ئەمڕۆ ڕوفاتی گۆڕە بەکۆمەڵەکەی سەماوە هەڵدەگیرێتەوە

گۆڕە بەكۆمەڵەی سەماوە

ژیان:

بڕیارە ئەمڕۆ دەست بكرێت بە هەڵگرتنەوەی روفاتی ناو ئەو گۆڕە بەكۆمەڵەی هەفتەی رابردوو لە سەماوە، هەڵدرایەوە كە زیاتر لە سەد روفاتی كوردی تێدابوون ‌و زۆرینەیان ژن و منداڵن.

هەفتەی ڕابردوو یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵ لە باشووری دەشتی سەماوەی سەر بە پارێزگای موسەننا هەڵدرایەوە، کە رووفاتی نزیکەی زیاتر لە 100 ژن و منداڵی ئەنفالکراوی تێدابوو.

هاوكات بڕیارە دوای هەڵگرتنەوەیان، ئەو روفاتانە ببرێن بۆ بەغدا‌و لە وێ پشكنینی دی ئێن ئەیان بۆ بكرێ و پاشان لە مەراسیمێكی شایستەدا بەرەو زێدی خۆیان بەڕێبكرێن كە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان، سەرجەمیان خەڵكی گەرمیانن.

پێشتریش دەزگای شەهیدانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە کردبوو، جگە لەو گۆڕە بە كۆمەڵە، دوو گۆڕی بەكۆمەڵی دیكەش كە سەرجەمیان كوردن و گەرمیانین، لەسنورەكە هەن و ئەوانیش هەڵدەدرێنەوە.

لە ساڵی 1988 شاڵاوی ئەنفال لەلایەن حکومەتی بەعس بە سەرۆکایەتی سەددام حوسێن دژی کورد دەستیپێکرد، لە ئەنجامدا و لە هەشت قۆناخدا زیاتر لە 182 هەزار کورد کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێنکران.