كوردستان داهاتی لەسەر سابونە

لەماڵەكەی خۆی سابوون بەرهەمدەهێنێت
کوردستان و بەشێک لە کارەکانی

ژیان: دیمەن ئیسماعیل

كچێكی دانیشتوی شاری كەركوك بیرۆكەی دروست كردنی سابون دەكاتە سەرچاوەی بژێوی ژیانی خۆی، كڕیارێكی زۆر لە دەوروبەری خۆی كۆدەكاتەوە‌و سەدان كەس سوود لە سابونەكەی دەبینن.

كوردستان فاروق، تەمەن 3٩ ساڵ، دانیشتوی شاری كەركوكە، دەرچوی كۆلێژی ئەندازیاری كیمیایە، ماوەی دوو ساڵە لە ماڵەكەی خۆیدا دەستی بە درووستكردنی سابوونێك كردووە كە خواستی زۆری لەسەرە.

سەبارەت بە ئیش‌و كارەكەی كوردستان بۆ ژیان ووتی "كارەكەم ناوبانگێكی گەورەی هەیەو ناوی (هاند مەیدە) واتە كاری دەست، دوای هەستكردن بە هەندێ نەخۆشیی پێست‌و بیركردنەوە لە چۆنیەتی دۆزینەوەی سابوونێك كە دژ بەو بەكتریایانە بێت‌و چارەسەریان بكەم، توانیم سەرەتا زیاتر لە 25 بۆ 30 سابوون‌و شامپۆ بەرهەمبهێنم، لە ماڵەوە بە كارمان هێناو جێگای خۆشحاڵی بوو كە سەركەوتوو بووم تێیدا".

كوردستان توانیویەتی، سێ بۆ چوار جۆر سابوون درووست بكات، هەندێ چارەسەریشی لە كۆمەڵێك لە گژوگیا‌و زەیت درووست كردووە، كە چارەسەری باشن بۆ نەخۆشییەكانی تایبەت بە پێست، كەرەستەكایشی لە شاری بەغداو سوریاوە بۆ دێت.

نرخی سابونەكان لە پێنج هەزار دینار بۆ 10 هەزار دینارە

سەبارەت بە شێوازی دروستكردنی سابونەكان دەڵێت، ئەو سابوونەی من درووستی دەكەم لە گژوگیایەو  نرخیشیان هەرزانەو لە توانای هەموو كەسێكدایە بیكڕێت، لە كوردستان‌و لە هەموو شارەكانی عێراقەوە كڕیاری هەیەو داوای كەرەستەكانی دەكەن، ئەمەش زیاتر لە ڕێی ئۆنلاینەوە دەكەم‌و خواستێكی زۆری هاووڵاتییانی عەرەب‌و ناوەڕاست‌و باشووری عێراقی لەسەرە.

لەبارەی جۆری ئەو نەخۆشیانەی ئەم خانمە چارەسەری یۆ دۆزینەتەوە بریتین لە نەخۆشییەكانی (حەب‌و شەباب) واتا ئەو پەڵە سوورانەی لە تەمەنی هەرزەكاریدا لە ڕووخساردا دەردەكەون، چرچولۆچیی پێست‌و پەڵەو ئەو هەستیاری‌و خورانەی دووچاری پێست دەبنەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئەو شامپۆ كیمیاوییانەی لە بازاڕەكاندا هەیە لە بەكارهێنانیدا پێست دەمرێنێت‌و ماندووی دەكات، بەڵام سابوونە سروشتییەكان قژو پێست دەبوژێنەوەو هۆكار دەبێت بۆ نەكەوتن‌و هەڵنەوەرینی قژ، هەروەك سابوونی سروشتیی لەش لەو بەكتریایانە ڕزگار دەكات كە دەبنە هۆی بڵاو بوونەوەی بۆنێكی نەخوازراو، بە پێچەوانەوە بۆنێكی سروشتیی جوان دەبەخشێتە لەش‌و پێست لە نەخۆشی دوور دەخاتەوە.

نرخی سابونەكان لە پێنج هەزار دینار دەست پێدەكات بۆ 10 هەزار دینار، ئەمەش بۆتە جێگای دەست خۆشی لای كریارەكانی.

جوانە سەلیم، تەمەن ٤٥ ساڵ، دانیشتوی شاری سلێمانیە، ماوەی دووساڵە سابون‌و بابەتەكانی كوردستان بەكاردەهێنێت بۆ ژیان ووتی "لە وەتەی سابونەكانی كوردستان بەكاردەهێنم سودێكی باشم لێ بینیوە، بۆ چارەسەری كێشەكانی پێست‌و خوران بەكارم هێناوە".

كارەكەی كوردستان لەلایەن تەندروستی كەركوكەوە چاودێری دەكرێت، حوسێن سابیر، لێپرسراوی راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی تەندروستیی كەركوك بۆ ژیان  ووتی "ئێمە وەك تەندروستیی كەركوك هەمیشە‌و بەردەوام چاودێریی وردی ئەو جۆرە كارانەین لەپێناو تەندروستیی كۆمەڵگەو سەلامەتیی گیانی هاووڵاتیانمان".

باسی لەوەشكرد، پاش ئەوەی ئەو جۆرە كەسانە دێنە فەرمانگەی تەندروستی بۆ پێدانی مۆڵەتی كاركردن ئێمە پاش جێبەجێكردنی كۆمەڵێ مەرج مۆڵەتی كاركردن دەدەینە ئەو كەسانە، سەبارەت بە درووستكردنی سابوون‌و ئەو جۆرە كەرەستانەی پەیوەستن بە ژیان‌و تەندروستیی هاووڵاتییان دەبێت كەسەكە خۆی نەخۆش نەبێت لە ماڵەوەش شوێنێكی تایبەتی بۆ درووستكردنی ئەو كارە هەبێت‌و پارێزراو بێت.

دكتۆر حوسێن ڕونكردنەوەی زیاتری داو ووتی "دوای پێدانی مۆڵەتی كاركردن مانگانە چاودێری ورد دەخەینە سەر كارەكانیان لەگەڵ ئەوەشدا ناوبەناو نموونەیەك لە كارەكانیان دەنێرین بۆ تاقیگەكانمان لە بەغدا بۆ ئەوەی لە كوالێتی‌و سەلامەتیی ئەو مەوادانە بكۆڵینەوە".

لە ڕابردووشدا بە هۆی رەچاونەكردنی كۆمەڵێك مەرج چەندین تاقیگە‌و كارگەی لەو شێوە لە پارێزگاكە داخراوەو مۆڵەتی كاركردنیان لێ وەرگیراوەتەوە.