نێچیرڤان بارزانی داوایەک ئاراستەی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

ژیان:

سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوا لە نەتەوەیەكگرتووەكان دەكات كۆمەڵكوژی كوردانی ئێزدی بە جینۆساید بناسێنێت.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە تویتێکدا رایگەیاندووە "لە پێنجەمین ساڵیادی كۆمەڵكوژی كوردانی ئێزدی لە شنگال، ئێمە لە دڵەوە یادی ئەوانە دەكەینەوە كە بوونە قوربانیی دەستی دڵڕەقییەكانی داعش لە كوردستان و شوێنانی دیكە. پشوونادەین تاوەكو تیرۆر لەناودەبەین و قوربانیانی رفێندراو دەگەڕێنینەوە."

بارزانی، داواش لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات بۆ رێگریكردن لە كردەی هاوشێوە، ئەم كۆمەڵكوژییە بە جینۆساید بناسێنێت.

ئەو وتانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی دەنگ لەبارەی بەجینۆسایدناساندی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی بدات.

ئەمڕۆ 3ی ئابی 2019 هاوكاتە لەگەڵ پێنجەم ساڵڕۆژی كۆنترۆڵكردنی شنگال لەلایەن داعش و كۆمەڵكوژكردن، بێسەروشوێنكردن و ئاوارەكردنی دەیان هەزار كەس لە دانیشتووانی شارەكە و كوردانی ئێزدی.