بەختیار عەلی؛ نوسەرێك لە ریزی گەورەكانی جیهاندا


ژیان: 
بەختیار عەلی محمد، نوسەر و ڕۆماننوسی گەورەی كورد.

لە رۆژی  ٨/٨/١٩٦٦ لە گەڕەكی "ئیبراهیم پاشا"ی شاری سلێمانی لە دایكبووە. 

خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی (شێخ سەلام)  لە سلێمانی تەواو كردووە پاشان خوێندنی ناوەندی ، لە ناوەندی (ئەزمڕ) و خوێندنی ئامادەیی، لە ئامادەیی (هەڵكەوتـ)ـی كوڕان تەواو كردووە. 

لە زانكۆی (سلێمانی و سەلاحەدین) دەبێتە خوێندكاری بەشی زەویناسی و پاش خۆپشاندانەكانی ساڵی ١٩٨٣ی خوێندكارانی زانكۆی (سەلاحەدین) لە هەولێر دەستی بریندار دەبێت و بە یەكجاری دەست لە خوێندنی زانكۆ هەڵدەگرێت و دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی. 

بە تەواوەتی خۆی بۆ كاری نوسین یەكلا دەكاتەوە و هەمان ساڵ واتا ساڵی ١٩٨٣ " قەسیدەی نیشتیمان " دەنوسێت و دەبێتە  یەكەمین بەرهەمی بڵاوكراوەی.

ساڵی ١٩٨٥ بە هۆی بارودۆخی نالەباری باشوری كوردستان و بۆ ئەوەی لە سوپای عێراقیدا نەبێتە سەرباز، دەچێت بۆ ئێران و نزیكی 8 مانگ لە شاری كەرەج لە كامپێكی پەنابەراندا دەژی، بارودۆخی دژواری كەمپەكە و بێ هیوایی وادەكات بگەڕێتەوە و  ماوەیەكی درێژ لە ناوچە جیاوازەكانی كوردستان بمێنێتەوە.

 بەختیار عەلی دوای جێهێشتنی شاری كەرەج بە هاورێیەتی هەردوو نوسەر (فاروق رەفیق و ڕێبوار سیوەیلی) ڕوو لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات و بۆ ماوەیەك لە ناوچەی (چەمپاراو) نیشتەجێ دەبن و پاشانیش لەگەڵ ئەو دوو نوسەرە لە شاری بانە  دەمێننەوە.

بەختیار عەلی بۆ جارێكی دیكە دەگەڕیتەوە كوردستانی باشور و دەست دەكات بە چالاكی ڕۆشنبیری و نووسین ئەدەبی و فیكری.

یەكەم بەرھەمی بڵاوكراوەی بەختیار عەلی "قەسیدەی نیشتیمان"ە كە دەگەڕێتەوە بۆ سالی ١٩٨٣ز، لە ساڵانی ھەشتادا بەختیار كۆمەڵێك قەسیدەی درێژیش دەنووسێت، كە «شار»، «گوناھ»، «كەرنەڤاڵ» و دەستنووسی یەكەمی ڕۆمانی «مەرگی تاقانەی دووەم»یش بەشێك لەو بەرهەمانەن.

بەختیار عەلی لە پاییزی ساڵی ١٩٨٩دا یەكەمین وتاری بە دوو بەش بە ناونیشانی "قسەكردن لە پەراوێزی بێدەنگی"دا لە ڕۆژنامەی "پاشكۆی عێراق"دا بڵاودەبێتەوە. لە ڕۆژانی سەرەتای ڕاپەڕیندا، لەگەڵ كۆمەڵێك نووسەری تردا ژمارەیەكی "گۆڤاری ئازادی" دەردەكەن كە دواتر پێنج ژمارەی لێ بڵاودەبێتەوە. لە ساڵی ١٩٩٢دا یەكەمین كۆمەڵە شیعری بەجۆرێكی ئێجگار سادە و سەرەتایی و بە تیراژێكی كەم چاپ دەكرێت. لە نێوان ساڵانی ١٩٩٢ تا ١٩٩٤ چەندین كۆڕ و سیمینار لە ھەولێر و سلێمانی پێشكەش دەكات و ئیشەكانی لە پاڵ ئیشی كۆمەڵێك نووسەر و ڕۆشنبیری تردا وەك سەرەتای سەرھەڵدانی جۆرە تێڕوانینێكی جیاواز بۆ ئەدەب و كۆمەڵگا سەیردەكرێن.

 دوای سەرھەڵدانی شەڕی ناوخۆ لە ئەیلولی ١٩٩٤دا كوردستان بەجێدەھێڵێت و ڕوو دەكاتە سوریا، پاش نۆ مانگ ژیان لە دیمەشقدا دەگاتە ئەڵمانیا و ساڵی ١٩٩٩ لە فڕانكفۆرت نیشتەجێ دەبێت.

 لەو ماوەیەدا لەگەڵ كۆمەڵێك ھاوڕێی دیكەدا دەبێتە یەكێك لە دامەزرێنەرانی گۆڤاری ڕەھەند، لە ساڵی ١٩٩٧ یشدا دەست بە نووسینی ڕۆمانی "ئێوارەی پەروانە" دەكات و تەواوی دەكات.

پاشان لە ساڵانی نەوەدەكان ھاوشانی " ڕێبین ھەردی، ڕێبوار سیوەیلی، مەریوان وریا قانع، فاروق ڕەفیق، ئاراس فەتاح، ھەڵكەوت عەبدوڵا " گرووپی "ڕەھەند" دادەمەزرێین، پاشان چەند ژمارەیەك لە گۆڤاری ڕەھەند بڵاو دەكەنەوە، كە گۆڤارێكی ئەدەبی-فیكری بووە.

بەختیار عەلی ئەو نوسەرە ئەفسوناویەیە كە لە سێبەری ئەزموونی ژیانێكی پڕ هەوارز و نشێو و هیز و توانایەكی ئەدەبی بێ وینەدا بووەتە خولقێنەری كۆمەڵێك بەرهەمی ئەدەبی و ڕۆشنبیری ناوازە كە ئەوڕۆ لە ڕیزی باشترین بەرهەمەكانی دونیادا پۆلین دەكرێن. 

نزیكەی 35 بەرهەمی چاپكراوی لە بوارەكانی شیعر و لێكۆڵینەوە و رۆمان هەیە.