شێركۆ بێكەس پادشای شیعری نوێی كوردی


ژیان: 

شێركۆ بێكەس شاعیرێك لە كۆتاییەكانی تەمەنیدا یاخی بوو نیشتیمانی وەك كچێك وێنا كرد و زمانێكی تایبەتی بەخۆی یاخی بونەكانی بڵاو كردەوە. 

شێركۆ بێكەس كوڕی فایەق بێكەسی شاعیرە

ڕۆژی ٢ی ئایاری ساڵی ١٩٤٠ لە گەڕەكی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایكبووە.

یەكەمین شیعری خۆی لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا بڵاوكردەوە. 

ساڵی ١٩٦٨ یەكەمین پەرتووكی شیعری خۆی بە ناوی "تریفەی ھەڵبەست" لە (بەغدا) لە چاپ كرد.

لە ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ كۆمەڵێك لە شاعیرانی بەناوبانگی ئەو سەردەمە بانگەوازێكیان بۆ گۆڕانكاری لە شیعری كوردی و بە تایبەت چوون بە لای شیعری نوێی كوردییەوە بڵاو كردەوە.

ساڵی ١٩٨٨ لە وڵاتی سوید خەڵاتی "تۆخۆڵسكی" پێ بەخشرا و شیعرەكانی بە زۆر زمانی دنیا وەرگێڕدا. 

دواتر و ١٩٩٢ لە سویدەوە گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان و لە هەمان ساڵدا دەبێتە یەكەمین وەزیری ڕۆشنبیری حكومەتی ھەرێمی كوردستان. 

 دوای ئەوەی فرانسۆ هەریری وەك سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەوكات فەرمانی داخستنی (ڕۆژنامەی وڵات) دەدات، شێركۆ بێكەس لە ساڵی ١٩٩٣دا دەست لەكار دەكێشێتەوە.

لە ساڵی ١٩٩٨ەوە ھەتا كۆتایی ژیان، ئەندامی ئەنتەلۆجیای خوێندنی پۆلەكانی ئامریكا و كەنەدا بوو. لە ھەمان ساڵدا بە یارمەتی كۆمەڵێ كەس و ھاوڕێی، (دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم)ی دامەزراند، سەرۆك كۆماری كۆچكردوی عێراق مام جەلال هاوكاری مادی زۆری كرد.

لە ساڵی ٢٠٠١ ناوەندی چاپ و راگەیاندنی (خاك) خەڵاتی پیرەمێردی شاعیری پێ بەخشی. 

لە ساڵی ٢٠٠٩دا تەواوی بەرھەمەكانی لە ھەشت ھەزار پەڕەدا لە چاپ درا.

دوای ئەوەی لە شاری سلێمانییەوە بەهۆی نەخۆشییەوە سەردانی وڵاتی سوید-ی كرد، لە ڕۆژی ٤ئابی٢٠١٣ لە ستۆكهۆڵمی پایتەخی ئەو وڵاتە كۆچی دوایی كرد و لەسەر وەسێتی خۆی لە پاركی ئازادی لە شاری سلێمانی بە خاك سپێردرا.

تا لە ژیاندا بوو 45 بەرهەمی خۆی چاپ و بڵاو كردەوە.