پرۆسەی دەرھێنانی روفاتەکانی ناو گۆڕەبەکۆمەڵەکەی سەماوە راگیرا

گۆڕەبەکۆمەڵەکەی سەماوە

ژیان:

ته‌یمووی تاقانه‌ی ئه‌نفال و رزگاربووی گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان ده‌گاته‌ گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كانی سه‌ماوه‌ و به‌ر له‌ هه‌ڵدانه‌وه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی رووفاتی ئه‌نفالكراوه‌كان داوای دادگایی كردنی مسته‌شاره‌كان ده‌كات، ده‌شڵێت "110 كه‌سم له‌ناو گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كانی سه‌ماوه‌ن و دایكیشم له‌ناویاندایه‌".

فوئاد عوسمان وتەبێژی وەزارەتی كاروباری شهیدان و ئەنفالكراوان، ئەمڕۆ شەممە 27-7-2019، ڕایگەیاند بەهۆی ئامادەبوونی تەیمور عەبدوڵڵا تاكە رزگاربووی ئەنفال، لەشوێنی هەڵگرتنەوەی رووفاتەكان و خستنەرووی چەند داواكارییەك، پڕۆسەی هەڵگرتنەوەی رووفاتی گۆڕە بە كۆمەڵەكەی سەماوە راگیرا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تەیمور عەبدوڵڵا كۆمەڵێك داواكاری رەوای هەبووە و رایدەگەیەنێت، تا ئەو داواكاریانە جێبەجێ نەكرێن، رێگە بە هەڵگرتنەوەی رووفاتەكان نادەم.

ناوبراو ئەوەشی بە ماڵپەڕی فەرمی یەکێتی وتوە، بۆ رێزگرتن لە هەستی ئەو تاكە رزگار بووەی ئەنفال، تیمە نیشتمانییەكەمان كە بڕیاربوو ئەمڕۆ دەست بە هەڵگرتنەوەی رووفاتەكان بكەن كارەكانیان وەستاند و هەوڵیشدەدەین دوای گفتوگۆ لەگەڵ تەیمور عەبدوڵڵا ئێوارەی ئەمڕۆ دەست بە هەڵگرتنەوەی رووفاتەكان بكەینەوە.

لەلایەکی دیکەوە تەیموری ئەنفال بە میدیاکانی وتوە "لە دوای دەركەوتنی گۆڕە بە كۆمەڵەكەی سەماوە ئەوەی منی نیگەران كردووە ئەوەیە، كە چۆن و بە چ دڵێكەوە رووفاتی ئەو ئازیزانە بۆ نیشتمانە ئازیزەكەم بگێڕمەوە، لەكاتێكا ھێشتا جاش و موستەشارەكان بەئازادی و بەسەربەستی دەسووڕێنەوە".

رۆژی سێشەممە 23-7-2019، بەئامادەبوونی وەفدی تایبەتی وەزارەتی شەهیدانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لیژنەی دەستەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان لەدەزگای شەهیدانی عیراق،  یەكەم  گۆڕی بەكۆمەڵ لەسەماوە هەڵدرایەوە.