مەسرور بارزانی دەیەوێت ئابوری خۆی بەهێز بكات

كارگروپ، لەدەستی شێخ باز دەردەهێنرێت‌و دەدرێت بەسیروان بارزانی
بینای کار گروپ

ژیان: بیلال حاجی

یەكێك لەو كێشە‌و ئاریشانە ئاڵۆزەكانی بەردەم پێكهێنانی كابینەی نۆیەم، كێشەی مەلەفی نەوت‌و چۆنییەتی ئیدارەدانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم بوو لەنێوان هەر یەك لەنێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی. مەسرور بارزانی دەیزانی سەرۆكایەتی حكومەت بەبێ بوونی مەلەفی نەوت كاریگەری ئەوتۆی نابێت لەسەر ژیانی خەڵك‌و ناتوانێت شتێكی جیاواز بكات.

مەسرور بارزانی دەیزانی مەلەفی نەوت لەهەرێم بەشێوەیەكە تەنیا نێچیرڤان بارزانی‌و ئاشتی هەورامی‌و كەسە نزیكەكانیان ئاگاداری تەواوی وردەكارییەكانی دۆسیەی نەوت‌و گازی هەرێمی كوردستانن. ئەمە لەكاتێكدا كۆڵەگەی سەرەكی ئابووری هەرێم بریتیە لەنەوت‌و گاز. بۆیە دواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی بەلاوە گرنگ نەبوو تا دۆسیەی نەوت‌و گاز یەكلایی دەكاتەوە.

بەهەر پلانێك‌و بەرنامەیەك بێت مەسرور بارزانی دواجار توانی ئاشتی هەورامی لەوەزارەتی سامانە سروشتییەكان دوور بخاتەوە، بەڵام ئەمجارەیان بۆ رازیكردنی ئامۆزاكەی پۆستێكی بۆ ئاشتی هەورامی داتاشی‌و بەشێوەیەكی روون دەسەڵاتەكانی بۆ دیاری كرد. مەسرور بارزانی لەفەرمانێكی وزاریدا ئاشتی هەورامی كردە یاریدەدەری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بۆ كاروباری وزە. بەڵام دەسەڵاتەكانی ئاشتی هەورامی لەو پۆستەیدا دیاریكراو‌و سنوردارن.

كار گروپ خاوەندارێتییەكەی بۆ نێچیرڤان بارزانی دەگەڕێتەوەو لەلایەن بازرگانێكەوە سەرپەرشتی دەكرێت بەناوی شێخ باز

دۆسیەی نەوت لەهەرێمی كوردستاندا یەكێكە لەدۆسییە هەستیارەكان‌و تائێستا هیچ كام لەدیوانی چاودێری دارایی‌و پەرلەمانی كوردستان‌و داواكاری گشتی‌و دەستەی دەستپاكی چەندین دۆسیەی گەندەڵی دۆسیەی نەوتییان بڵاوكردووەتەوەو تا ئێستاش لەسەر ئەو دۆسیانە هیچ كەسێك لێپێچینەوەی لەگەڵ نەكراوەو رووبەروی دادگا یا لێپرسینەوەی پەرلەمانی نەكراوەتەوە.

لەدوای هەڵبژاردنەكانی (30)ی ئەیلولی ساڵی رابردوو، پارتی دیموكراتی كوردستان نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم كاندیدكرد‌و مەسرور بارزانی، راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كاندیدكرد. كاندیدكردنی ئەو كاراكتەرەی نێو بنەماڵەی بارزانی لەسەر بنەمای رێككەوتنێكی رانەگەیاندراوی نێو بنەماڵەی بارزانی بوو. بەپێی ئەو رێككەوتنە رانەگەیاندراوە مەلەفی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان‌و پەیوەندی نێوان هەرێم‌و بەغدا لەگەڵ دۆسیەی نەوت لەژێر كۆنتڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی دەبێت‌و مەلەفی ئەمنی‌و خزمەتگوازارییە ناوخۆییەكانی هەرێم لەژێر كۆنتڕۆڵی مەسرور بارزانیدا دەبێت.

بەڵام تێگەیشتنی مەسرور بارزانی بۆ حوكمڕانی هەرێم وایكرد لەو رێككەوتنە رانەگەیەندراوە پاشگەزببێتەوە. چونكە بەلای مەسرور بارزانییەوە ئەگەر مەلەفی نەوت‌و گاز لەژێر كۆنترۆڵی خۆیدا نەبوبایە هیچ دەسەڵاتێكی ئەوتۆی نەدەبوو لەپۆستەكەیدا.

لەبەر دەست بوونی مەلەفی نەوت‌و گاز تەنیا پەیوەست نییە بەوەی ئایا داهاتی نەوت‌و گاز لەدەستی كام ئاراستەی نێو پارتیدایەو ئەو ئاراستەیە دەتوانێت كۆنتڕۆڵی جومگە سەرەكییەكانی حوكمڕانی هەرێم‌و ناخۆی پارتیش بكات. بەڵكو پەیوەستە بەسیاسەتی نێودەوڵەتیشەوە. لەماوەی حوكمڕانی نێچیرڤان بارزانی‌و بەپێی پلانەكانی ئاشتی هەورامی لەماوەی رابردودا هەمیشە حكومەتی هەرێم پشت لەبەغداد‌و روو لەئەنقەرە بووە. بۆیە گەورەترین سودمەندی نەوتی هەرێم توركیا بووە. هەر لەبەر ئەوەش بوو توركەكان دەیانویست ئاشتی هەورامی لەجێگەكەی خۆی بمێنێتەوەو پێگەیەكی بەهێزی هەبێت لەناو حكومەتی هەرێمدا.

بەڵام سیاسەتی ئێستای سەرۆك وەزیرانی نوێ پێچەوانەی بیركردنەوەكانی نێچیرڤان بارزانییەو دەیەوێت لەرێگەی پشتكردن لەئەنقەرەو روو كردن لەبەغدا كێشەو ئاریشە ئابورییەكانی هەرێم كۆتایی پێ بێنێت. رەنگە ئەم سیاسەتە نوێیەی مەسرور بارزانی پەیامێك بێت بۆ بەرپرسانی توركیاو بەزمانێكی دیبلۆماسی پێیان دەڵێت ئەگەر دەتانەوێت حكومەتی هەرێم روو لەئەنقەرە‌و پشت لەبەغدا بێت ئەوا دەبێت بێن لەگەڵ مەسرور بارزانی رێكبكەون نەك لەگەڵ نێچیرڤان. بەم كارەشی مەسرور بارزانی هێندەی دیكە رۆڵی نێچیرڤان بارزانی لاواز دەكات‌و كۆتایی بەكاریزمایی‌و كاریگەری نێچیرڤان بارزانی دەهێنێت.
بۆ مەسرور بارزانی ئێستا قۆناغێكی نوێ دەست پێدەكات دوای ئەوەی توانی كۆتایی بەهەیمەنەی ئاشتی هەورامی‌و نێچیرڤان بارزانی بهێنێت لەدۆسیەی نەوتدا، ئەمجارە دەیەوێت سەرچاوە گرنگەكانی داهاتی نێچیرڤان بارزانی كۆنترۆڵ بكات. یەكێك لەكۆمپانیا زەبەلاحەكانی بواری نەوت‌و گاز لەهەرێمی كوردستان، كار گروپە كە خاوەنی گەورەترین پاڵاوگەی نەوتییە لەهەرێمی كوردستان. 

تەنیا یەك كۆمپانیا دەیتوانی بەنزین لەپاڵاوگەكانی گروپی كۆمپانیاكانی كار وەربگرێت‌و بیخاتە بازار، ئەویش كۆمپانیایەك بوو بەناوی (سێرڤز ئۆیل) ئەو كۆمپانیایە بەشێكە لەگروپی كۆمپانیاكانی سەلاحەددین‌و لەلایەن ئیدریس بارزانی سەرپەرشتی دەكرێت

كار گروپ خاوەندارێتییەكەی بۆ نێچیرڤان بارزانی دەگەڕێتەوەو ئێستا لەلایەن بازرگانێكەوە سەرپەرشتی دەكرێت بەناوی شێخ باز. پێشتر تەنیا یەك كۆمپانیا دەیتوانی بەنزین لەپاڵاوگەكانی گروپی كۆمپانیاكانی كار وەربگرێت‌و بیخاتە بازارەكانی هەرێمی كوردستان‌و عێراق. ئەویش كۆمپانیایەك بوو بەناوی (سێرڤز ئۆیل) ئەو كۆمپانیایە بەشێكە لەگروپی كۆمپانیاكانی سەلاحەددین‌و لەلایەن ئیدریس بارزانی كورە گەورەی نێچیرڤان بارزانییەوە سەرپەرشتی دەكرێت. بەڵام ئێستا بەفشاری مەسرور بارزانی دوو كۆمپانیا بەرهەمەكانی كارگروپ ساغ دەكەنەوە ئەوانیش (سێرڤز ئۆیل)‌و (ستێر گروپ)ن. كە گروپی ستێر خاوەندارێتییەكەی بۆ مەسرور بارزانی دەگەڕێتەوە.

مەسرور بارزانی لەهەنگاوی یەكەمیدا توانیویەتی نیوەی بەرهەمەكانی كار گروپ بۆ خۆی بەرێت، بەڵام مەسرور بارزانی چاوی لەتەواوی داهاتی كارگروپەو دەیەوێت لەرێگەی دروستكردنی مەلەفی ئەمنی بێت یاخود مەلەفی گەندەڵی تەواوی ئیدارەی كار گروپ لەدەستی شێخ باز دەربهێنێت. پلانی مەسرور بارزانی ئەوەیە تەواوی كار گروپ بخاتە ژێر دەستی سیروان بارزانی ئامۆزای كە لەهەمان كاتدا كوڕە خەزورانی مەسرور بارزانییە.

ئەم كارەی مەسرور بارزانی جێبەجێ ببێت كۆنترۆڵی بەشێكی گرنگی داهاتی نەوت‌و گاز دەكەوێتە دەستی مەسرور بارزانی. چونكە كار گروپ تەنیا بریتی نییە لەپاڵاوگەیەكی ئاسایی، بەڵكو ئیمپراتۆریەتێكە لەبواری نەوت‌و گاز لەهەرێمی كوردستان‌و زیاتر لە 10 هەزار كارمەندی هەیە.

تەواوی دامەزراوە میدیاییەكانی نێچیرڤان بارزانی لەلایەن كارگروپەوە تەمویل دەكرێن لەنێوشیاندا دەزگای میدیایی رووداو. بۆیە هەر لێدانێك لەسەرچاوە ئابورییەكانی نێچیرڤان بارزانی واتە لێدان‌و كۆتایی هێنان بەدەزگا ئیعلامییەكانی نێچیرڤان بارزانی.

لێرەدا بەرنامەو پلانێكی مەسرور بارزانی ئاشكرا دەبێت‌و ئێستا بەروونی دەردەكەوێت بۆچی مەسرور بارزانی ڤیتۆی لەبەرامبەر ئاشتی هەورامی هەبوو؟
لەوەدا بۆمان دەردەكەوێت هەموو هەوڵەكانی مەسرور بارزانی تەنیا بریتی نەبوو بە رۆڵی كاراكتەرێك لەبەرگی وەزیردا، بەڵكو ئامانجەكە كۆنترۆڵكردنی سەرچاوە داراییەكانی نێچیرڤان بارزانی بوو. هەر لەبەر ئەمەش بوو مەسرور بارزانی لەرێگەی دەزگاكەیەوە دەزگای پاراستن سڵی لەهیچ هەنگاوێك نەدەكردەوە. بۆیە هەر لەسەرەتای راگەیاندنی ناوی مەسرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم، تیمی مەسرور بارزانی بەهەموو شێوەیەك كەوتنە دژایەتی ئاشتی هەورامی بەئامانجی ئەوەی لەو كابینەیەدا ناكرێتەوە بەوەزیری نەوت. سەرەتا باڵی مەسرور بارزانی لەسۆشیال میدیادا ڤیدیۆیەیەكی ئابڕووبەری نێوان چراخان رەفیق‌و ئاشتی هەورامی بڵاوكردەوە بەئامانجی ئەوەی لەرووی كۆمەڵایەتییەوە ئابڕووی ئاشتی هەورامی ببەن‌و بوونی ئەو ماكە كۆمەڵایەتییە ببێتە بیانویەك بۆ كۆتایی هێنان بەرۆڵی ئاشتی هەورامی لەدۆسیەی نەوت.

بەفشاری مەسرور بارزانی دوو كۆمپانیا بەرهەمەكانی كارگروپ ساغ دەكەنەوە ئەوانیش (سێرڤز ئۆیل)‌و (ستێر گروپ)ن. كە گروپی ستێر خاوەندارێتییەكەی بۆ مەسرور بارزانی دەگەڕێتەوە

دەزگای پاراستن تەنیا بەبڵاوكردنەوەی ئەو پارچە ڤیدیۆیە نەوەستان لەسەر ئاشتی هەورامی، بەڵكو چراخان رەفیقی هاوسەری پێشوی ئاشتی هەورامییان هاندا لەدادگاكانی وڵاتی بەریتانیا سكاڵای یاسایی لەسەر ئاشتی هەورامی تۆمار بكات. بۆ ئەوەی جارێكی دیكە لەو رێگەیەوە كۆتایی یەكجاری بەرۆڵی بهێنن.
ئەوەی لەدیمەنە گشتییەكەدا دیارە ئەوەیە كە هێواش هێواش مەسرور بارزانی كۆتایی بەرۆڵی نێچیرڤان بارزانی دەهێنێت لەبواری نەوت‌و گازدا. لەرێگەی نەوت‌و گازیشەوە مەسرور بارزانی دەتوانێت بەئاسانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی خۆی بەهێز بكات. چیتر نەوترێت تەنیا نێچیرڤان بارزانی خاوەنی تۆرێكی بەهێزی پەیوەندییە لەسەر ئاستی جیهان. بەڵكو مەسرور بارزانی دەیەوێت لەرێگەی مەلەفی نەوت‌و گازەوە ئەو شانازییەش بۆ خۆی بەرێت‌و خۆی بگەیەنێتە ئاستی سیاسییەكی ناسراو.

لێرەدا پرسیارێك دێتە پێشەوە ئایا نێچیرڤان بارزانی هێندە لاواز بووە بەبێ دەسەڵاتی بەرامبەر بێهێزكردنی خۆی رۆڵی تەنیا رۆڵێكی سەیركەر بێت؟ یا ئەویش بەرنامەو پلانی خۆی هەیەو لەهەر ئەگەرێكدا دەتوانێت پارێزگاری لەپێگەی خۆی‌و هاوكارەكانی بكات؟

هەموو ئەوانە لەداهاتوو بەئاسانی وەڵامەكەیمان دەست دەكەوێت، بەڵام بەپێی سەرچاوە نزیكەكانی نێچیرڤان بارزانی بێت، نێچیرڤان بارزانی هێندە قوڵ رەگی خۆی داكوتاوە لەدۆسیەی نەوت هیچ كەسێك ناتوانێت كۆتایی بەرۆڵی ئەو بهێنێت.