ئایلاو هاوڕێكانی با بێن


ژیان: سەربەست نەریمان

ئایلاو هاوڕێكانی با بێن
دیسكۆو دانس و خواردنەوە و پارە با بێن
كوردیش خۆی لەگەڵ وەزعەكە ڕادێ!

ئایلا گەرچی مناڵە، بەڵام من حەزم لە تامێتی.
جسمی پڕەو باوێتی.

ئەمانەی سەرەوە جوملەی نێو گۆرانیەكی نەڤید زەردیە، كە سەرلەبەری كەلیمات و ئاواز و كلیپەكەی وێناكردنی ئافرەتە وەك بوكەڵەیەكی سێكسی كە دەتوانی بە زەبری پارەو سەیارەو بانگهێشتی دیسكۆو باڕەكان بەدەستی بهێنی.

زمانی گۆرانیەكە چونكە كوردیە، ڕاستەوخۆ پەیامی گۆرانیەكەش بەر گوێگری كورد دەكەوێت گەر كاریگەریەكیش دروست بكات دیسانەوە حەتمەن تاك،خێزان،كۆمەڵگەی كوردی دەكەوێتە ژێر كاریگەری پەیامی گۆرانیەكە،هەر بۆخۆشی ڕایگەیاندووە كە كورد لەگەڵ وەزعەكە ڕادێ، واتە ئامانجی ئەوەڵ و ئاخری نەڤید و هاوڕێكەی بە سۆزانیكردنی كچ و ئافرەتی كوردە،دەیەوێت بێ ڕتووش. بە ئاشكرا بڵێت”كچینە ئێوە لە سۆزانیەك زیاترنین،ئەوانەتان جسمتان پڕە و لەشتان گەرمە، ڕووبكەنە باڕو دیسكۆكان تا شاباشتان بكەین و تامی لەش و جەستەی پڕتان بكەین.

هەڵبەت ئەم شێوازی كلیپ و گۆرانیە بۆ جیهان شتێكی تازە نیە ،لە جیهانی ڕۆژئاوادا سەدان ساڵ پێش ئێستا ئەم ستایلە لە بەبازاڕكردنی جەستەی ژن داهێنراوەو دەرەنجامەكەشی بریتی بووە لە بە كاڵاكردنی ئافرەت،لە هۆڵەنداو زۆرێكی دی لە وڵاتانی ئەوروپا،ئافرەتی ڕووت لە نێو شوشەدا نمایش دەكرێت،هەرچی بەهای ئینسانیە لەم ڕێبازەدا لە ئافرەت دادەماڵرێت و تەنهای جەستەی وەك كەرەستەی چێژی سێكسی چاوی لێ دەكرێت و كاتێكیش تامی بڕاو تەڕایی لێ دەبڕێت ئیدی وێڵ و سەرگەردان بەرەڵا دەكرێت.

نەڤید و نەڤیدزادەكان ئامانجێكی دوور مەودایان هەیە كە ڕەنگە دوو یا بۆ سێ دەیەی تر بەرهەمەكەی بچننەوە، بەرهەمەكەش بریتیە لە بە كاڵا كردنی ئافرەت و هەڵوەشاندنەوەی خێزان و كۆمەڵگایەكی كۆیلەی غەریزەو داماڵینی بەهای ئینسانی لە ژن و پیشاندانی وەك بوكەڵەیەكی سێكسی چێژدار.

من دژی ئازادی ئینسان نیم،وەلێ تا سەر ئێسقان دژی بەناو ئازادیەكم كە لەسایەیدا هەموو بەهاكان سفر دەبنەوەو سەدان كچ و ژنیش دەبنە قوربانی، یا دەكوژرێن،یا سەرگەردان و ژیانوێران دەكرێن.
ئێوەش ڕای خۆتان بڵێن،ئایا كورد لەگەڵ وەزعەكە ڕادێ؟




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە