سه‌ماوه؛ روفاتی 171 ئه‌نفالكراو ده‌رهێنران

هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکەی سەماوە کۆتایی هات

ژیان:

دوای 13 ڕۆژ كاركردن لە پلەی گەرمای 46-47 پلەی گەرمی، تیمی نیشتمانی ھاوبەشی دەزگای شەھیدانی فیدڕاڵ و وەزارەتی كاروباری شەھیدانی ھەرێم بە ھاوكاری پزیشكی دادی عێراق و ڕێكخراوی icmp ، ئەمڕۆ شەممە كۆتاییان بە ھەڵدانەوەی یەكەم گۆڕی بەكۆمەڵی تەل شیخیەی سەماوە ھێنا لە كۆی ئەو 3 گۆڕەی لە ماوەی ڕابردوو ڕاگەیەندرا.

فوئاد عوسمان وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی هه‌رێم بە میدیای فەرمی یەکێتی ڕاگەیاندووە، پرۆسه‌ی ده‌رهێنان و جیاكردنه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ی سه‌ماوه‌ كۆتایی هاتوه‌ و روفاتی 171 ئه‌نفالكراوی كورد ده‌رهێنراون، دواى پشووى جه‌ژنى قوربایش دوو گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كه‌ى دیكه‌ هه‌ڵده‌درێنه‌وه‌.

ئاماژەی بەوەشکردووە "171 روفاتی شه‌هیدانى ئه‌نفالكراوی كورد له‌و گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌دا ده‌رهێنران."

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی هه‌رێم دەشڵێت، له‌دوای پشووی جه‌ژنی قوربان ده‌ستده‌كرێت به‌ ده‌رهێنانی روفاتی شه‌هیدانى ئه‌و دوو گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌ى دیكه‌، كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ماوه‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌.

فوئاد عوسمان وتیشی"دوای كردنه‌وه‌ی گۆڕه‌كان روفاتی شه‌هیدان ده‌نێردرێن بۆ پزیشكی دادوه‌ری  له‌ به‌غدا بۆ ئه‌نجامدانی پشكنینی (DNA)، دواتر له‌ پرۆسه‌یه‌كی شایسته‌دا ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان."