كەیسێك دەربارەی ترەمپ


ژیان: لوقمان غەفوور

دوو هەفتەی تەواو، دوای 10 سەعات خوێندنەوە لەرۆژێكدا، گەیشتم بەوەی كتێبەكەی "ڤیكتۆر دەڤیس هانسن" تەواو بكەم، كە نووسەر ناونیشانی "كەیسێك دەربارەی ترەمپ"-ی داوەتێ. بەڵام كاتێك كتێبەكەم تەواو كرد ئەگەر پێم بڵێن ناونیشانێك بۆ ئەم كتێبە دابنێ رێك دەمنووسی "دۆناڵد ترەمپ، پاڵەوانی تراژیدیا" كە ناونیشانی چاپتەری یانزە-ی بەشی چوارەمە لە لاپەڕە 316.

چوار مانگ لەمەوبەر رۆژنامەی نیویۆرك تایمز ئەم كتێبەی خستە بەردەستی خوێنەران. هانسن راڤە‌و لێكۆڵینەوە بۆ ئەوە دەكات كە بۆچی ترەمپ سەرۆكێكی باشە. بۆ ئەوەش بەقوڵی رۆئەچێتە ئەوەی بۆچی خەڵك لەساڵی 2016 ، ترەمپ-یان هەڵبژارد، هەر بۆیە نووسەر لە پێشەكییەكەدا‌و لە لاپەڕە 6دا دەڵێت:"بۆچی من‌و 62 ملیۆن‌و 984 هەزار‌و 827 كەسی تری ئەمریكی پاڵپشتی ترەمپ بووین لە رۆژی دەنگداندا، هەروەها هیوادارم خوێنەرانی كتێبەكە كەڵك وەرگرن بۆچی رەخنەگرانی ترەمپ رقیان زیاتر لێیەتی وەك لەوەی ئۆپۆزسیۆنی بن، هەندێك جار دەركەوێت كە كینەیان زۆر زیاتر لەوەی هەیانە‌و روانینیان بۆ وڵاتەكە. دۆناڵد ترەمپ هەنگاو دەنێت وەك بونەوەرێكی سەرسوڕهێنەر، ئەو ئێستا یەكەمین سەرۆكی ئەمریكایە بەپێی بوونی ئەزموونی پێشووی سەربازی‌و سیاسی. هەروەها ترەمپ چاڵینجی زیاتر لە ئەجێندایەك‌و گریمانەیەك لە دامەزراوەی سیاسی دەكات، بۆیە شتێكی سروشتییە خەڵكی ئاسایی لە ئەمریكا پرسیار دەربارەی كارو كردەوەكانی بكەن‌و لێی بڕوانن".

هەر لەپێشەكییەكەیدا باسی هەڵسەنگاندنێكی هێنری كێسنجەر دەكات كە وتویەتی: پێموایە ترەمپ دەشێت ببێتە كەسێتییەكی گرنگ لە مێژوودا كە لە درەنگانێكدا دەركەوت تا دەرخەری كۆتایی سەردەمێك بكات‌و بەزۆر سەردەمەكە دوورخاتەوە لە دوژمنە كۆنەكانی.

لە 2016 ترەمپ تاكە كاندید بوو بە روونی قسەی كرد دەربارەی ئەو مەسەلانەی كە لای كۆمەڵگەی ئەمریكی گرنگیدەرە

هەروەها نووسەر پێیوایە ترەمپ لەكاتێكدا گەیشتە دەسەڵاتی سەرۆكایەتی كە بەڵێنە درەنگ وەختەكانی گلۆبالیزم لە كۆتایی كەوتنیدایە. لەكاتێكدا مەبەستی سیستمی هاوپەیمانی ئەمریكا لە گوماندایە. لەكاتێكدا كە پێشبینییە هەڵچووەكانی دیموكراتی لیبرالیی لە روسیا‌و چین بە هەڵە مرێنرا‌و ئەمریكا نقوم بوو لە زنجیرەیەكی شەڕ تا ئەندازەیەك سەرنەكەوتوو نەبوو تێیدا.

كۆمارییەكان تووشی كەمخوێنی هاتن

هانسن، مێژوونووسێكی باشە دەربارەی شەڕە جیهانییەكان‌و مامۆستایەكی خانەنشین‌و ستوونووسی رۆژنامەی ناشناڵ رێڤیو-ە، تا ئێستا خاوەنی 21 كتێبە، یەكەم كتێبی لە ساڵی 1983 بڵاوكردۆتەوە لەژێر ناوی "جەنگ‌و كشتوكاڵداری لە یۆنانی كۆن"، بەڵام یەكێك لەو كتێبانەی كە دەنگدانەوەی لە ئەمریكا دروستكرد ئەو كتێبە بوو دوای روداوی 11ی سێپتێمبەر نووسی لە ژێر ناوی "پایزی جەنگ: ئەمریكا چۆن مامەڵە لەگەڵ 11ی سێپتێمبەر‌و جەنگ دژی تیرۆر دەكات".

هەرچی ئەم كتێبەیەتی كە لە 390 لاپەڕە پێكهاتووە، ئەتوانم بڵێم سێ بەشی تیشكناخاتە سەر خودی كەسێتی ترەمپ‌و سیاسەتی ترەمپ، بەڵكو تیشكئەخاتە سەر ئەو دەلاقە گەورەیەی كە گەشەی كردووە لەنێوان دوو توێژی ئەمریكا‌و كاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی ترەمپ: توێژێكیان كە ئەوخەڵكانەن كە لە شاری سەلما-ی ویلایەتی ئەلەباما گەشەیان كردووە‌و هاوشێوەی ئەو شارانە دەژین كە گلۆبالیزم بووە هۆی تێكیشكانی ژیانیان‌و زیاتر رەشپێستەكانن. توێژەكەی تر نوخبەی بیكۆستەڵ (ئەوانەن ژیانیان لە دوو ناوچەی ئەمریكا (كەنارەكانی زەریای ئەتڵەسی‌و كەنارەكانی زەریای هێمن) بەسەر بردووە كە سپی پێستەكانن. 

نووسەر بەتایبەتی لەبەشی یەكەم‌و لە سێ چاپتەردا پێداگری لەسەر سێ تەوەرە دەكات

یەكەم: "سروشتی دابەشبوونی ئەمریكا كە ترەمپ دركی پێكردو كاریگەری ئەرێنی لەسەری سەركەوتنی هەبوو".

دووەم: " وەك كاندیدێك بەسەركەوتووی كێشە تایبەتییەكانی دابەشكرد". 

سێیەم: "زیرەكی بەكارهێنا بۆئەوەی ئەو دابەشكارییە بە قازانجی خۆی بەرێتەوە". 

لە درێژەی هەر سێ چاپتەرەكەدا باسی ئەو چالێنجانە دەكات كە ترەمپ لەكاتی هەڵبژاردنی پێشوەخت رووبەرووی بۆوە لەلایەن كۆمارییەكانەوە كە لە چاپتەری دووەمدا درێژەی پێدەدات‌و بەوە وەسفی دەدات كە كۆمارییەكان تووشی كەمخوێنی هاتن‌و ترەمپ خوێنی هێنایەوە بەبەردا پێش هەڵبژاردنی 2016، هەروەها باس لەو دۆخە دەكات كە پارتی دیموكراتەكان پشتیان لێدایەوە كاتێك كۆمارییەكان، دۆناڵد ترەمپ-یان وەك كاندید دەستنیشان كرد، پێشبینی ئەوەیان كرد كە بەهۆی ئەوەی ترەمپ هیچ پێشینەیەكی سیاسی لە حزبی كۆمارییدا نییە، سەركەوتوو نابێت. كەچی پێچەوانەی ئەم پێشبینییەیان دەرچوو.

نووسەر خاڵێكی بەهێزی تری دۆخی دوای سەركەوتنی ترەمپ‌و كۆمەڵگەی ئەمریكی دەخاتەڕوو ئەویش ئەوەیە كە ترەمپ هەندێكجار پێچەوانەی خواستی هەر یەك لە دیموكراتەكان‌و كۆمارییەكان دەجوڵێتەوە كە ئەمەش خاڵێكی بەهێزی ئەو دۆخەیە كە كۆمەڵگەی ئەمریكی دەیەوێت. 

بەدڵنیایی ترەمپ وەك هیلاری نییە

هەرچی بەشی سێیەمە كە سێ چاپتەری لە خۆگرتووە، نووسەر تێیدا لە سێ بیرۆكەی گەورەی ترەمپ ئەكۆڵێتەوە لەچوارچێوەی ئەجێندای سیاسەتكردنیدا: ئەمریكا ئیتر لەوە مەزنتر نابێت، بەدڵنیایی ترەمپ وەك هیلاری نییە، كەسێك پێویست بوو لەسەرخۆ بچێتە كۆشكی سپی كە وەك سەرۆك نەبێت. هانس لەمڕووەوە دەڵێت: "نەوەستانەكانی ترەمپ ئاگاداریكردینەوە لەوەی كە ئەمریكا بەرەو خلۆربوونەوە ناڕوات‌و بەڵێنیدا كە نەوەی داهاتوو ژیانی باشتر دەبێت لەباوانی. ترەمپ بە هێزەوە خۆی كرد بەناو سەرەتای دەستپێكی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی هیلاری كلنتۆن-دا‌و گەندەڵییەكانی قڵپیكردەوە بەسەردا". 

لەبەشی چوارەم‌و كۆتایدا نووسەر هەڵسەنگاندن بۆ سەرۆكایەتی بەئاسمانداچووی ترەمپ دەكات كە بەبێ مانگی هەنگوینی دەستیپێكرد. لەبەیانی دوای یەكەم رۆژی سەركەوتنەوە، هەوڵێكی هیستریایی زۆر درا ئەجێنداكانی بێئومێدكرێت. لێشاوێك لە رەخنە لە میدیاوە خۆی كرد بە سەرۆكایەتیەكەیدا، بەڵام ئەو هەرگیز خۆی ناكات بە ناو حەشامەتی وەڵامدانەوەی ئەو رەخنانەی لێیدەگیرێت‌و ناوەستێت.

هەندێكجار پێچەوانەی خواستی هەر یەك لە دیموكراتەكان‌و كۆمارییەكان دەجوڵێتەوە كە ئەمەش خاڵێكی بەهێزی ئەو دۆخەیە كە كۆمەڵگەی ئەمریكی دەیەوێت

هانسن شیكردنەوە بۆ كەوتنی دیموكراتەكان دەكات لە 2016دا‌و دەڵێت:"ساڵی 2008 ئۆباما ئیدیعای ئەوەی كرد كە من نوێنەری چینە ناوەندەكەی كۆمەڵگەم... ئیدیعای ئەوەشی كرد كە دژی هاوسەرێتی هاورەگەزبازەكانە، بەڵام خستنەڕووی مەسەلەی گۆڕینی رەگەز –ترانسجێندەر بوو بە مەسەلەیەكی بێمانا. ئۆباما لە ساڵی 2017 سەرۆكایەتی جێهێشت، دیموكراتییە كۆنەكان تێگەیشتن كە ئەمە ئەناركییەكی سیاسییە لە سیاسەتی ئەم توێژە نوێیەی دیموكراتەكاندا. لە ئەمریكا شتێك نییە بەناوی چینی ناوەندی دیموكراتەكانی، جگە لەوەی توێژێكی كارگەری كەنسێرڤاتیڤ نەبێت. هەربۆیە لە هەڵبژاردنی 2016دا ئۆباما هاوپەیمانێكی زۆر لاوازی هیلاری بوو، ئەزمونێكی كەمی سیاسەتی هەبوو كە نەیتوانی كردارەكانی نێو كابینەكەی لەگەڵ بەرنامەی هیلاری یەكبخات‌و بووە هۆی ئەوەی خزمەت بە ترەمپیسزم بكات. 

ئەمریكا پێویستی بە ترەمپ-ە

پاش پشت بەستن بە كۆمەڵێك راپرسی‌و شیكردنەوە، هانسن جەخت لەوەدەكاتەوە بۆچی ترەمپ هەڵبژاردنی 2016 ی بردەوە‌و سەرۆكێكی سەركەوتووە، ئەو دەڵێت:"ترەمپ تاكە هەلی سیاسیی ئەگێڕێت بۆ بەرگری لە فەرمانبەر‌و كرێكار‌و دەستی كار لە ناوخۆی ئەمریكا كە نوخبەی سپی پێستی هەردوو حزبە گاڵتەیان بەم سیاسەتە دەهات لەكاتێكدا ترەمپ تەنیا ئەم غەریزە‌و توانایەی هەیە بۆ كردنەوەی دەرگای سەركەوتن. هەروەها توانای لەبەریەكهەڵوەشاندنی ئەو سیستمە گەندەڵە كۆنەی كە بوونی هەیە، لەگەڵ دەیان گۆڕانكاری تر لە سیاسەتی ناوخۆ‌و دەرەوە". هەروەها هانسن پێیوایە كە چەند سەدەیەك لە دابڕان، ئەمریكا پێویستی بە ترەمپ-ە تا بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا كاربكات كە سیاسییە ئاساییەكان نەیانتوانیوە بیكەن. ئەم هەقیقەتەیە كە لێكدانەوە بۆ ئەو لێشاوە توڕەیی‌و رقە دەكات، لە دۆخی سیاسی‌و میدیایی، بەرامبەر ترەمپ.

هانسن وای دەخاتەڕوو كە لە 2016 ترەمپ تاكە كاندید بوو بە روونی قسەی كرد دەربارەی ئەو مەسەلانەی كە لای كۆمەڵگەی ئەمریكی گرنگیدەرە كە ئەوانیش گێرانەوەی هەلی كار‌و سنووردانان بۆ ئەو لێشاوی كۆچبەرە نایاساییەی كە روو دەكاتە ئەمریكا. لەسەروو ئەمانەشەوە بەڵێنیدا كە بەڕاستی شەڕ بۆ پێشخستنی ئەم كەیسانە دەكات. بەشی زۆری دەنگدەرە كۆنسەرڤاتیڤەكان ماندووبوون بە بنیاتنانی كاندیدی كۆمارییەوە كە وادەرەكەوێت زیاتر لە ناوەڕۆكدا هیلاكبوونێكی شەرفمەندانە بێت لەپێناوی سەركەوتندا. دەنگدەرەكانیان بڕوایان نەمابوو بەوەی حزبی كۆمارییەكان، بۆ بەرگری لە مافی كەسێكی ئاسایی دژی داوای كۆمپانیا گەورەكان‌و لێدوانە رۆژنامەگەرییەكان بوەستێتەوە، بۆیە هاوسۆز بوون لەگەڵ ترەمپ كە ئەم دوو شتەیان بۆ ئەكات.

ترەمپ دركی بە سروشتی دابەشبوونی ئەمریكاكردوەو كاریگەری ئەرێنی لەسەر سەركەوتنی هەبوو

نووسەر وردتر رۆدەچێتە ناو بابەتەكە‌و دەڵێت:"هەموو ئەوانەی لەئاستی كەسێتی ترەمپ دادەبەزێنن، ئەو كەسانەن كە كەسێتی ئەو بەگونجاو نابینن بۆ سەرۆكایەتی. بەڵام زۆری ئەو رەخنەگرانە لەگەڵ ئەوانەی كە هاودیدی ترەمپ نەبوون‌و راستڕەون پێشكەوتنەكانیان پێ باشە، لەگەڵ ئەوەی كە ئەو ژمارە باشەی پشتگیری ترەمپ دەكەن، كێشەكانی ئەمریكا بە نەخۆشی شێرپەنجە دەبینن‌و پێیانوایە كە ترەمپ چارەسەری كیمیاییە بۆ ئەو نەخۆشییە".

سەرەڕای هەموو ئەمانە، هانسن سەركەوتنی بێوێنەی ترەمپ-ی گەڕاندەوە بۆ كۆمەڵێك كار: هەر لە ژیانەوەی ئابوری‌و ریكۆردی پێوانەی لە هەلی كار بۆ كرێكار‌و فەرمانبەران تا دەگاتە دامەزراندنی خەڵكی سەركەوتوو لە دادگای باڵا‌و ژمارەیەكی باش لە كارمەندی فیدرالی، هەروەها پێداچوونەوە بە بەها بازرگانییەكان لەگەڵ چین‌و گواستنەوەی باڵێۆزی ئەمریكا بۆ قودس، پێداچوونەوەی دەستبەرداربوون‌و وازهێنانی ئەمریكا بەرامبەر روسیا‌و چین، بەڵام هەموو ئەم بەرەپێشچوونانە نەبوون بە ئۆفەرێك بۆ رێزگرتنی نیشتمانی.

نووسەر وایدەبینێت ئەم كارانەیە ترەمپ ئەهێڵێتەوە وەك پاڵەوانێكی تراژیدی، بۆیە ئەو نووسیویەتی:"دەشێت لەكۆتایدا یەكێك یان دووان لەو ئەركانە (ئەو ئەركانەی سەرەوە كە باس كران) بەشێوەیەكی تایبەت باش نەبێت. بۆیە ئەوانەی بەبێ بەڵگە سەركەوتنەكانی رەتدەكەنەوە، دانبە سەركەوتنەكانیدا نانێن".

هانسن ئەوەش ناشارێتەوە كە ترەمپ تاكە شتێك كە تێیدا سەركەوتوو نەبووە ئەوەیە نەیتوانیوە لەماوەی دوو ساڵی سەرۆكایەتیدا كێشەی كورتهێنانی بودجە چارەسەر بكات كە دەشێت ئەوە ببێتە هۆیەكی ترسناك بۆ سەرلەنوێ هەڵبژاردنەوەی لەساڵی 2020.