینارە


ژیان: كێشەی سەرەكی قەزای چەمچەماڵ ئاوی خواردنەوەیە لەو بوارەدا چیتان كردووە ؟

رەمك رەمەزان: قەزای چەمچەماڵ لە كۆنەوە كێشەی ئاوی خواردنەوەی هەبووە، ئەم قەزایە بۆ ئاوی خواردنەوە پشت بە هێڵی دووەمی دووكان – سلێمانی دەبەستێت كە تاسلوجە، ئەڵایی، بازیان، تەكیە، شۆرش‌و چەمچەماڵی لەسەرە، بۆیە زۆرجار كێشەمان بۆ دروست دەبێـت، چونكە بڕێكی كەم ئاو دەگاتە چەمچەماڵ، ئێمە چەند هەنگاوێكی سەرەتایمان ناوە، یەكەیەكی پاڵاوتنی ئاومان لەسەربۆری كۆمپانیای ماس داناوە‌و بڕیك ئاو دەپاڵێویت‌و دەیخاتە سەر بۆری چەمچەماڵ، هەروەها چەند شوێنێكمان لە سەر بۆری سەرەكی تاسلوجە چەمچەماڵمان بڕی‌و بەهۆیەوە برێكی تر ئاومان بۆ ئەم قەزایە گێرایەوە‌و چوار بیری ئیرتیوازی لە رێگای رێكخراوی شنەبای ئاشتی یابانیەوە هەڵكەندراون، بەڵام ئەمە چارەسەری كێشەی كەم ئاوی ئەم شارە بەشێوەی بنەڕەتی ناكات، بەهەموو ئەم چاكسازیانەوە كە دەیكەین ئینجا پێنج رۆژ لە هەفتەیەك یان زیاتر دەتوانرێـت ئاو بە هاوڵاتیان بدرێت كە پێشوتر دەگەیشتە 15 بۆ 20 رۆژ جارێك، بە رای ئێمە‌و شارەزایان چارەسەری یەك جاری كێشەی ئاو لەم سنورە راكێشانی بۆڕیەكی ئاوە لە زێی بچوك بۆ چەمچەماڵا كە بە پرۆژەی ئاوی ( گۆپتەپە – چەمچەماڵ ) ناسراوە، بە درێژایی هەموو كابینەكان بەڵین بەم قەزایە دراوە‌و جێبەجێ نەكراوە، لەپێش قەیرانی دارایی پرۆژەكە پێشنیاركرا بۆ كۆمپانیا، بەڵام بەهۆی قەیرانەوە نەكرا، ئێستا ئێمە لە هەوڵی زیندووكردنەوەی ئەو پرۆژە ستراتیژییەداین‌و كۆمپانیاكەش رەزامەند بووە دەست بەكار بكاتەوە، نوسراویشمان بۆ جێگری سەرۆكی حكومەت كردووە‌و رەنگە تا كۆتای ئەم ساڵ بەرچاو روون دەبین لەسەر ئەو پرۆژەیە، هاوڵاتیان دڵنیادەكەینەوە كە ئەو پرۆژەیە خەمی گەورەی ئیمەیە.

ژیان: دەربارەی كارەبا دەوترێت ئەم قەزایە بەدەركردنی بۆ كراوە، رەوشی كارەبا لە قەزاكە چۆنە؟

رەمك رەمەزان: چەمچەماڵ مافی خۆیەتی كارەبایەكی باشی پێ بدرێت چونكە سەرچاوەی دابینكردنی غازی وێستگەكانی كارەبا، هەروەها وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای غازی لەسنورەكەیدایە،  بۆیە لە رێگای قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتەوە لە كۆتای ساڵی 2017دا توانرا 50 مێگاوات كارەبا بۆ ئەم شارە دابینبكرێت‌و تا رادەیەكی باش كێشەی كارەبا چارەسەر بكرێت.

لە هەوڵی زیندووكردنەوەی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە_چەمچەماڵ داین 

ژیان: نێوانی ئیدارە‌و هاوڵاتیان‌و حزبەكان چۆنە؟ 

رەمك رەمەزان: من لەماوەی 20 ساڵدا وەك بەرێوەبەری ناحیەو قائیمقام لە زۆر شوێنی پارێزگای سلێمانی، هەولێر‌و ئیدارەی راپەرین وەزیفەم هەبووە، یەك شوێنم نەبینیوە هێندەی دانیشتوانی ئەم سنورە مەغدور‌و بێ خزمەتگوزاری بن، بۆیە لەسەر بنەمای ( ناز‌و رێز‌و خزمەت) لەگەڵ دەست بەكاربوونمان لە پێناوی خزمەتی دانیشتوانەكەی سەردانی هەموو لایەن‌و حزب‌و رێكخراوەكانمان كرد بۆ تێگەیشتن لە كێشەكان‌و چۆنێتی چارەسەركردنیان، هەمووان هاوكاربوون‌و ئێمەش هاوكاریانین‌و زۆر جار وەك یەك تیم كاردەكەین تەنها لە پێناوی خزمەتكردن بە قەزاكە .

ژیان: بەرنامەتان لە داهاتوودا چیە؟

رەمك رەمەزان: ئێمە لە قەیراندا دەست بەكاربووین، قەزای چەمچەماڵ كە رووبەرەكەی هێندەی پارێزگایەكی گەورەیە‌و دانیشتوانەكەی 275 هەزار كەسە بەڵام پێشینەی قائیمقامیەت یەك ملیۆن‌و 300 هەزارە، رۆژانە دەیان هاوڵاتـی نەخۆش‌و كەم دەرامەت دێنە قائیمقامیەت بۆ ئەوەی هاوكارییان بكەین لە كاتێكدا حكومەت چەمچەماڵ، ماوەت، قەرەداغ‌و شەقلاوە‌و قەزا بچوكەكان وەك یەك سەیر دەكات، بەڵام ئێمە نەوەستاوین‌و لەرێگای كەرتی تایبەتەوە توانیومانە چوار خوێندنگە‌و باخچەیەكی ساوایان‌و مەڵبەندێكی تەندروستی نۆژەن بكەینەوە‌و هاوكات چەند پرۆژەیەكی تەندروستی‌و رێگاوبان‌و پرد‌و بیری ئاو لە رێگای خێرخوازان‌و كۆمپانیاكان‌و حكومەتەوە دروستكراوە‌و ئەوەی لەتواناماندا بێـت بۆ خزمەتكردنی دانیشتوانی ئەم قەزایە‌و كەس‌و كاری شەهیدان‌و ئەنفالكراوان درێغی ناكەین .