مه‌ترسییەكانی خۆراك خستنە نێو ‌نایلۆن ئاشكراده‌كرێت

هەڵگرتنی خۆراك لەناو نایلۆن

ژیان:
سه‌رۆكی لیژنه‌ی ته‌ندروستی خۆراك مه‌ترسیه‌كانی هه‌ڵگرتنی خۆراك لەناو ‌نایلۆن ئاشكرادەكات و دەڵێت"مه‌ترسی دروستبونی نه‌خۆشیه‌ شێرپه‌نجه‌ییه‌كان زیاد ده‌كات".

له‌شكر حه‌مید سه‌رۆكی لیژنه‌ی ته‌ندروستی خۆراك له‌به‌شی پشكنین و به‌دواداچونی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی ته‌ندروستی سلێمانی له‌په‌یجی تایبه‌تی خۆی، نوسیویەتی" هه‌ڵگرتنی خۆراك له‌نایلۆن ئه‌گه‌ربێت و خۆراكه‌كه‌ گه‌رم بێت یان له‌شوێنی گه‌رم دابنرێت سه‌لامه‌ت نییه‌، چونكه‌ به‌كاریگه‌ری پله‌ی گه‌رمی ڕێژه‌یه‌كی زۆر له‌ماده‌ كیمیاییه‌كانی ناو نایلۆنه‌كه‌ ده‌چێته‌ ناو خۆراكه‌كه‌وه‌".

دەشڵێت" ئه‌مه‌ش مه‌ترسی دروستبونی نه‌خۆشییه‌ شێرپه‌نجه‌ییه‌كان زیادده‌كات، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ هۆكاره‌ بۆ دروستبونی پاشماوه‌ی پلاستیكی له‌ناو خوێندا".

 سه‌رۆكی لیژنه‌ی ته‌ندروستی خۆراك ئاماژە بەوەشدەكات" ئه‌و دیارده‌یه‌ زیاتر له‌سه‌مونخانه‌و نانه‌واخانه‌كاندا زۆره‌ كه‌ ڕاسته‌وخۆ به‌گه‌رمی نان و سه‌مونه‌كه‌ ده‌خرێته‌ ناو كیسی نایلۆنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش زیان به‌سه‌لامه‌تی خۆراكه‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نێت".

ئەوەشدەخاتەڕوو" باشتره‌ خۆراك له‌كیسی كاغه‌ز هه‌ڵبگیرێت نه‌ك له‌كیسی نایلۆندا، سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش وه‌ك پاشه‌ڕۆ نایلۆن زیانێكی گه‌وره‌ به‌ژینگه‌ش ده‌گه‌یه‌نێت".