هۆكار‌و چارەسەری پەڵەی پێست


ژیان: دەروون جەبار

پەڵەی پێست یەكێكە لە گرفتەكانی زۆربەی خەڵك بەتایبەتی خانمان، كە تیشكی هەتا‌و دووگیانی‌و حەبی رٍێگریكردن لە منداڵ بوون (منع) لە هۆكارە سەرەكی یەكانن بۆ دروست بوونی پەڵە.

سەحەر ئەلزبەیدی، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی پێست‌و زوهری‌و نەزۆكی بۆ ژیان، باس لە هۆكارەكانی درووست بوونی پەڵە دەكات‌و دەڵێت "پەڵە (ماڵە) یەكێكە لە كێشە باوەكانی پێست كە لە 35% ی خەڵك تووشی دەبێت، لە 30% ی لە رەگەزی مێینەن لە ناوەڕاستی تەمەنیاندا، لە سەرەكیترین ئەو هۆكارانەش دەبنە هۆی دروست بوونی پەڵە بەركەوتنی تیشكی خۆر بە تایبەتی لە هاویندا‌و بەركەوتنی زیادەڕەوی تیشكی سەرو بنەوشەیی (UV Light) ، گۆڕان لە هۆڕمۆناتدا بەتایبەتی لە ڕەگەزی مێینەدا گۆڕانكارییەكان ڕوودەدەن لە كاتی دووگیانی یەك لەدوای یەك، بەكارهێنانی حەبی دژە سكپری(منع)، بەكارهێنانی دەرمانی هۆڕمونات لەكاتی تەمەنی نائومێدی، تێكچوونی هۆڕمۆنات بەهۆی بوونی كیسی ووردی هێلكەدان یاخود كیسی تاك یان هەركێشەیەكی هەناوی، هەندێك سەرچاوەش ئاماژەی بەوەكردووە كە هۆكاری بۆماوەیی ڕۆڵی هەیە لە دروست بوونی پەڵە". 

دەربارەی چارەسەرەكان دكتۆرە سەحەر وتی "دووركەوتنەوە لەبەركەوتنی زۆری تیشكی خۆر بەتایبەتی لە هاویندا، بەكارهێنانی دژە خۆر لەگەڵ پاراستن لە تیشكی سەرو بنەویشەیی، دووركەوتنەوە لە دووگیانی یەك لە دوای یەك بەوەی كە ماوەی پێویست هەبێت لە نێوان دووگیانبوونەكاندا بۆ جێگرتنەوەی پێویستیەكانی لەش وەك ماددەی ئاسن‌و فۆلیك ئەسید، جۆرەكانی تری ڤیتامینات‌و كانزاكان، بەدواداچوون بۆلای پزیشكی پسپۆڕی ژنان‌و منداڵبوون لەكاتی بوونی كێشە".

دكتۆرە سەحەر باسی لەوەشكرد، لەسەنتەری پێستەكاندا بایەخدانی تایبەت دەدرێت بە تەنیا بەكارهێنانی دەرمان لەسەر پێست، دەرمان بەكارهێنان بەشێوەی خواردن یاخود هەردووكیان پێكەوە، بەكارهێنانی ڕێگەی نەشتەرگەری بەكڕاندن یان بەڕێگەی گیایی یاخود میكانیكی یان هەردووكیان، بەكارهێنانی لەیزەر كە كاریگەری تایبەتی هەیە لەسەر زیادكردنی كاریگەری دەرمانە پێستەكان وەبەرەو پێش بردنی ئەنجامەكەی دوای ئەوەی چارەسەرەكان وازدەهێنێت.

ئەو پسپۆرە رونیشكردەوە، بەكارهێنانی لەیزەر بە بێ بوونی پزیشكی پسپۆڕ دەبێتە هۆی زیان لێ كەووتنی زۆر لە پێست، دەركەوتنی پەڵەی بەردەوام یاخود سووتاوی لە لایەن كەسانی نا پسپۆڕ لە ئارایشتگاكاندا.